جیهان
فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکی بەرەو بۆردوومانی حووسییەکانی یەمەن هەڵدەفڕێت، رۆژی 12-1-2024. وێنە: US Central Command
رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێت، بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێرشکراوەتە سەر حووسییەکان و لە چوارچێوەی "بەرگری لەخۆکردندا بووە".
رۆژی هەینی، 12-1-2024، نووسینگەی ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "هێرشەکانی یەمەن یاسایی بوون و بەگوێرەی مادەی 51 لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بوون".
لە وەڵامی هێرشە بەردەوامەکانی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور، بەرەبەیانی رۆژی هەینی 12-1-2024 بەریتانیا و ئەمریکا بە هاوپەیمانێتیی ئوسترالیا، بەحرێن، کەنەدا و هۆڵەندا بە فڕۆکە و مووشەک هێرشیانکردە سەر چەند بنکەیەکی حووسییەکان لە سنووری چوار شاری یەمەن.
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سووناکدا هاتووە، "هێرشە سەربازییەکان یاسایی بوون. ئامانج لەو هێرشانە ئەوە بوو کە توانای حووسییەکان کەم بکرێتەوە. ئەوە تاکە رێگە بوو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هێرشە بەردەوامەکانی حووسییەکان".
بڵاوکراوەکە دەڵێت، "بەریتانیا بەگوێرەی یاسای نیودەوڵەتی رێگەپێدراوە بۆ ئەوەی هێزی خۆی لەو کاتانەدا بە مەبەستی بەرگری لەخۆکردن بەکاربهێنێت. مادەی 51 لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان رێگە بەو جۆرە هێز جووڵاندنە دەدات".
مادەی 51 لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "هیچ شتێک لەم پەیماننامەیەی ئێستادا نابێتە هۆی رێگریکردن لە مافی بەرگری لەخۆکردنی تاکەکەسی یان بەکۆمەڵ، ئەگەر هێرشێکی چەکداری دژی ئەندامێکی نەتەوە یەکگرتووەکان رووبدات، تا ئەو کاتەی ئەنجومەنی ئاسایش رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەگرێتەبەر".
حووسییەکان بەڵێنیاندا وەڵامیان هەبێت و تۆڵە بکەنەوە.
رووسیا، تورکیا، چین و ئێران دژی ئەو هێرشە بوون و سەرکۆنەیان کرد. هەرچی ئیمارات، کوێت و ئوردنن نیگەرانیی خۆیان دەربڕی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ