رووداو دیجیتاڵ
گوۆ جیا کون، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین بە رووداوی راگەیاند، "غەززە غەززەی فەلەستینییەکانە و بەشێکی دانەبڕاوە لە خاکی فەلەستین؛ چین بە تووندی پشتیوانی لە مافە رەوا و نیشتمانییەکانی گەلی فەلەستین دەکات و دژی گواستنەوەی زۆرەملێی گەلی غەززەین".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین دەشڵێت، "پێمان وایە کە حکومڕانیی فەلەستین لەلایەن فەلەستینیەکانەوە بنەمایەکی گرنگە کە دەبێت لە حکومڕانی دوای جەنگی غەززەدا پابەند بکرێت".
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار رایگەیاندووە، کە دەیەوێت خەڵکی غەززە "بە مەبەستی بنیاتنانەوە" کەرتەکە چۆڵ بکەن. ئەو پێشنیازی کردووە، خەڵکی غەززە بچنە میسر و ئوردن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ئەوەشی گوت کە، "لەژێر هەلومەرجی ئێستادا پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت زلهێزەکان رۆڵێکی بنیاتنەر بگێڕن لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ئاگربەستی غەززە و بەرەوپێشبردنی یارمەتییە مرۆییەکان و ئاوەدانکردنەوە".
لە کەرتی غەززە سەروو دوو ملیۆن کەس دەژین. سەرەتا بەرپرسانی هەریەک لە ئوردن و میسر پێشنیازەکەی ترەمپیان رەتکردەوە، بەڵام پێشنیازەکەی ترەمپ لەلایەن ئیسرائیلەوە پێشوازی لێکرا.
لەبارەی ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بریاریداوە لە مانگی داهاتووەوە باجی 25% بەسەر کەلوپەلی هەناردەکراو بۆ ئەمریکا بەسەر وڵاتاندا بسەپێنێت، گوتەبێژەکە گوتی، "شەڕی بازرگانی و شەڕی گومرگی هیچ براوەیەکی نییە. ئەمە بووەتە کۆدەنگییەکی گشتگیر لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا. ئەو کارانەی ئەمریکا بەشێوەیەکی جیدی رێساکانی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی پێشێل دەکەن و زیانی جیدی بە سیستمی بازرگانیی فرەلایەنە لەسەر بنەمای رێساکان دەگەیێنێت، کە ئەمەش لەبار نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خۆی".
دۆناڵد ترەمپ بە بڕیارێکی جێبەجێکاری، پێناسی گومرگیی بەڕێژەی 25٪ بەسەر هەموو بەرهەمی ئەلەمینیۆم و ئاسن دا سەپاند کە هاوردە دەکرێن، بەبێ هیچ جیاوازییەک.
سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی واژۆکردنی بڕیارەکەیدا رایگەیاند، بەرهەمی ئاسن و ئەلەمینیۆمی هیچ وڵاتێک لە پێناسە گومرگییە نوێیەکان نابەخشێت و، ئامانجی ئەوەیە؛ کۆمپانیاکان لە نێوخۆی ئەمریکا دا ئەو بەرهەمانە دروستبکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ