رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پێنتاگۆن بە رووداوی راگەیاند، واشنتن بەغدا بە هاوبەشێکی بە بەها دادەنێت و بە وردییەوە لە هاوکارییە داراییەکان بۆ عێراق دەڕوانێت.
رۆژی سێشەممە، 12ـی ئاداری 2024، پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا – پێنتاگۆن لەبارەی کارەکانی لیژنەی باڵای سەربازی هاوبەشی نێوان عێراق و ئەمریکا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن گوت، "لیژنەی باڵای سەربازی نێوان عێراق و ئەمریکا بەردەوامە لە کارەکانی".
رۆژی 29ـی شوباتی ئەم ساڵ، لیوا یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، کۆنووسی هەر سێ لیژنەی لاوەکیی سەربازی بەرزکرانەوە بۆ تەواوکردنی پلانی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
رۆژی 27-01-2024، بە سەرپەرشتیی سوودانی، کاری لیژنەی باڵای سەربازیی هاوبەشی نێوان عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە بەغدا دەستیپێکرد، بۆ پێداچوونەوە بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بەرەنگاربوونەوەی داعش.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، پسپۆڕانی سەربازی بەرپرسن لە تەواوکردنی ئەرکی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، ئەمەش پاش 10 ساڵ لە دەستپێکردنی ئەم ئەرکە و بەدیهێنانی سەرکەوتنی گەورە بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراقدا.
سەبارەت بە زیادکردنی هاوکارییە داراییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، گوتەبێژی پێنتاگۆن گوتی، "لە راستیدا من ئێستا رەشنووسی بوودجەم لەژێر دەست نییە، لەبەرئەوە من نامەوێت باس لە وردەکارییەکانی نێو رەشنووسی بوودجە بکەم، تەنیا دەمەوێت بڵێم کە ئێمە عێراق وەکو هاوبەشێکی بە بەها دادەنێین، ئێمە بۆ ماوەیەکی دووروودرێژە هاوبەشی یەکدین. کاتێک کە دێتە سەر باسی یارمەتییە ئەمنییەکان بۆ عێراق، وەک دەزانن کە ئەوانە ئەو شتانەن کە ئێمە بەوردییەوە لێی دەڕوانین".
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رۆژی دووشەممە، پڕۆژەبودجەی پێشنیازکراوی ساڵی 2025ی بڵاوکردەوە و لە چوارچێوەی بودجەی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەشدا داوای 528 ملیۆن و 699 هەزار دۆلار هاوکاری بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزە عێراقییەکان کردووە.
بەپێی پڕۆژە بودجەکە، لەو بڕە پارەیەی کە داواکراوە، بڕی 380 ملیۆن و 758 هەزار دۆلاری بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان دەبن.
بەپێی پڕۆژەبودجەکە بێت، ئەمریکا بۆ ساڵی 2025 داوای هاوکاری زیاتری بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان کردووە.
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ گوتەبێژی پێنتاگۆن:
رووداو: زۆر سوپاس، جەنەرال، ئایە ئێوە هیچ شتێکی نوێتان لەسەر کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای سەربازی نێوان عێراق و ئەمریکا لەگەڵ حکومەتی عێراقدا هەیە؟ ئایا ئێوە هیچ لێکتێگەیشتنێکتان لەگەڵ عێراق سەبارەت بە داهاتووی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق هەیە؟
پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن: لە راستیدا ئێستا من هیچ شتێکی گرنگم نییە باسی بکەم، هەروەک تۆ ئاماژەت پێدا لیژنەی باڵای هەماهەنگی سەربازی بەردەوامە لە کارەکانی. هەروەها بەدڵنیاییەوە کاتێکیش کە زانیاریمان هەبێت لەسەر ئەو بابەتە، زانیارییەکانتان پێدەدەین.
رووداو: سەبارەت بە بودجەی ساڵانە کە دوێنی بڵاوتان کردەوە، ئەو هاوکارییە داراییەی کە بۆ حکومەتی عێراق و پێشمەرگەی کوردستان دیاریکراوە، زیادکراوە. ئایا ئەوە مانای ئەوەیە کە ئێوە بۆ تەواوی ساڵی 2025 لە عێراق دەمێننەوە، سەرەڕای ئەنجامەکانی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هەماهەنگی سەربازی؟ ئایا ئێوە بۆچی ئەو هاوکارییە داراییەتان زیاد کردووە؟
پات رایدەر: بەڵێ، هەروەک باسم کرد، من پێش لیژنەی باڵای سەربازی نێوان عێراق و ئەمریکا ناکەوم، کاتێک کە زانیاری نوێمان هەبێت، بەدڵنیاییەوە باسی دەکەین. ئەوەی پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە، لە راستیدا من ئێستا رەشنووسی بودجەم لەژێر دەست نییە، لەبەرئەوە من نامەوێت باس لە وردەکارییەکانی نێو رەشنووسی بودجە بکەم، تەنیا دەمەوێت بڵێم کە ئێمە عێراق وەکو هاوبەشێکی بە بەها دادەنێین، ئێمە بۆ ماوەیەکی دووروودرێژە هاوبەشی یەکدین. کاتێک کە دێتە سەر باسی یارمەتییە ئەمنییەکان بۆ عێراق، وەک دەزانن کە ئەوانە ئەو شتانەن کە ئێمە بەوردییەوە لێی دەڕوانین. جگە لەوانە من هیچ شتێکی دیکەم نییە باسی بکەم.
رووداو: ئایا پلانی ئەوەتان هەیە کە بۆ ساڵی 2025 لە عێراق بمێننەوە؟
پات رایدەر: هەروەک باسم کرد، من پێش گفتوگۆکانی لیژنەی باڵای سەربازی نێوان عێراق و ئەمریکا ناکەوم. من هیچ شتێکم نییە ئێستا باسی بکەم، تۆ دەتەوێت کە من پێشبینی داهاتوو بکەم. ئێمە پەیوەندییەکی دوولایەنەی دووروودرێژی ئەمنیمان لەگەڵ عێراقدا هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ