رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەروەردەی ئەمریکا رایگەیاند، 50%ی کارمەندانی وەزارەتەکەی لە کار لادەبرێن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە گوشارەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ بچووککردنەوەی حکومەت بەردەوامن.
لیندا مەکماهۆن، وەزیری پەروەردەی ئەمریکا رایگەیاند، "وەکو بەشێک لە ئەرکی وەزارەتی پەروەردە، ئەمڕۆ وەزارەت دەستی بە کەمکردنەوەی 50%ی کارمەندەکانی کرد."
دەشڵێت، کەمکردنەوەی ژمارەی کارمەندان هەموو بەشەکان دەگرێتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، "هەندێک لە بەشەکان پێویستیان بە رێکخستنەوەیە بۆئەوەی بتوانن باشتر خزمەتی قوتابیان، دایک و باوکیان، فێرکارەکان و باجدەران بکەن."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی داوە وەزارەتی پەروەردەی وڵاتەکەی هەڵبوەشێنێتەوە و دەسەڵاتی وەزارەتەکەش بداتە ویلایەتەکان، ئەمەش وەکو رێکارێک بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت. چەند جارێک ئیلۆن مەسک، بەرپرسی فەرمانگەی کارامەیی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەگەر خەرجییەکان کەم نەکەنەوە، حکومەتەکەیان مایەپووچ دەبێت.
وەزارەتی پەروەردەی ئەمریکا ساڵی 1979 بە بڕیاری جیمی کارتەر، سەرۆکی پێشووتری وڵاتەکە دامەزرا. هەڵوەشاندنەوەشی پێویستی بە 60 دەنگی ئەنجوومەنی پیرانە. ئەنجوومەنەکە 100 کورسیی هەیە، 53یان کۆمارین، 45یان دیموکرات و دووش سەربەخۆن.
سەرکردە کۆمارییەکان ترسێکی زۆریان لە تێپەڕاندنی بڕیارێکی لەو شێوەیە هەبوو، چونکە دەنگۆکان ببوونە هۆی تووڕەکردنی دیموکراتەکان، سەندیکاکانی مامۆستایان و بەشێکی زۆری دایک و باوکی قوتابییەکان، بڕیارەکە وەکو هێرشێک بۆسەر سیستمی پەروەردەی گشتی دەبیندرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ