رووداو دیجیتاڵ
ئەنتۆنیۆ تاجیانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا دەڵێت: "هێرشکراوەتە سەر بنکەیەکی ئیتاڵیا لە هەولێر، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.''
تاجیانی رۆژی پێنجشەممە لە تۆڕی X نووسیویەتی: "بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەم کرایە سەر بنکەیەکی ئیتاڵیا لە هەولێر، قسەم لەگەڵ باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق کرد، خۆشحاڵین هەموو سەربازانمان باش و سەلامەتن لەو شوێنەدا."
ئیتاڵیا ئەرکەکانی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی جێبەجێدەکات، وڵاتەکە لە ئەیلوولی 2014ـەوە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە و لە کۆمەڵێک رووەوە یارمەتیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەی داوە، ئەو وڵاتە پێکەوە لەگەڵ ئەمریکا و سعودیە سەرکردایەتیی گرووپێک دەکەن لەنێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش کە ئامانجەکەی وشکردنی سەرچاوەکانی داهاتی داعش و لەنێوبردنی تۆڕە داراییەکانییەتی.
بە گوێرەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، ئیتاڵیا 900 سەرباز و راوێژکاری لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەیە و بە 84 ئۆتۆمبێل و بارهەڵگری سەربازی و 11 فڕۆکەی سەربازی و جەنگی، بەشداری لە راپەڕاندنی ئەرکەکانی هاوپەیمانییەکە دەکەن.
بەپێی زانیاری سەرچاوەیەکی ئەمنی، هەموو ئەو درۆنانەی شەوی چوارشەممە ئاراستەی هەولێر کران، تێکشکێنراون و خرانە خوارەوە.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ