رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە سێ دەیە لە رووداوە خوێناوییەکەی هێرشکردنە سەر نێوەندێکی جووەکان لە شاری بۆینس ئاریس، دادگەیەکی ئەرجەنتین ئێرانی بە هێرشەکە تۆمەتبار کرد و بە "دەوڵەتی تیرۆر" ناوی دەبات.
رۆژی پێنجشەممە، 11ـی نیسانی 2024، کارلۆس مەهیکۆس، دادوەری دادگەی فیدراڵیی ئەرجەنتین بە میدیای وڵاتەکەی گوت، کە دادگە ئەوەی بۆ دەرکەوتووە هێرشەکەی سەر نێوەندی جووەکان و باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ئەرجەنتین بە فەرمانی ئێران کراوە.
دادگەکە هێرشەکەی بە "تاوان دژی مرۆڤایەتی" ناوبرد و رایگەیاند، حیزبوڵڵای لوبنانی لە هێرشەکەدا تێوەگلاوە.
ئەو دادوەرەی دادگەی فیدراڵیی ئەرجەنتین دەڵێت، "حیزبوڵڵا ئۆپەراسیۆنێکی بەناوی حکومەتێکەوە جێبەجێ کرد لە وەڵامی پلانێکی سیاسی، ئایدۆلۆژی و شۆڕشگێرانەدا."
لە ساڵی 1992 بۆمبێکی چێندراو لەنێو باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە بۆینس ئایرس تەقییەوە و بەوهۆیەوە 29 کەس کوژران، دوو ساڵی دواتر و لە ساڵی 1994 بارهەڵگرێکی بۆمبڕێژکراو خۆی کرد بەنێو نێوەندێکی جووەکان لە بۆینس ئایرس و بووە هۆی کوژرانی 85 کەس و 300 کەسیشی بریندار کرد.
تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیاریێتی خۆی لە رووداوەکان رانەگەیاندووە و هیچ کەسێکیش دەستگیر نەکراوە، بەڵام ئەرجەنتین و ئیسرائیل چەندینجار رایانگەیاندووە، کە حیزبوڵڵای لوبنانی لەسەر داوای ئێران هێرشەکەی کردووە.
بەرپرسانی ئەرجەنتین عەلی ئەکبەر هاشمی، سەرۆکی ئەوکاتەی ئێران و چەندین بەرپرسی دیکەی ئێرانی بە رووداوەکە تۆمەتبار دەکەن، بەڵام ئێران بەردەوام ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە.
لە ئەمریکای لاتیئن زۆرترین جوو لە ئەرجەنتین دەژین و ژمارەیان بە 300 هەزار کەس دەخەمڵێندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ