رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی فەرەنسا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات سەردانی ئێران، لوبنان، ئیسرائیل و فەلەستین نەکەن.
رۆژی هەینی، 12ـی نیسانی 2024، ستێفا سیژۆرنێ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە راگەیێندراوێکدا داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کرد "لە رۆژانی داهاتوودا دووربکەونەوە لە سەردانیکردنی ئەو ناوچانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست".
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئاماژەی بەوەش کرد، داوایان لە کەسوکاری دیپلۆماتە فەرەنسییەکان لە تاران کردووە بگەڕێنەوە فەرەنسا.
دوێنی پێنجشەممەش وەزارەتی دەرەوەی رووسیا داوای لە هاووڵاتییانی کرد سەردانی لوبنان، ئیسرائیل و فەلەستین نەکەن.
هەر دوێنێ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە قودس/ئورشەلیم داوای لە کارمەندەکانی و ئەندامانی خێزانەکانیان کرد، سەردانی دەرەوەی شارەکانی ئیسرائیل نەکەن.
رۆژی 10ـی ئەم مانگەش کۆمپانیای فڕۆکەوانیی لوفتهانزای ئەڵمانی رایگەیاند، سەرجەم گەشتەکانی بۆ تاران وەستاندووە؛ هۆکارەکەشی بۆ خراپی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەڕاندەوە.
رۆژی 1ـی نیسانی هێرش کرایە سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق و بەو هۆیەوە حەوت ئەفسەر و راوێژکاری سەربازیی سوپای پاسدارانی ئێران کوژران.
هەرچەندە ئیسرائیل بەرپرسیارییەتی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە، بەڵام بەرپرسانی ئێران پەنجەی تۆمەت ئاراستەی ئیسرائیل دەکەن و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان کردووە.
ئیسرائیلیش دەڵێت، وەڵامی بۆ هەر هێرشێکی ئێران دەبێت.
رۆژی پێنجشەممە، 11ـی نیسانی 2024، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، "هەرکەسێک زیانمان پێ بگەیێنێت، زیانی پێدەگەیێنین. ئامادەین هەموو پێداویستییە ئەمنییەکانی دەوڵەت لەڕووی ئەمنی و بەرگرییەوە دابین بکەین".
یوئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش رایگەیاند، "هەر هێرشێکی راستەوخۆی ئێران بۆ ناوچەکانی ئیسرائیل، وەڵامی ئیسرائیلی دژ بە ئێران بەدوادا دێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ