دوای 16 ساڵ، ڤیکتۆ ئۆربان کورسیی سەرۆکوەزیرانی هەنگاریای لەدەستدا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی دێرینی هەنگاریا ئەمشەو بە فەرمی شکستی خۆی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی وڵاتەکەیدا راگەیاند، ئەمەش کۆتایی بە فەرمانڕەوایی 16 ساڵەی ئەو سەرکردە نەتەوەییە هێنا کە بە نزیکترین هاوپەیمانی دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پووتین لە ناو یەکێتیی ئەورووپادا دەناسرا.
 
رۆژی یەکشەممە 12-04-2026 ڤیکتۆر ئۆربان لە بارەگای پارتی فیدێس لە بوداپێست، لە گوتارێکدا رووی کردە لایەنگرانی و گوتی: "ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، هەرچەندە هێشتا تەواو نەبووە، بەڵام روونە. بەرپرسیارێتی و دەرفەتی دەسەڵاتداری بە ئێمە نەدراوە." 
 
ئۆربان گوتیشی، پیرۆزبایی لە پارتی براوە کردووە و ئەم شکستەی بە "ئازاربەخش" وەسف کرد، بەڵام جەختی کردەوە، "هەرگیز کۆڵ نادەین."
 
پیتەر ماگیار، سەرۆکی پارتی (تیسا) و هاوپەیمانی پێشووی ئۆربان کە ئێستا بووەتە نەیاری سەرسەختی، توانی سەرکەوتنێکی مێژوویی تۆمار بکات. بەپێی ئەنجامە بەراییەکان دوای جیاکردنەوەی زیاتر لە 53٪ـی دەنگەکان، پارتی تیسا 52.4٪ـی دەنگەکان و پارتی فیدێسی ئۆربان 38.8٪ـی بەدەستهێناوە.
 
پێشبینی دەکرێت پارتی تیسا 135 کورسی لە کۆی 199 کورسیی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، کە ئەمەش زۆرینەی دوو لەسێیە و رێگەیان پێ دەدات حوکمی وڵاتەکە بگرنە دەست.
 
بەرپرسانی هەڵبژاردن رایانگەیاند، ئەم هەڵبژاردنە بەرزترین رێژەی بەشداریی لە مێژووی دوای کۆمۆنیزمی هەنگاریا تۆمار کردووە، کە گەیشتە نزیكەی 78٪ـی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەبوو. 
 
شکستی ئۆربان تەنیا رووداوێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو کاریگەریی گەورەی لە سەر هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان دەبێت.
 
یەکێتیی ئەورووپا: ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا پێشوازی لە ئەنجامەکان کرد و گوتی: "ئەمرۆ لێدانی دڵی ئەورووپا لە هەنگاریا بەهێزترە."
 
فەرەنسا: ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پیرۆزبایی لە ماگیار کرد بۆ بردنەوە لە ئۆربان.
 
ئۆکرانیا: رەنگە ئەم گۆڕانکارییە رێگە بۆ ناردنی هاوکارییە داراییە بلۆککراوەکانی ئەورووپا (90 ملیار یۆرۆ) بۆ کیێڤ خۆش بکات.
 
رووسیا: پووتین گەورەترین هاوپەیمانی خۆی لە ناو یەکێتیی ئەورووپادا لەدەستدا.
 
ئەمریکا: ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کە ئۆربانی وەک "مۆدێلێک بۆ ئەورووپا" دەبینی، یەکێک لە دۆستە هەرە نزیکەکانی لەدەستدا.
 
ماگیاری تەمەن 45 ساڵ، پێشتر ئەندامی پارتی دەسەڵاتدار و هاوژینی وەزیری پێشووی دادی هەنگاریا بووە. دوو ساڵ لەمەوبەر دوای ئاشکرابوونی دۆسیەیەکی گەورەی گەندەڵی، لە ئۆربان جیا بووەوە و رایگەیاند، دەبێت کۆتایی بە گەندەڵی و کۆنتڕۆڵکردنی میدیا و دادگەکان بهێندرێت.
 
بە رۆیشتنی ڤیکتۆر ئۆربان، هەنگاریا قۆناخێکی نوێ دەستپێدەکات کە تێیدا متمانە بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ برۆکسڵ دەگەڕێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت بڕیارە ئابوورییە تایبەت بە سزاکان و پەککەوتنی بودجەی وڵاتەکە لە لایەن ئەورووپاوە کۆتاییان بێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AFP

ترەمپ هەڕەشە لە ئێران دەکات: سوپا ئامادەیە و ئەوەی ماوە لەنێودەبردرێ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای شکستی گفتوگۆکانی ئیسلامئاباد، فەرمانی بە هێزی دەریایی وڵاتەکەی کرد، گەمارۆیەکی تەواوەتی بخاتە سەر تەنگەی هورمز. ترەمپ تاران بە "سەرانەسەندنی جیهانی" تۆمەتبار دەکات و دەڵێ، چیدیکە رێگە بە هیچ کەشتییەک نادەن باج بە ئێران بدات.