پووتین دەیەوێت ببێتە نێوەندگیرى نوێ لەنێوان واشنتن و تاران

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئوسامە محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دوای شکستی دانوستاندنە 21 کاژێرییەکانی ئیسلامئاباد، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ نێوەندگیری لەنێوان ئەمریکا و ئێران نیشاندا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.
 
کۆشکی کرێملین رۆژی یەکشەممە، 12ی نیسانی 2026 رایگەیاند کە ڤلادیمیر پووتین پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ئەنجامداوە. 
 
لە راگەیێندراوەکەی کرێملین دا هاتووە: "پووتین جەختی لە ئامادەیی رووسیا کردووەتەوە بۆ ئاسانکاری لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ ململانێکان و نێوەندگیری بۆ جێگیرکردنی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
 
لە هەمان کاتدا، بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی، پزیشکیان لەو پەیوەندییەدا بە پووتینی گوتووە کە "دووفاقی" و "سیاسەتی تاکڕەوانەی" ئەمریکا رێگری سەرەکین لەبەردەم گەیشتن بە رێککەوتن. 
 
سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەر واشنتن پابەندی چوارچێوە یاساییە نێودەوڵەتییەکان بێت، گەیشتن بە رێککەوتن دوور نییە. 
 
پووتین پشتگیریی خۆی بۆ داواکارییەکانی ئێران دەربڕی، بەتایبەتی لە پرسی قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی لە ئەنجامی هێرشە سەربازییەکان بەر ئێران کەوتوون، هەروەها وەرگرتنی گەرەنتیی ئەمنیی درێژخایەن بۆ ئەوەی هێرشەکان دووبارە نەبنەوە.
 
ئەم دەستپێشخەرییەی مۆسکۆ لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەخت دەکەنەوە کە سووربوونی تاران لەسەر پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، کۆسپی سەرەکیی بەردەم ئاشتییە. 
 
ترەمپ رۆژی یەکشەممە 12ى نیسان لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی، هەرچەندە لە دانوستاندنەکانی رۆژی شەممەدا لەسەر زۆربەی خاڵەکان رێککەوتوون، بەڵام ئەگەر ئێران رێگەی پێبدرێت ببێتە خاوەنی وزەی ئەتۆمی، ئەوا ئەو رێککەوتنانە "هیچ بایەخێکیان نییە".
 
هەروەها هەڕەشەی تووندی لە ئێران کرد و گوتی: "ئێمە ئێستا لە ئامادەیی تەواوداین و سوپاکەمان کۆتایی بەو تۆزەش دەهێنێت کە لە ئێران ماوە." 
 
ترەمپ هەروەها رایگەیاند، هێزی دەریایی ئەمریکا یەکسەر دەست دەکات بە گەمارۆدانی هەموو ئەو کەشتییانەی دەیانەوێ بچنە ناو تەنگەی هورمز یان لێی بێنە دەرەوە. جەختیشی کردەوە، رێگە نادەن ئێران سەرانە لەو کەشتییانە وەربگرێت کە بە تەنگەکەدا تێدەپەرن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AFP

ترەمپ هەڕەشە لە ئێران دەکات: سوپا ئامادەیە و ئەوەی ماوە لەنێودەبردرێ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای شکستی گفتوگۆکانی ئیسلامئاباد، فەرمانی بە هێزی دەریایی وڵاتەکەی کرد، گەمارۆیەکی تەواوەتی بخاتە سەر تەنگەی هورمز. ترەمپ تاران بە "سەرانەسەندنی جیهانی" تۆمەتبار دەکات و دەڵێ، چیدیکە رێگە بە هیچ کەشتییەک نادەن باج بە ئێران بدات.