عاسم مونیر چۆن بووە کارەکتەری سەرەکیی دیپلۆماسیی ئەمریکا و ئێران؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کاتێک جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ دانوستاندنە هەستیارەکان لە فڕۆکەکەی لە ئیسلامئاباد دابەزی، یەکەم کەس کە پێشوازی لێکرد عاسم مونیر، فەرماندەی گشتیی سوپای پاکستان بوو. مونیر کە بە جلی سڤیلەوە دەرکەوت، وێنەیەکی روونی ئەو رۆڵە نوێیەی نیشاندا کە سوپای پاکستان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دەیگێڕێت.
 
قەمەر چیما، شرۆڤەکاری سیاسی لە ئیسلامئاباد رایگەیاند: "مونیر تەنیا سەرباز نییە، بەڵکو پیاوی دەوڵەت و دیپلۆماتە. ئەو توانیویەتی وێنەیەکی جیهانی بۆ پاکستان دروست بکات و سیمای وڵاتەکەی بگۆڕێت." بردنی ئەمریکا و ئێران بۆ سەر یەک مێزی گفتوگۆی رووبەڕوو دوای چەندین دەیە لە دووژمنایەتی، دەستکەوتێکی گەورەیە کە جیهانی تووشی سەرسوڕمان کردووە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا زۆرجار بە "سوپاسالارە دڵخوازەکەم" ناوی عاسم مونیر دەهێنێت. ئەم پەیوەندییە گەرمە لە کاتی نێوەندگیریی ئەمریکا لە جەنگە کورتخایەنەکەی ساڵی 2025ـی نێوان پاکستان و هیندستان دروست بوو. دوای ئەو رووداوە، شەهباز شەریف ترەمپی بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەربژێر کرد. ترەمپ پێیوایە مونیر و تیمەکەی "ئێران زۆر باش دەناسن، باشتر لە هەر کەسێکی دیکە."
 
سەرهەڵدانی مونیر لە سەر ئاستی جیهانی، هاوکاتە لەگەڵ بەهێزبوونی بێوێنەی سوپا لە ناوخۆی پاکستان. مونیر پارێزبەندییەکی یاسایی دەگمەنی پێدراوە و ماوەی کارکردنیشی بۆ درێژکراوەتەوە.
 
شوجاع نەواز، لێکۆڵەر لە ئەنجوومەنی ئەتڵەسی دەڵێ: "ئێستا سوپا کۆنتڕۆڵی بە سەر ئابووری و سیستمی دادوەریی وڵاتدا هەیە." ئەمە لە کاتێکدایە کە ئۆپۆزسیۆن و لایەنگرانی عیمران خان، سەرۆکوەزیرانی زیندانیکراو، نیگەرانن لەوەی دیموکراسی لە پاکستان بەرەو نەمان بچێت.
 
مونیر کە پێشتر بەڕێوەبەری دەزگەی هەواڵگری بووە، لە ساڵی 2022ـەوە بووەتە فەرماندەی سوپا. ئەو توانیویەتی پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ تاران، ریاز و واشنتن دروست بکات. کاتێک لە مانگی حوزەیرانی رابردوو لەگەڵ شەهباز شەریف سەردانی واشنتنیان کرد، ترەمپ لە کاتی نانی نیوەڕۆدا راوێژی لە سەر دۆسیەی ئێران و ئیسرائیل پێ کردووە.
 
هەرچەندە دانوستانەکانی ئەم هەفتەیە بە بێ رێککەوتن کۆتاییان هات و جەی دی ڤانس پاکستانی جێهێشت، بەڵام هەوڵەکانی مونیر بەردەوامن. شەهباز شەریف لە گوتارێکی تەلەفزیۆنیدا گوتی: "مونیر رۆڵێکی مێژوویی گێڕا لە کوژاندنەوەی بڵێسەی جەنگ."
 
لەکاتی بەڕێکردنی شاندەکان لە فڕۆکەخانە، هەردوو لایەنی ئەمریکی و ئێرانی سوپاسی تایبەتی عاسم مونیریان کرد. ئێستا مونیر نەک هەر وەک فەرماندەی سوپایەک، بەڵکو وەک یەکێک لە کاریگەرترین "ئەندازیارانی ئاشتی" لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باشووری ئاسیا تەماشا دەکرێت.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AFP

ترەمپ هەڕەشە لە ئێران دەکات: سوپا ئامادەیە و ئەوەی ماوە لەنێودەبردرێ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای شکستی گفتوگۆکانی ئیسلامئاباد، فەرمانی بە هێزی دەریایی وڵاتەکەی کرد، گەمارۆیەکی تەواوەتی بخاتە سەر تەنگەی هورمز. ترەمپ تاران بە "سەرانەسەندنی جیهانی" تۆمەتبار دەکات و دەڵێ، چیدیکە رێگە بە هیچ کەشتییەک نادەن باج بە ئێران بدات.