سەرۆکی کووبا: هیچ پاساوێک بۆ هێرشى سەربازیى ئەمریکا دژى وڵاتەکەمان نییە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئوسامە محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی کووبا رایگەیاند، ئەمریکا هیچ پاساوێکی یاسایی نییە بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی دژی وڵاتەکەی یان هەوڵدان بۆ رووخاندنی حکومەتەکەی. جەختیشی کردەوە کە گەلی کووبا تاوەکو مردن بەرگری لە خاکەکەیان دەکەن.
 
رۆژی یەکشەممە، 12ی نیسانی 2026 میگێل دیاز-کانێل لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی "ئێن بی سی نیوز"ی ئەمریکی رایگەیاند، هەر جۆرە دەستدرێژییەکی سەربازیی واشنتن تێچوویەکی زۆری دەبێت و ئاسایشی تەواوی ناوچەکە تێکدەدات. 
 
دیاز-کانێل گوتی: "ئەگەر کاتی ئەوە بێت، پێموانییە هیچ پاساوێک هەبێت بۆ ئەوەی ئەمریکا هێرش بکاتە سەر کووبا، یان ئۆپەراسیۆنێکی ورد ئەنجام بدات بۆ رفاندنی سەرۆک."
 
سەرۆکی کووبا بە زمانێکی تووند وەڵامی هەڕەشەکانی واشنتنی دایەوە و گوتی: "ئەگەر ئەوە رووبدات، شەڕ دەبێت و بەرگری لە خۆمان دەکەین؛ ئەگەر پێویست بکات بمرین، دەمرین، چونکە وەک لە سروودی نیشتمانیماندا هاتووە: مردن لە پێناو نیشتمان، ژیانە." 
 
دیاز-کانێل ئیدارەی ترەمپی بە پەیڕەوکردنی "سیاسەتی دوژمنکارانە" تۆمەتبار کرد و گوتی ئەمریکا لە پێگەیەکدا نییە مەرج بەسەر کووبادا بسەپێنێت.
 
ئەم گرژییانە لە کاتێکدایە کە کووبا بەهۆی گەمارۆی وزەی ئەمریکاوە لە قەیرانێکی قووڵدایە و نەبوونی سووتەمەنی کاریگەریی گەورەی کردووەتە سەر کەرتی تەندروستی و گواستنەوە. 
 
"رووسیا 730 هەزار بەرمیلى بۆ کووبا ناردبوو"
 
ولاتەکە تەنیا 40%ـی سووتەمەنیی پێویستی خۆی بەرهەم دەهێنێت. پێشتر کووبا زۆربەی نەوتی خۆی لە ڤەنزوێلاوە هاوردە دەکرد، بەڵام دوای ئەوەی سوپای ئەمریکا لە سەرەتای مانگی یەنایەری ئەم ساڵدا هێرشی کردە سەر ئەو وڵاتە و نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکى پێشووى وڵاتەکەى بە تۆمەتی بازرگانیی مادە هۆشبەرەکان دەستگیر کرد و بردییە نیویۆرک، ئەو هەناردەیە راگیرا.
 
لە مانگی ئاداری رابردوودا، یەکەم کەشتیی نەوتگوێزەرەوەی رووسی کە 730 هەزار بەرمیل نەوتی هەڵگرتبوو گەیشتە کووبا، ئەمەش یەکەم باری نەوت بوو لە دوای سێ مانگ. 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەو بارەیەوە گوتبووی: "کووبا تەواو بوو؛ ئەوان رژێمێکی خراپ و سەرکردایەتییەکی گەندەڵیان هەیە، ئیتر کەشتیی نەوتیان پێ بگات یان نا، هیچ ناگۆڕێت."
 
حکومەت فەرمانى کردووە بە 'گا" زەوی بکێڵن
 
حکومەتی کووبا بەهۆی گەمارۆی وزەی ئەمریکاوە، زنجیرەیەک رێکاری پێشوەختەی گرتووەتەبەر. هاڤانا بڕیاریداوە کارەبای تەواوی دامەزراوە حکومییە "ناپێویستەکان" ببڕێت و گەشتە ئاسمانی و زەوینییەکانی نێوخۆی بە رێژەی 50% کەمبکاتەوە. 
 
هەروەها وەزارەتی کشتوکاڵی کووبا فەرمانی کردووە لە کێڵگەکاندا پەنا بۆ "گا" و ئامرازە کلاسیکییەکان ببرێت بۆ کێڵانی زەوی لەبری تراکتۆر، تاوەکو سووتەمەنی بۆ کەرتی تەندروستی پاشەکەوت بکرێت.
 
لە هەنگاوێکی دیکەی ئاڵۆزدا، کووبا رێگری کردووە لەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە هاڤانا "دیزل" بۆ مۆلیدەکانی هاوردە بکات، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر گەمارۆکانی واشنتن. 
 
هەروەها مانۆڕی سەربازیی "باستیۆن 2026"ی لە سەرانسەری وڵات دەستپێکردووە تاوەکو خەڵک بۆ ئەگەری "هێرشی دوژمن" ئامادە بکات.
 
ئەم ململانێیە لە چوارچێوەی ستراتیژیی نوێی ئیدارەی ترەمپدایە بۆ راماڵینی ئەو رژێمانەی کە بە "دوژمنکار"یان دادەنێت. واشنتن گوشارە سەربازی و ئابوورییەکانی بۆ سەر لایەنگرانی پێشووی ئێران و رووسیا لە نیوەگۆی رۆژئاوا چڕتر کردووەتەوە. 
 
ئێستا کە دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد لەنێوان واشنتن و تاران بە بنبەست گەیشتوون و ترەمپ هەڕەشەی وێرانکردنی ژێرخانی ئێران دەکات، کووبا وەک ئامانجی داهاتووی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەبینرێت، کە ئەمەش وایکردووە دیاز-کانێل جەخت لە ئامادەباشیی سەربازیی وڵاتەکەی بکاتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AFP

ترەمپ هەڕەشە لە ئێران دەکات: سوپا ئامادەیە و ئەوەی ماوە لەنێودەبردرێ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای شکستی گفتوگۆکانی ئیسلامئاباد، فەرمانی بە هێزی دەریایی وڵاتەکەی کرد، گەمارۆیەکی تەواوەتی بخاتە سەر تەنگەی هورمز. ترەمپ تاران بە "سەرانەسەندنی جیهانی" تۆمەتبار دەکات و دەڵێ، چیدیکە رێگە بە هیچ کەشتییەک نادەن باج بە ئێران بدات.