هۆڵەندا باشترین وڵاتە بۆ ژنان؛ عێراق و سووریا لە خراپترینەکانن

12-05-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی پۆلینکارییەکی نوێ، هۆڵەندا باشترین وڵاتە بۆ ژنان؛ کۆماری ئەفریقای نێوەڕاست و سۆماڵیش خراپترین وڵاتن.
 
گۆڤاری CEOMagazine تایبەت بە پۆلینکارییە جیهانییەکان، لە نوێترین پۆلینکاریدا لیستی باشترین و خراپترین وڵاتی بۆ ژنان بڵاوکردەوە و دەڵێت، هۆڵەندا باشترین وڵاتە لە جیهاندا بۆ ژنان و دوای ئەویش نەرویجە. کۆماری ئەفریقای نێوەڕاست و سۆماڵیش دوو خراپترین وڵاتن.
 
بەگوێرەی ئەو پۆلینکارییە، لە 10 وڵاتی یەکەم کە باشترینن بۆ ژنان، هەشتیان وڵاتی ئەورووپین. ئەو دوو وڵاتە نائەورووپییەش بریتین لە کەنەدا لە پلەی شەشەم و نیوزیلاند لە پلەی هەشتەم.
 
لە 10 خراپترین وڵاتیش بۆ ژنان، حەوتیان وڵاتی ئەفریقان و سێیەکەی دیکەش وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن.
 
بەرپرسانی گۆڤارەکە دەڵێن، هیچ شوێنێک لە جیهاندا نییە ژنان هەست بە سەلامەتی تەواو بکەن تێیدا، بەڵام هەندێ شوێن بەراورد بە شوێنی دیکە باشترن.
 
د. ئامارێندرا بهوشان دیهراج، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گۆڤاری سی ئی ئۆ وێڵد لەبارەی ئەو پۆلینکارییە دەڵێت: "شەپۆلێکی جیاکاری و تووندوتیژی هەیە، بەڵام لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی دیکە دەگۆڕدرێت. دۆخی ئابووری، جێندەری و کۆمەڵایەتی خاڵی سەرەکین لە دیارییکردنی پۆلێنەکەدا."
 
ئەو گۆڤارە ئاماژەی بەوە کردووە، نزیکەی 280 هەزار ژن لەسەرانسەری جیهاندا بەشداریان لەو پۆلینکارییە کردووە و 156 وڵاتیش پۆلینکارییەکەیان لەسەر بنەماکانی یەکسانیی جێندەری، رێژەی بەشداری و ژمارەی ژنان لە دامودەزگە کارگێڕی و جێبەجێکارەکان، هەستکردنی ژنان بە سەلامەتی، داهاتی ژنان و یەکسانی لە داهات و نیگەرانییەکان لەبارەی مافەکانی مرۆڤ، تواناسازیی ژنان، ئاستی خوێندەواریی ژنان و بەشدارییان لە هێزی کار و رۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا.
 
لیستی 10 باشترین وڵاتی جیهان بۆ ژنان:
 
1- هۆڵەندا
2- نەرویج
3- سوێد
4- دانیمارک
5- فینلاند
6- کەنەدا
7- سویسرا
8- نیوزیلاند
9- فەرەنسا
10- ئەڵمانیا
 
لیستی 10 خراپترین وڵات لە جیهان بۆ ژنان:
 
1- کۆماری ئەفریقای نێوەڕاست
2- سۆماڵیا
3- چاد
4- سووریا
5- نایجیر
6- لیسۆتۆ
7- غینیا - بیساو
8- ئەفغانستان
9- ئەنگۆلا
10- یەمەن
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە