رووداو دیجیتاڵ
وهزارهتی ناوخۆی ئهڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، گوتهکانی عەبدوڵڵا ئۆجهلان بۆ کۆتاییهێنان به شهڕ دژی تورکیا و خۆههڵوهشانهوهی زارەکیی پهکهکه، بهس نییه بۆ دەرهێنانی رێکخراوەکە لە "لیستی تیرۆر"دا.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ساڵی 1993 لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیاوە خراوەتە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و قەدەخە کراوە. ئەم بڕیارە دوای چەندین چالاکی تووندوتیژی لەو وڵاتە و بە پشتگیری سیاسی لە یەکێتیی ئەورووپا ھاتە ئاراوە.
پەکەکە لە زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ھەژمار دەکرێت. ئەڵمانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بە تووندی چاودێری چالاکییەکانی لایەنگران و ئەندامانی ئەم رێکخراوە دەکات.
سەرەڕای ئەوەش، ھەنگاوەکانی دژ بە پەکەکە بە شێوەیەکی بەرچاو کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگەی کوردی دانیشتووی ئەڵمانیا ھەبووە، کە بەپێی ئامارەکان زیاتر لە ملیۆنێک کورد لەو وڵاتە نیشتەجێن.
پارتی کرێکارانی کوردستان، کە لە رۆژانی 5- 7ی ئەم مانگە کۆنگرەی 12ی خۆی بەست، ئەمڕۆ دووشەممە ئەنجامەکەی رایگەیاند و بڕیاری دا چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
ئەو پرۆسەیەی ئێستا لە تورکیادا هەیە، لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو دەستیپێکرد، کاتێک رۆژی 01-10-2024، دەرگای پەرلەمانی تورکیادا لە وەرزێکی نوێدا واڵاکرا. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد.
ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس.
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار ساز بکەن، داواشی لە ئۆجەلان کرد بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بدات، شاندێک کە لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێندرا، دیداری لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سازکرد.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی 1ی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند. ئەوەش لە دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان هات کە رۆژی 27ـی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" بڵاوکرایەوە و داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ