رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت، سکرتێری گشتی پێشوازی لە بڕیارەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکات. هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیی خۆی هاوکاریکردنی پڕۆسەکە دەربڕی.
رۆژی دووشەممە، 12ـی ئایاری 2025، ستیفان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە نیویۆرک بە سینان تونجدەمیر، پەیامنێری رووداوی گوت، "سکرتێری گشتیی پێشوازی لە بڕیارەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان دەکات."
هەروەها گوتەبێژەکەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "ئەم بڕیارە، ئەگەر جێبەجێ بکرێت، هەنگاوێکی دیکەی گرنگە بەرەو چارەسەرێکی ئاشتییانەی ململانێ درێژخایەنەکە."
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی یەکی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند، ئەوەش دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە رۆژی 27ـی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" بڵاوکرایەوە و داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد.
دوای بەستنی کۆنگرەی 12یان لە سەرەتای ئەم مانگە، ئەمڕۆ دووشەممە، 12-5-2025 پەکەکە بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا و رایگەیاند، بڕیارەکە "بۆ چارەسەری دیموکراتی و ئاشتییەکی دوورمەودایە."
پارتی کرێکارانی کوردستان ساڵی 1978 لە باکووری کوردستان دامەزرا، ساڵی 1982 لە کۆنگرەی دووەم دا بڕیاری چەکهەڵگرتنی دژی دەوڵەتی تورکیا پەسند کرد، لە 18ـی ئابی 1984 یەکەم شەڕی لە دژی تورکیا کرد.
دەقی پرسیار و وەڵامەکان:
رووداو: زۆر سوپاس ستێفان کە کاتت بە ئێمە بەخشی
ستێفان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان: شایانی نییە. خۆشحاڵم بە دیدارت.
رووداو: زۆر سوپاس. پرسیاری یەکەم، هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان چییە لەسەر ئەگەری چەکدانان و دیالۆگی ئاشتییانە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا؟
ستێفان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان: ئێمە پێشوازی لەو بڕیارە دەکەین کە ئەمڕۆ لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستانەوە درا، بەتایبەتی لەسەر پرسی چەکدانان. هیوادارین ئەمە دەستپێکی زۆرێک لە پرسە کۆنەکانی پەیوەست بەو ململانێیە بێت کە پەکەکەی تێدا بووە.
رووداو: پرسیاری دووەم، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چۆن دەتوانێت پشتگیری لە پرۆسەیەکی ئاشتیی گشتگیر بکات کە ماف بۆ هەموو لایەنەکان دابین بکات؟
ستێفان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان: دەبێت دڵنیابینەوە لەوەی کە چ نەتەوە یەکگرتووەکان بێت، ئەگەر داوامان لێ بکرێت بەشدار بین، یان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەمووان بە یەک ئاواز کار بکەن. روونە کە لایەنەکان گەیشتوونەتە رێککەوتن. پێموایە لەو ساڵانەدا کۆژانێکی زۆر هەبووە، پێویستە دڵنیابین لەوەی کە پشتگیری لە پرۆسەیەکی ئاشتییانە دەکەین، پرۆسەی چەکدانان، لەوەی کە مافی هەموو کەسێک لە هەموو شوێنێکی جیهاندا مسۆگەر کراوە کە لە جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤدا ئاماژەی پێکراوە.
رووداو: پرسیاری سێیەم، چ گەرەنتییەکی نێودەوڵەتی دەتوانرێت پێشکێش بکرێت بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی چەکدانان و کۆتاییهێنان بە ململانێی چەکداریی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا؟
ستێفان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەوە پرسیارێکە ناتوانم وەڵامی بدەمەوە. ئێمە بەشێک نەبووین لەم رێککەوتنە، بۆیە ناتوانم بڵێم چ گەرەنتییەک دەدرێت. ئەوەی دەتوانم بیڵێم و دووبارەی بکەمەوە ئەوەیە، کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە هەموو شتێک بکات بۆ یاوەری کردنی لایەنەکان. بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئێمە ناگەڕێینەوە دواوە، ئەوەی کە ئەمە لە راستیدا دەستپێکی زۆرێک لە پرسە هەڵپەسێردراوەکانە.
رووداو: بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان چۆن دەتوانێت بەشداری لە چاودێریکردن و جێبەجێکردنی هەر پرۆسەیەکی چەکدانانی گریمانەییدا بکات؟
ستێفان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەمڕۆ راپۆرتەکانمان بینی کاتێک دەزگەیەکی راگەیاندن گوتی، ئێمە کار لەسەر رادەستکردنی چەکەکان دەکەین. بەپێی زانیارییەکانی من، ئەوە راست نییە. پێموایە ئەو راپۆرتە کەمێک لە راستی دوور بوو. با بزانین لە داهاتوودا چی روودەدات، بەڵام ئێستا کە تۆ پرسیارم لێدەکەیت، ئەوە شتێک نییە کە ئێمە لە راستیدا کاری لەسەر بکەین.
رووداو: دەتوانم دوا پرسیارت لێبکەم، سکرتێری گشتی چۆن لە پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەڕوانێت؟
ستێفان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان: پێموایە سکرتێری گشتی، با بە شێوەیەکی دیکە بیڵێمەوە، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، پێش ئەوەی ببێتە سکرتێری گشتی، کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ بوو. بۆیە پرسی کورد، پرسی کوردستان، پرسێکە کە ئەو بە تەواوی دەیزانێت. من بۆ سەردانێک بۆ کوردستانی عێراق یاوەرییم کردووە. پرسێکە کە لە دڵیەوە نزیکە، ئەوەی دەیەوێت بیبینێت ئەوەیە کە خەڵکی بە ئاشتی بژین. خەڵکی لەو شوێنەی کە هەن بژین، لەو شوێنەی کە مافیان هەیە بژین و پارێزراو بن. ئەویش دەیەوێت کۆتایی ململانێکان ببینێت، ئێمەش هیوادارین ئەمە هەنگاوێک بێت بە ئاراستەی راست، لە راستیدا دەشزانین کە وایە.
رووداو: ئەگەر کێشەت نەبێت، پرسیارێکی دیکەم هەیە، ئەمڕۆ لە کاتی کۆنفڕانسەکەی نیوەڕۆدا تۆ باست کرد کە بەڕێز سکرتێری گشتی سەردانی عێراق دەکات و چەند کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسان دەکات. ئایا دەتوانین چاوەڕێی ئەوە بین کە سەردانی هەرێمی کوردستانی عێراقیش بکات؟
ستێفان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان: نەخێر، ئەم سەردانە سەردانێکی دووقۆڵی نییە، ئەمە سەردانێکە بۆ عێراق چونکە عێراق میوانداریی لووتکەی کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی دەکات. بۆیە هەر کاتێک لوتکەیەک لە وڵاتێکدا بکرێت، ئەویش لەگەڵ سەرکردەکانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە، بۆیە کۆبوونەوەی دووقۆڵی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی عێراق دەکات، بەڵام هیچ پلانێکی گەشتکردن لە دەرەوەی بەغدا نییە.
رووداو: زۆر سوپاس بۆ کاتەکەت.
ستێفان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان: هەمیشە خۆشحاڵم کە لە رووداوم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ