جیهان
34%ی بەشداربووانی راپرسییەکە دەڵێن، پێشتر تووندوتیژییان دژی ژنان بەکارهێناوە. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوەیە
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجامی راپرسییەک دەریدەخات لە ئەڵمانیا زیاتر لە سێیەکی پیاوان پێیانوایە تووندوتیژی دژی ژنان شتێکی "رەوایە،" داکۆکیکارانی مافی مرۆڤیش دەڵێن، "ئەم ئەنجامە تووشی حەپەسانت دەکات."
راپرسییەکە لەلایەن گرووپی میدیایی ڤۆنکە-وە ئەنجامدراوە. 33%ی ئەو پیاوانەی تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 35 ساڵیدایە دەڵێن، بەلایانەوە ئاساییە لە کاتی شەڕە قسە لەگەڵ هاوژینەکانیان، "دەستێک بوەشێنن."
34%ی بەشداربووانی راپرسییەکە دان بەوەدا دەنێن، پێشتر تووندوتیژییان لە دژی ژنان بەکارهێناوە.
کارستن کاسنەر، داکۆکیکاری مافی ژنان لە دامەزراوەی فیدڕاڵ فۆروم مێن دەڵێت، "ئەم ئەنجامانە تووشی حەپەسانی کردووین." ئەو چالاکڤانە ئاماژە بەوەش دەکات، "کێشەیەک هەیە لە بەهەند وەرنەگرتنی تووندوتیژی دژی ژنان لەلایەن سێیەکی پیاوانەوە،" جەختیش لەوە دەکاتەوە کە دەبێت ئەمە بەپەلە بگۆڕدرێت.
بەگوێرەی پۆلیسی فیدڕاڵیی ئەڵمانیا، لە ساڵی 2021، زیاتر لە 115 هەزار ژن لەو وڵاتە رووبەڕووی تووندوتیژیی خێزانی بوونەتەوە و زیاتر لە 300 ژن لەلایەن هاوژینەکانیانەوە کوژراون.
مارکۆ بوشمان، وەزیری دادی ئەڵمانیا پار رایگەیاند، "هەوڵدەدات یاساکان هەموار و سزای تووندوتیژی دژی ژنانیش تووندتر بکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ