شیکەرەوەیەکی CIA زیندانی کرا؛ پلانی هێرشی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێرانی ئاشکرا کردبوو

12-06-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شیکەرەوەیەکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) بە ناوی ئاسیف ویلیام رەحمان، بەهۆی دزەپێکردنی بەڵگەنامەی نهێنی لەبارەی پلانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، سزای 37 مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.
 
رەحمان کە تەمەنی 34 ساڵە، لە مانگی کانوونی دووەمدا دانی بە دوو تۆمەتی "بەمەبەست هەڵگرتن و گواستنەوەی زانیاریی بەرگریی نیشتمانی"دا نابوو، کە بەپێی یاسای سیخوڕی سزادەدرێت.
 
بە گوتەی بەرپرسانی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، رەحمان بە سوودوەرگرتن لەوەی کە توانیویەتی دەستی بە زانیارییەکان بگات، "بەڵگەنامەی نهێنی" چاپ کردووە و دواتریش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە.
 
جۆن ئایزنبێرگ، یاریدەدەری داواکاری گشتی بۆ ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بۆ ماوەی چەندین مانگ، ئەم تۆمەتبارە خیانەتی لە گەلی ئەمریکا و ئەو سوێندانە کرد، کە لە کاتی دەستبەکاربوونیدا خواردبووی، ئەوەش بە دزەپێکردنی هەندێک لە نهێنیترین زانیارییەکانی وڵاتەکەمان."
 
لە ئۆکتۆبەری 2024، چەند بەڵگەنامەیەک کە وا دەردەکەوتن هی ئاژانسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بن، لە کەناڵێکی تێلیگرامی نزیک لە ئێرانەوە بڵاوکرانەوە.
 
ئەو بەڵگەنامانەی کە ئەو کاتە بڵاوکرانەوە لەنێو هاوپەیمانیی هەواڵگریی "پێنج چاو"دا ئالوگۆڕیان پێکرابوو کە ئەمریکا، بەریتانیا، کەنەدا، نیوزلەندا و ئوسترالیا لەخۆدەگرێت.
 
بەڵگەنامە دزەپێکراوەکان هەڵسەنگاندنی ئەمریکایان تێدابووە بۆ پلانەکانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران.
 
ئیسرائیل لە ئۆکتۆبەری 2024 ئەو هێرشە ئاسمانیانەی ئەنجامدا و چەندین بنکەی سەربازیی لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران کردە ئامانج، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو مووشەکانەی کە چەند هەفتەیەک پێشتر لەلایەن تارانەوە ئاراستە کرابوون.
 
رەحمان، کە لە دەرەوەی وڵات کاری دەکرد، لە کەمبۆدیا لەلایەن نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی (FBI)ـیەوە دەستگیرکرا و بۆ رووبەڕووبوونەوەی تۆمەتەکانی، رەوانەی دوورگەی گوام کرا کە سەر بە ئەمریکایە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە