رووداو دیجیتاڵ
مۆسکۆ دان بەوەدا دەنێت کە هێزەکانی ئۆکراینا پێشڕەویی زیاتریان لەنێو خاکی رووسیادا کردووە. حکومەتی رووسیا فەرمانی کرد خەڵکی سڤیل چەند ناوچەیەکی دیکەی هەرێمی کورسکی سەر سنوور چۆڵ بکەن بۆ ئەوەی دژی هێرشە ئۆکراینییەکە دەست بە هێرشی پێچەوانە بکات.
هەفتەی رابردوو هێزەکانی ئۆکراینا توانییان هێڵەکانی بەرگریی رووسیا لە هەرێمی کورسک ببڕن و بچنە نێو خاکی رووسیا. ئەوە بە گەورەترین هێرشی سنووربڕی کیێڤ دادەنرێت لەو کاتەوەی لە شوباتی 2022 شەڕەکە دەستیپێکردووە.
هێرشەکە بووەتە هۆی ئەوەی دەیان هەزار کەس ناوچەکانیان چۆڵ بکەن و لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە بە گەورەترین هێرشی سوپایەکی بیانی بۆ سەر خاکی رووسیا دادەنرێت.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا دیمەنی بۆردوومانکردنی زرێپۆشەکانی ئۆکراینای لە هەرێمی کورسک بڵاوکردەوە.
بەرپرسێکی باڵای ئۆکراینا رایگەیاند، ئامانج لە هێرشەکەیان پەرتەوازەکردنی سوپای رووسیا و ناسەقامگیرکردنی رووسیایە، لە کاتێکدا کە 9 مانگە پێشڕەوییەکانی سوپای ئەو وڵاتە لە تەواوی بەرەکان خاوبووەتەوە.
بۆ کرێملین، هێرشەکە پێشهاتێکی راچڵەکێنەر بوو، بە جۆرێک کە سوپای رووسیا کەوتووەتە پەلە بۆ ئەوەی سەرباز، تانک، فڕۆکە، تۆپ و درۆنی زیاتر رەوانەی ناوچەکە بکات تاوەکو هێرشەکە بوەستێنێت.
وێڕای ئەو هەوڵانە، سوپای رووسیا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، ئۆکراینا توانیویەتی لە هەندێ شوێن بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر بچێتە نێو خاکەکەی.
لەسەر دۆخی هەرێمی کورسکی رۆژئاوای وڵاتەکەی، وەزارەتی بەرگریی رووسیا گوتی، "شکست"یان بە هەوڵی هێزەکانی ئۆکراینا هێناوە و نەیانهێشتووە بچنە نێو قووڵایی خاکی رووسیا، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە بەشێک لەو هێزە ئۆکراینییانە گەیشتوونەتە نزیک گوندەکانی تۆلپینۆ و ئۆبسچی کۆلۆدێز کە یەکەمیان 25 کیلۆمەتر و دووەمیان 30 کیلۆمەتر لە سنووری رووسیا – ئۆکراینا دوورە.
بەرپرسێکی ئەمنیی ئۆکراینا رایگەیاند، "ئامانجەکە پەرتەوازەکردنی پێگەکانی دووژمنە بۆ ئەوەی زۆرترین زیانیان پێبگەیێنین و دۆخی رووسیا ناسەقامگیر بکەین تاوەکو نەتوانن سنووری خۆیان بپارێزن."
ئەو بەرپرسە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت، ژمارەی سەربازانی ئۆکراینیی بەشدار لە هێرشەکە "زۆر" لەو هەزارە زیاترە کە بەرپرسانی رووسیا مەزەندەیان کردووە و دەڵێت، "هەزاران کەس دەبن".
ئەمڕۆ دووشەممە رووسیا داوای کرد خەڵک چەند ناوچەیەکی دیکەش چۆڵبکەن، لەوانەش لە هەرێمی بێلگۆرۆدی دراوسێی کورسک.
ڤیاچێسلاڤ گلادکۆڤ، پارێزگاری بێلگۆرۆد لە نامەیەکی تەلەگرامدا گوتی، "دوژمن لەسەر سنووری کراسنۆیاروژسکی چالاکە. بۆ سەلامەتی و ئاساییشی خەڵکەکەمان، دەستدەکەین بە گواستنەوەی خەڵکی کراسنۆیاروژسکی بۆ شوێنی سەلامەتتر."
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رۆژی دووشەممە گوتی، سیستمی بەرگریی ئاسمانی 18 درۆنی ئۆکراینای تێکشکاندووە، 11 لەوانە لە هەرێمی کورسک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ