دوو کورد دەبنە باڵیۆزی عێراق لە چین و پۆڵەندا

12-08-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

مەرسوومی کۆماری بۆ دەستبەکاربوونی دوو دیپلۆماتکاری کورد وەکو باڵیۆزی عێراق لە وڵاتانی چین و پۆڵەندا دەرچووە، ئەو هەردوو باڵیۆزە پێشتر چەند پۆستێکی هاوشێوەیان بەڕێوەبردووە.
 
ئەو مەرسوومانە لە رۆژنامەی فەرمیی "وەقائیعی عێراقی" لە رۆژی 11ی ئابی 2025 بڵاوکراونەتەوە، بۆئەوەی بچنە واری جێبەجێکردنەوە.
 
یەکێک لە مەرسوومەکان تایبەتە بە دەستبەکاربوونی بەکر ئەحمەد عەزیز جاف وەک باڵیۆزی عێراق لە پۆڵەندا.
 
بەکر جاف بەر لەوەی ببێتە باڵیۆزی عێراق لە پۆڵەندا، باڵیۆز بووە لە رۆمانیا، پێشتریش چەند پۆستێکی هاوشێوەی لە جۆرجیا و ئۆکراینا بەڕێوەبردووە.
 
بڕیارەکەی دیکە تایبەتە بە دەستبەکاربوونی ئەحمەد تەحسین بەرواری وەک باڵیۆزی عێراق لە چین.
 
بەرلەوەی ئەو پۆستە وەربگرێت، تەحسین بەرواری سەرۆکی نوێنەرایەتیی عێراق بووە لە پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، پێشتریش باڵیۆزی عێراق بووە لە نیپاڵ و هیندستان.
 
مەرسوومی کۆماری بۆ دەستبەکاربوونی ئەو دوو باڵیۆزە کوردە لە 29ی تەممووزی 2025 دەرکراوە. بەگوێرەی بڕیارەکە کە لە رۆژنامەی وەقائیعی بڵاو کراوەتەوە، لە رۆژی دەرچوونییەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن و دەبێت وەزیری دەرەوە ئەو مەرسوومە جێبەجێ بکات.
 
بەگوێرەى ئەو زانیاریانەى رووداو لە وەزارەتى دەرەوەى  عێراقەوە دەستى کەوتوون، ئەو گۆڕانکارییانە  یەپوەیست بوون بە تێڕوانینى وەزارەتەکە بۆ جێگۆڕکێ و پیادەکردنى پرەنسیپە یاساییەکان بۆ ماوەى کارکردنى باڵیۆزکان لە وڵاتان کە بۆ ماوەى پێنج ساڵە و  دواى کۆتاییهاتنى ماوەى هەر باڵیۆزێک جێگۆڕکێى پێدەکرێت کە یان دەبرێتە وڵاتێکى دیکە وەک باڵیۆز یان دەگەڕێنرێتەوە بۆ ناو وەزارەتى دەرەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە