ئایفۆن 15 رادەگەیێندرێت؛ نرخ و تایبەتمەندییەکانی چین؟

12-09-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
دیزاینی چاوەڕوانکراوی ئایفۆن 15.
دیزاینی چاوەڕوانکراوی ئایفۆن 15.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

چاوەڕێدەکرێت ئەمشەو کاژێر 8:00 بەکاتی هەولێر، کۆمپانیای ئەپڵ زنجیرە ئایفۆنە نوێیەکانی رابگەیێنێت. بەشێک لەو تایبەتمەندییە جیاوازانەی کە بە گوێرەی زانیارییە دزەپێکراوەکان لە ئایفۆنی نوێدا دەبن، بریتین لە کامێرایەکی باشتر و شوێنی بارگاویکردنی تایپ سی. 
 
هاوکات، چاوەڕواندەکرێت کۆمپانیا ئەمریکییەکە زنجیرەیەکی نوێی کاتژمێرەکانی Apple Watch رابگەیێنێت. 
 
کۆمپانیای ئەپڵ، لە بۆنەیەکی ساڵانەدا لە هۆڵی ستیڤ جۆبز لە پارکی ئەپڵ لە ویلایەتی کالیفۆرنیا بەرهەمە نوێیەکانی دەخاتەڕوو. 
 
بۆنەکە لە کاتێکی گرنگدا دێت بۆ ئەپڵ، چونکە لە سەرانسەری جیهان خواست لەسەر مۆبایلە زیرەکەکان بۆ نزمترین خاڵی 10 ساڵی رابردوو دابەزیوە. ئەپڵیش هاوشێوەی کۆمپانیاکانی دیکە، گیرۆدەی کەمبوونەوەی فرۆشی ئایفۆنەکانی بووە. 
ئایفۆن15 ئەمڕۆ کاژێر 8:00ی شەو بەکای هەولێر رادەگەیێندرێت و لە کەناڵی فەرمیی ئەپڵ لەسەر یوتیوب پەخشدەکرێت. 
 
کەی دەکەوێتە بازاڕەکانەوە؟
 
هەموو ساڵێک، راگەیاندنی ئایفۆن دەکەوێتە رۆژی سێشەممەوە. هەفتەیەک دوای ئەوە، خەڵک دەتوانێت لە کۆگەکانی ئەپڵ پێشوەختە داوای کڕینی بکات، ئەمجارە چاوەڕێدەکرێت لە هەینی 15ی ئەیلوولەوە دەستپێبکات. دواتر لە هەینیی 22ی ئەیلوولەوە بە شێوەیەکی بەرفراوانتر دەخرێتە بازاڕەکانەوە بۆ ئەوەی بە بازاڕەکانی سەرانسەری جیهان بگات. 
 
چاوەڕێدەکرێت ئەپڵ دوو مۆدێلی iPhone 15 Pro رابگەیێنێت: یەکێکیان بە ناوی iPhone 15 Pro قەبارەی شاشەکەی 6.1 ئینچ و ئەوەی دیکەیان iPhone 15 Pro Max بە قەبارەی 6.7 ئینچ دەبێت. هەروەها ئەپڵ دوو ئایفۆنی دیکەش رادەگەیێنێت کە ئاستیان لەو دووەی باسکران نزمتر دەبێت، ئەوانیش iPhone 15 و  iPhone 15 Plus دەبن. 
 
شارەزایانی بازاڕی تەکنەلۆژیا باسیان لەوە کردووە کە رەنگە  iPhone 15 Pro Max کەمێک درەنگتر بخرێتە بازاڕەکانەوە، کە رەنگە بکەوێتە مانگی داهاتوو. پێشتر پێگەی بلوومبێرگی ئەمریکی بڵاویکردبووەوە کە رەنگە ئەپڵ ناوی  ئایفۆنە هەرە پێشکەوتووەکەی بگۆڕێت بۆ  iPhone 15 Pro Ultra.
 
نوێترین تایبەتمەندییەکانی ئەپڵ لە ئایفۆن 15 دا
 
چاوەڕێدەکرێت ئایفۆن 15 پێشکەوتنێکی کەم بەراورد بە نەوەکانی پێشووی ئایفۆن بەخۆوە ببینێت کە سەرەتا لە ساڵی 2007 خرانەڕوو، سەرەڕای ئەوەی کە هەر چوار مۆدێلە نوێیەکەی هەندێ جیاوازییان لەگەڵ زنجیرەی ئایفۆن 14دا دەبێت. 
 
ئەگەرچی کۆمپانیا رکابەرەکانی دیکە هەستەوەری پەنجەمۆریان گەڕاندووەتەوە لە پشتەوە یان نێو شاشەی موبایلەکانیاندا داناوە، چاوەڕێ ناکرێت ئەپڵ هەمان شت بکات. 
 
زنجیرەی ئایفۆن 14 هەروەها مایکرۆچیپەکەی دەگۆڕێت بۆ یەکێکی نوێی پێشکەوتووتر بە ناوی A17 کە چاوەڕوان دەکرێت پرۆسێسەرێکی 3 نانۆمەتری بێت لەلایەن کۆمپانیای TSMCی تایوانییەوە دروستکرابکێت، ئەمە بە گوێرەی رۆژنامەیەکی ژاپۆنی. 
 
ئەو چیپە پێشکەوتووە، دەتوانێت توانا و ماوەی مانەوەی پاتریی ئایفۆن زیادبکات. 
 
بە گوێرەی بلوومبێرگ، چوارچێوەی دوو ئایفۆنە نوێیەکەی جۆری Pro  لە تیتانیۆم دروستکرابێت، لە بری پۆڵای بێخەوش، کە ئەوەش دەکرێت چوارچێوەکە بەهێزتر و کێشیشی کەمتر بکات. 
 
شرۆڤەکارانی بواری بەرهەمەکانی ئەپڵ، باس لەوە دەکەن کە هەر چوار ئایفۆنە نوێیەکە تایبەتمەندیی "داینامیک ئایلەند"یان دەبێت کە مەبەست لێی شوێنی کامێرا و هەستەوەرەکانی پێشەوەی شاشەکەیە. واتە ئەو لاکێشە رەشەی لە iPhone X بەرەوسەر لە بەشی سەرەوەی شاشە هەبووە، نامێنێت. 
 
شارەزایان هەروەها بڕوایان وایە کە کامێرای iPhone 15 و  15 Plus بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو بەخۆەوە دەبینێت، لەوانەش کامێرا هاوێنە فراوانەکەی بە روونیی 48 مێگاپێکسڵ دەبێت. 
 
ئایفۆنەکانی جۆری Pro کە بەهێزترن، نوێکاریی گەورەتریان تێدا دەکرێت، لەوانەش هەبوونی هاوێنەی  "periscope" کە وادەکات توانای نزیککردنەوە (زووم)ی بەهێزتری هەبێت. 
 
زانیارییە دزەپێکراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەموو ئەم هاوێنە پێشکەوتووانە، وادەکەن کە شوێنی کامێراکان لە پشتەوەی ئایفۆن گەورەتربێت. هەروەها گۆشەکانی شاشەکەش کەمێک چەماوەتر دەبن. ژمارەیەک راپۆرتیش باس لەوە دەکەن، دوگمەی کپکردنی تەنیشتی ئایفۆن دەگۆڕدرێت بۆ دوگمەەکی فرە-فرمانتر کە دەتوانرێت بۆ زۆر مەبەستی دیکە بەکاربهێنرێت. 
 
چاوەڕێدەکرێت سیستمی کارپێکردنی iOS 17 هاوکات لەگەڵ راگەیاندنی ئایفۆن 15، بەردەستبکرێت. یەکێک لە تایبەتمەندییە نوێیەکانی iOS 17 ئەوە دەبێت کە ئەپێکی تێدا دەبێت کە ئەپڵ دەڵێت، "ئەپێک دەبێت بۆ نووسین و بەبیرهاتنەوە."
 
کێبڵی بارگاویکردنەوەی ئایفۆن چۆن دەبێت؟
 
گەورەترین گۆڕانکاری لە زنجیرە ئایفۆنە نوێیەکە، رەنگە کێبڵ و شوێنی بارگاویکردنەکەی بێت. 
 
ئەپڵ بەهۆی یاسایەکی یەکێتیی ئەوروپا ناچاربوو دەستبەرداری کێبڵی بارگاویکردنەوەکەی بێت و لەبری ئەوە کێبڵی تایپ سی بەکاربێنێت، بۆ ئەوەی موبایلەکان براندە جۆراوجۆرەکان هەموویان یەک کێبڵی هاوبەشیان هەبێت و بەوجۆرەش پاشماوەی وایەر و ئەیلکترۆنی کەمبکرێتەوە. 
 
بە گوێرەی بلوومبێرگ، یاساکەی یەکێتیی ئەوروپا ئەپڵی ناچارکردووە ئەو گۆڕانکارییە بۆ ئایفۆنەکانی لە تەواوی جیهاندا بکات نەک تەنیا بۆ ئەوانەی کە لە یەکێتیی ئەوروپا دەفرۆشرێن. 
 
کاتژمێری ئەپڵ چی نوێی دەبێت؟
 
چاوەڕواندەکرێت زنجیرەی نوێی کاتژمێرەکانی ئەپڵ، کە زنجیرەی نۆیەمیانە، پڕۆسێسەری بەهێزتریان تێدا بێت. بەڵام نازانرێت ئایا Apple Watch Ultra تایبەتمەندیی نوێی و بەرزکراوەی زیاتری تێدا دەبێت یان نا؟ 
 
چاوەڕواندکرێت شوێنی بارگاویکردنەوەی بیستۆکەکانی ئەپڵیش کە بە AirPod ناودەبرێن، بگۆڕدرێت بۆ تایپ سی. 
 
خولیایانی بەرهەمەکانی ئەپڵ ئەمشەو چاویان لەسەر هێدسێتی VRی نوێی کۆمپانیاکەش دەبێت کە بە Vision Pro ناونراوە، کە ئەم هاوینە بەشێوەیەکی سەرەتایی خرایەڕوو بەڵام تا ساڵی داهاتوو ناخرێتە بازاڕەکانەوە. 
 
نرخی ئایفۆن 15 چەند دەبێت؟
 
هەموو راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نرخی ئایفۆن ئەمساڵ زیاتر دەبێت. 
 
بەشێکیان دەڵێن، نرخی iPhone 15 پرۆ 100 دۆلار زیاتر دەبێت و لە هەزار و 99 دۆلار دەستپێدەکات، هەروەها iPhone 15 پرۆ ماکس 200 دۆلار گرانتر دەبێت و لە هەزار و 299 دۆلارەوە دەستپێدەکات، کە بێگومان لە هەفتەکانی سەرەتای فرۆشتنیدا لە بازاڕەکانی جیهان بە نرخێکی زۆر لەوە زیاتر دەفرۆشرێت. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە