رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئەمریکا گووگڵ دەباتە دادگە بە تۆمەتی ئەوەی کاری نایاسایی کردووە بۆ ئەوەی بە یەکەمین بزوێنەری گەڕانی ئینتەرنێت بمێنێتەوە.
بۆ ماوەی 10 هەفتە، دادگە گوێ لە قسەی زیاتر لە 100 شایەتحاڵ دەبێت و گووگڵ هەوڵدەدات لە دژی سكاڵای وەزارەتی دادی ئەمریکا، بەرگری لە خۆی بکات.
دادگاییکردنەکە لە واشنتن بەڕێوەدەچێت. ئەمە دەبێتە گەورەترین دۆسیەی دژی قۆرخکاری لە لایەن حکومەتی ئەمریکا لە دژی کۆمپانیایێکی زەبەلاحی تەکنەلۆجی کرابێتەوە پاش تێپەڕینی زیاتر لە 20 ساڵ بەسەر دادگاییکردنی مایکرۆسۆفت لەسەر زاڵبوونی سیستمی کارپێکردنی ویندۆز.
حکومەتی ئەمریکا پێیوایە گووگڵ بە واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ بەرهەمهێنەرانی ئامێرەکانی موبایل، تابلێت و کۆمپیوتەرەکان، کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاریی موبایل و ئەوانی دیکە، وایکردووە کە گەڕانی سەر ئینتەرنێت تەنیا بۆ خۆی بێت و هیچ بوارێکی بۆ کۆمپانیا رکابەرەکانی نەهێشتووەتەوە.
بۆ ئەو گرێبەستانە، گووگڵ ساڵانە ملیاران دۆلاری بە کۆمپانیای ئەپڵ و ئەوانی دیکە داوە بۆ ئەوەی ببێت بە بزوێنەری گەڕانی بنەڕەت و سەرەکی لەسەر موبایل و وێبگەڕەکان، گوایە لەو رێگەیەوە نەیهێشتووە کۆمپانیاکانی دیکە هیچ دەرفەتێکیان بۆ گەشەکردن نەبێت.
ئەو باڵادەستییەی کە گووگڵ هەیەتی، وایکردووە کە کۆمپانیای ئەلفابێتی خاوەنی، ببێتە یەکێک لە دەوڵەمەندترینەکانی جیهان، بە جۆرێک کە ئەو ریکلامانەی لە کاتی گەڕانماندا لە نێو گووگڵدا دەیانبینین، 60٪ی داهاتی کۆمپانیاکە پێکدێنن.
وەزارەتی دادی ئەمریکا لە سکاڵاکەیدا دەڵێت: "دوو دەیە لەمەوبەر، گووگڵ وەک کۆمپانیایێکی تازە و ساوا، بوو بە ئازیزێکی دۆڵی سلیکۆن بەهۆی رێگەیەکی داهێنکارانەی گەڕان بەناو ئینتەرنێتی تازە دەرکەوتوودا. ئەو گووگڵە، لە مێژەوە نەماوە."
چەندین ویلایەتی ئەمریکی لە دژی گووگڵ چوونەتە نێو دۆسیەکەوە.
٪90ی پشکەکان
لە دۆسیەکەدا، دەگوترێت گەورەترین قوربانیان بزوێنەرەکانی دیکەی گەڕانن وەکو Bing ی مایکرۆسفت و DuckDuckGo کە هێشتا نەیانتوانیوە لە چاو گووگڵ هیچ بازاڕێکی ئەوتۆیان دەستبکەوێت.
گووڵ بە گەورەترین بزوێنەری گەڕان لە جیهاندا ماوەتەوە. 90٪ی جیهان بۆ گەڕان بە نێو ئینتەرنێتدا، بەکاریدێنن، ئەوەش زۆربەی بەهۆی ئەوەی گووگڵ بزووێنەری گەڕانی بنچینەییە لەسەر موبایلەکانی وەک ئایفۆن و ئەوانەشی کە کار بە سیستمی ئەندرۆیدی بەرهەمهێنراوی گووگڵ دەکەن.
کۆمپانیاکە هەوڵدەدات بیسەلمێنێت کە سەرکەوتنەکەی بەهۆی لێهاتوویی بزوێنەرەکەییەوەیە کە لەو کاتەوەی لە ساڵی 1998 لە لایەن سێرگی برین و لاری پەیجەوە داهێنراوە، بە یەکێک لە پێشکەوتووترینەکان دادەنرێت.
کێن وۆکەر، سەرۆکی بەشی کاروباری جیهانیی گووگڵ لە بڵۆگێکدا رایگەیاند: "بە کورتی، هۆکاری ئەوەی خەڵک گووگڵ بەکاردێنن ئەوە نییە کە لەسەریان پێویست بێت، بەڵکو بەکاریدێنن چونکە دەیانەوێت بەکاریبێنن."
چاوەڕێدەکرێت دانیشتنەکانی دادگە سێ مانگ بخایێنێت، دوای ئەوەش چەندین مانگ دەخایێنێت تا بڕیارێکی لەسەر دەدرێت.
دادگە دەتوانێت دۆسیەکە هەڵوەشێنێتەوە یان گووگڵ بە پێبژاردن و ناچارکردن بە شێوازی کارکردنەکەی سزابدات.
ئەنجامەکەی بە هەر شێوەیەک بێت، لایەنەکان داوای تێهەڵچوونەوە دەکەن، کە رەنگە ئەوەش وا بکات دۆسیەکە چەندین ساڵ بخایێنێت تاوەکو یەکلایی دەبێتەوە.
ساڵی 1998 حکومەتی ئەمریکا سکاڵای دژی مایکرۆسۆفت تۆمارکرد، کە تاوەکو ساڵی 2001 یەکلاینەبووە. سەرەتا دادگە بڕیاریدا مایکرۆسۆفت بکرێتە دوو کۆمپانیا، بەڵام دواتر دادگەی تێهەڵچوونەوە بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە.
ئەم سکاڵایەی دژی گووگڵیش لە سەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە تۆمارکراوە.
جۆ بایدنی سەرۆکی ئێستاش چەند رەخنەگرێکی دیاری دژی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆجیا لە کابینەکەیدا خستنەکار بۆ ئەوەی لە رێگەی یاساوە رووبەڕوویان بێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی ئەوتۆی بە ئەنجام نەگەیاندووە.
کانوونی دووەمی ئەمساڵ، وەزارەتی دادی ئەمریکا دۆسیەیەکی دیکەی دژی گووگڵ کردەوە لەسەر ریکلامەکان، کە دەکرێت لە ساڵی داهاتووەوە دادگاییکردنەکەی دەستپێبکات.
گووگڵ هەروەها رووبەڕووی چەند سکاڵایێکی دیکەی ویلایەتەکان دەبێتەوە کە تۆمەتباری دەکەن بەوەی لە ریکلامەکان و گووگڵ پلەی ستۆردا قۆرخکاریی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ