رووداو دیجیتاڵ
لە کەناراوەکانی شاری مونەستیر لە رۆژئاوای تونس، تەرمی پێنج ژن و منداڵێکی ئەفریقیی کۆچبەر دۆزرانەوە. بەگوێرەی لێکۆڵینەوە بەراییەکان، هەر شەش کۆچبەرەکە هەفتەی رابردوو گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی پێنجشەممە، 12-09-2024، فەرید بن جحا، گوتەبێژی نووسینگەی داواکاری گشتیی شاری مونەستیر لە تونس رایگەیاند، دوێنێ چوارشەممە تەرمی پێنج ژنە کۆچبەر و منداڵێکی ئەفریقی دۆزرانەوە کە پێشبینی دەکرێت هەفتەی رابردوو خنکابن.
بەگوێرەی ئەو گوتەبێژە، منداڵەکە تەمەنی لە نێوان دوو بۆ سێ ساڵە.
بن جحا هەروەها رایگەیاند، لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی بزانن ئاخۆ کۆچبەرەکان چۆن گەیشتوونەتە کەناری شارەکە و لەگەڵ کێ بوون؟
تونس و لیبیای دراوسێی لە باکووری ئەفریقا ناوچەیەکی گرنگیی دەربازبوونی ئەو کۆچبەرانەن کە روو لە ئەورووپا دەکەن. ساڵانە دەیان هەزار کۆچبەر بە رێگەی زۆر مەترسیدار و سەخت تێدەپەڕن و خۆیان دەگەیێننە دوورگەی لامپێدوسا لە ئیتالیا کە تەنیا 150 کیلۆمەتر لە سنووری تونس دوورە.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی تونس، لە 01-01-2024ـەوە لانیکەم 103 بەلەم لە کەناراوی تونس ژێرئاوکەوتوون و 341 تەرم دۆزراونەتەوە، 336ـیان خەڵکی دەرەوەی تونس بوون.
بەگوێرەی رێکخراوی FTDESـی تونسی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ، پار لە هەزار و 300 کۆچبەر لە کاتی دەرچوون لە تونس گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون.
رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ IOM لە ئامارێکدا بڵاویکردەوە، لە ماوەی دە ساڵی رابردوو 30 هەزار و 309 کۆچبەر لە دەریایی نێوەڕاست گیانیان لەدەستداوە و تەنیا لە ساڵی رابردوو 3,000 کەس گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ