رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، حکومەتی کۆریای باکوور جێبەجێکردنی سزای مەرگ و لەسێدارەدانی زیادکردووە، بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی لەسەر سهیرکردن و بڵاوکردنەوەی فیلم و درامای تەلەڤزیۆنیی بیانی دەستگیردەکرێن.
راپۆرتەکە کۆریای باکوور تۆمەتبار دەکات بەوەی زیاتر خەڵکەکەی ناچار دەکات کارى سەخت بکەن، لە کاتێکدا ئازادییەکانیان زیاتر سنووردار دەکات.
نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لە 10 ساڵی رابردوودا کۆریای باکوور کۆنترۆڵی خۆی بەسەر "تەواوی لایەنەکانی ژیانی هاووڵاتییان"یدا تووندتر کردووە.
دەشڵێت: "هیچ گەلێکی دیکە لە جیهانی ئەم سەردەمە لەژێر ئەم جۆرە کۆتوبەندانەدا نییە"؛ هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە چاودێریی دەوڵەت بەسەر هاوڵاتی "چڕتر بووەتەوە"، ئەوەش بەهۆی دەستکەوتنی تەکنەلۆجیای باشتری چاودێرییەوە.
ڤۆڵکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، هاووڵاتییانی کۆریای باکووری "زیاتر تووشی ئازار و سەرکوتکردنی دڕندانە و ترس دەبن کە بۆ ماوەیەکی زۆرە بەدەستییەوە دەناڵێنن ".
راپۆرتەکە لەسەر بنەمای زیاتر لە 300 چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو کەسانە داڕێژراوە کە لە 10 ساڵی رابردوودا لە کۆریای باکوور هەڵاتوون.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، سزای مەرگ و لەسێدارەدان زیاتر لە جاران جێبەجێ دەکرێ.
لانیکەم شەش یاسای نوێ لە ساڵی 2015ەوە دەرچوون کە رێگە بە جێبەجێکردنی سزاکە دەدەن. یەکێک لە تاوانەکان کە ئێستا بە مەرگ سزا دەدرێ، سهیرکردن و بڵاوکردنەوەی بابەتی میدیایی بیانی وەک فیلم و درامای تەلەڤزیۆنییە، لە کاتێکدا کیم جۆنگ ئوون هەوڵ دەدات بە سەرکەوتوویی دەستگەیشتنی خەڵک بە زانیاری، سنووردار بکات.
هەڵاتووەکان بە لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانیان راگەیاندووە، لە ساڵی 2020ەوە سزای مەرگ زیاتر بووە بۆ ئەو کەسانەی بابەتی بینراو و بیستراوی بیانی دەبینن و دەبیستن. ئەوان باسیان لەوە کردووە کە چۆن ئەو کەسانە لە گۆڕەپانە گشتییەکان، لە بەردەم خەڵک، بە چاوبەستی و قۆڵبەستی، لە لایەن کۆمەڵێک سەربازەوە تەقەیان لێ دەکرێ و دەکوژرێن، ئەوەش بۆ چاوترساندنی خەڵک.
کانگ گیوری، کە لە ساڵی 2023 هەڵاتووە، بە کەناڵی بی بی سیی بەریتانی راگەیاند کە سێ لە هاوڕێکانی سزای مەرگیان بەسەردا جێبەجێکراوە، دوای ئەوەی فیلم و زنجیرەی کۆریای باشووریان لێ گیراوە. ئەو هاووڵاتییە لە دادگاییکردنی هاوڕێیەکی تەمەن 23 ساڵیدا ئامادە بووە کە سزای مەرگی بەسەردا سەپێندراوە.
گیوری گوتی: "لەگەڵ تاوانبارانی مادە هۆشبەرەکان دادگایی کرا؛" ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵی 2020ەوە خەڵک زیاتر ترساون.
کاتێک کیم جۆنگ ئوون لە ساڵی 2011دا چووە سەر دەسەڵات، ئەو هەڵاتووانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە، دەڵێن، هیوایان وابوو ژیانیان باشتر بێت، چونکە کیم بەڵێنی دابوو کە چی دیکە پێویست ناکات "قایشەکانیان تووند بکەنەوە" واتە بەشی ئەوە خواردنیان دەبێت کە بیخۆن. کیم بەڵێنی پەرەپێدانی ئابووری دابوو، لە هەمان کاتدا بەڵێنی دابوو کە بە پەرەپێدانی زیاتری چەکی ئەتۆمی وڵاتەکەی دەپارێزێ.
بەڵام راپۆرتەکە دەریخستووە کە لەوەتەی کیم لە ساڵی 2019دا دەستی لە دیپلۆماسی لەگەڵ رۆژئاوا و ئەمریکا هەڵگرتووە، لەبری ئەوە سەرنجی خستووەتە سەر پڕۆگرامی چەکەکانی، دۆخی ژیان و مافەکانی مرۆڤ "خراپتر بووە".
نزیکەی هەموو ئەو کەسانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە، رایانگەیاندووە کە خواردنی پێویستیان نییە و سێ ژەم خواردن لە رۆژێکدا "شتێکی شاهانەییە". زۆر لە هەڵاتووەکان رایانگەیاندووە کە لە کاتی پەتای کۆرۆنادا کورتهێنانی گەورەی خۆراک هەبووە و خەڵک لە سەرانسەری وڵاتدا بەهۆی برسییەتییەوە مردوون.
لە هەمان کاتدا، حکومەت بازاڕە نافەرمییەکانی قەدەخە کردووە کە تێیدا خێزانەکان بازرگانییان دەکرد، بەمەش دابینکردنی بژێویی ژیانیان قورستر بووە.
لە هەمان کاتدا هەڵاتن لە وڵاتە گۆشەگیرەکە ئەستەم بووە، ئەوەش بە تووندکردنی کۆنترۆڵ لەسەر سنووری چین و فەرماندان بە سەربازەکان بۆ تەقەکردن لەوانەی هەوڵی تێپەڕاندنی سنوورەکە دەدەن.
ژنێکی گەنج کە لە ساڵی 2018 لە تەمەنی 17 ساڵیدا هەڵاتووە، گوتی: "لە سەرەتای دەسەڵاتی کیم جۆنگ ئوون، کەمێک هیوامان هەبوو، بەڵام ئەو هیوایە نەما."
ئەو بە لێکۆڵەرانی راگەیاندووە: "حکومەت رێگەی لە خەڵک دەگرت کە بە شێوەیەکی سەربەخۆ بژێویی ژیانیان دابین بکەن و بەو جۆرەش ژیان بووە ئازارێکی رۆژانە."
راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە کە "لە 10 ساڵی رابردوودا حکومەت بەشێوەیەکی نیمچە تەواو کۆنترۆڵی بەسەر خەڵکدا سەپاندووە و نەیهێشتووە بتوانن بڕیارەکانی خۆیان بدەن،" چ ئابووری بێت، کۆمەڵایەتی یان سیاسی. راپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیای چاودێری یارمەتیدەر بووە بۆ ئەو کارە.
یەکێک لە هەڵاتووەکان بە لێکۆڵەرانی راگەیاندووە کە ئەم سەرکوتکارییانەی حکومەت مەبەستی "داخستنی چاو و گوێی خەڵک" بووە.
ئەو هاووڵاتییە رایگەیاندووە: "ئەمە جۆرێکە لە کۆنترۆڵکردن کە ئامانج لێی نەهێشتنی تەنانەت بچووکترین نیشانەی ناڕەزایەتی و گلەییە."
راپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە حکومەت زیاتر بەزۆر کار بە خەڵک دەکات. خێزانە هەژارەکان بۆ ئەو کارانەی لە رووی جەستییەوە سەختن، وەک پڕۆژەی بیناسازی یان کانگاکان، بەکاردەهێندرێن.
کرێکاران هیوادارن ئەمە دۆخی کۆمەڵایەتییان باشتر بکات، بەڵام کارەکە مەترسیدارە و مردن لە کاتی کارکردندا باوە. بەڵام لە بری باشترکردنی سەلامەتیی کرێکاران، حکومەت مردنیان بەرز دەنرخێنێت و بە قوربانیدان بۆ کیم جۆنگ ئوون ناویان دەبات.
ئەم نوێترین لێکۆڵینەوەیە دوای راپۆرتێکی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان دێت لە ساڵی 2014، کە بۆ یەکەمجار حکومەتی کۆریای باکووری بە "تاوانی دژی مرۆڤایەتی" تۆمەتبار کرد.
ئەم راپۆرتەی ساڵی 2025 باس لەوە دەکات کە زیندانیانی زیندانە ئاساییەکان ئەشکەنجە دەدرێن و سووکایەتییان پێدەکرێ.
زۆر لە هەڵاتووەکان رایانگەیاندووە کە گەواهیدەری مردنی زیندانییان بوون، بەهۆی خراپ مامەڵەکردن، کاری زۆر و کەمیی خۆراکەوە، هەرچەندە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ، تووندوتیژیی پاسەوانەکان بەرامبەر زیندانیان "هەندێک کەمبووەتەوە."
نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات دۆخەکە رەوانەی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانی لاهای بکرێ.
بەڵام، بۆ ئەوەی ئەمە رووبدات، پێویستە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڕیاری لەسەر بدرێ.
لە ساڵی 2019ەوە، دوو لە ئەندامە هەمیشەییەکانی، چین و رووسیا، چەندین جار هەوڵەکانیان بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر کۆریای باکووردا رەتکردووەتەوە.
هەفتەی رابردوو، کیم جۆنگ ئوون لەگەڵ شی جین پینگ، سەرۆکی چین و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە نمایشێکی سەربازیدا لە پەکین بەشدار بوو.
لەگەڵ داواکردن لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ هەڵوێست نواندن، نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە حکومەتی کۆریای باکوور دەکات زیندانە سیاسییەکانی دابخات، کۆتایی بە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان و مەرگ بهێنێت و رێگە بە هاووڵاتییانی بدات زیاتر لە بارەی مافەکانی مرۆڤەوە بزانن.
تورک، بەرپرسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، گوتی: "راپۆرتەکەی ئێمە نیشانیدەدات کە ئارەزوویەکی روون و بەهێز بۆ گۆڕانکاری [لە کۆریای باکوور] هەیە، بە تایبەتی لەنێو گەنجاندا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ