ئەڵمانیا.. کورد لە مونستەر بە لیستێکی هاوبەش بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن

12-09-2025
مەی دۆست
بەربژێرانی لیستی گلۆباڵ
بەربژێرانی لیستی گلۆباڵ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە شاری مونستەر، وەکو سەرجەم هەرێمی نۆردڕاین ڤێستفالن لە ئەڵمانیا، هەڵبژاردنی شارەوانی و ئەنجوومەنی ئینتیگراسیۆن بەڕێوەدەچێت. ناوی یەکێک لە لیستە بەربژێرەکان گڵۆباڵە، واتە "جیهانی"؛ تایبەتمەندییەکەی ئەوەیە کە 31 بەربژێر لە 24 نەتەوەی جیاواز لەخۆدەگرێت.
 
یەکێک لەو بەربژێرانەی نێو ئەو لیستە، دلێر سابیرە، کە خەڵکی باشووری کوردستانە و دامەزرێنەری کۆمەڵەی ئافاق و شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە. ئەو لە ساڵی 2004ەوە ئەندامی ئەنجوومەنی ئینتیگراسیۆنە لە شاری مونستەر.
 
دلێر سابیر، دامەزرێنەری ئافاق و ئەندامی ئەنجوومەنی ئینتیگراسیۆن دەڵێت، "هەموو ئەو کەسانەی ئیقامەیان هەیە لە شاری مونستەر، دەتوانن دەنگ بدەن، بێجگە لەو ئیقامانەی لە جۆری (دولدونگ)ن. هەروەها ئەوانەی وڵاتینامەی ئەڵمانیایان هەیە، سێ نەوەی یەک خێزان (واتە خۆت، باوکت و باپیریشت) ئەگەر ئەڵمانییش نەبن، دەتوانن دەنگ بدەن."
 
رۆدی عەلی، کە خەڵکی شاری عەفرینە، دەیەوێت کار لەسەر ئەو خاڵانە بکات کە بۆ کۆچبەران گرنگن، وەکو رەگەزپەرستی و مافی ژنان. رۆدی بە رووداوی گوت، هێزی لیستەکەیان لە فرەڕەنگییەکەیدایە.
 
رۆدی عەلی، رۆژنامەڤان و بەربژێری لیستی گڵۆباڵ گوتی، "ئێمە وەک کورد 7 ئەنداممان لە لیستەکەدا هەیە، وەکو کوردەکان ژمارەیەکی زۆرمان تێدایە لەو 31 کەسە. هەر کەسێک لە نەتەوەیەک هاتبێت، 24 نەتەوە دەبینێت لەسەر یەک مێز و لەگەڵ یەکدی قسە دەکەن، ئامانجمان یەکە و ئەوەیە پێکەوە کار بکەین و وەکو هێزێکی بەهێز ببینە خاوەنی کاریگەری."
 
خانمە کارسازی کورد، ئەحلام ئیبراهیم دەیەوێت بەناوی خۆی و خێزانەکەیەوە لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگ بدات، ئەو دەڵێت، "دەمەوێت دەنگێکی کوردیی تێدا بێت، پێی سەربڵند بین و سەرکەوتن بێت بۆ ئێمە. لانیکەم کورسییەکی کوردی تێدا بێت، هاوکاریی گەلەکەی خۆی بێت و کار بۆ کورد بکات."
 
لە شاری مونستەر 322 هەزار کەس دەژین، نزیکەی 60 هەزار کەس لە 105 وڵاتەوە مافی دەنگدانیان هەیە، لە رۆژی 14ی ئەیلوول دیاری دەکرێت کێ گۆڕانکاری لەنێو کۆمەڵگەی کۆچبەراندا دەکات.
 
لەو هەڵبژاردنەدا تەنیا ئەو کەسانە مافی دەنگدانیان هەیە کە پاشخانێکی کۆچبەرییان هەیە، ئامانج ئەوەیە کە کۆچبەران لەسەر ئاستی شارەوانی دەنگێکی سیاسییان هەبێت.
 
هەر سەبارەت بە بەشداریی کورد لە هەڵبژاردنەکانی نۆردڕاین ڤێستفالن و گرنگیی دەنگی کۆچبەران، هەریەکە لە دلێر سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی ئافاق و رۆدی عەلی، بەربژێری لیستی گڵۆباڵ لە ستۆدیۆ میوانی بەرنامەی دیاسپۆرا بوون.
 
 
رۆدی عەلی، بەربژێری لیستی گڵۆباڵ بە نیگەرانییەوە ئاماژەی بەوە دا، هێشتا بەشێکی زۆری کۆچبەران بەگشتی و کورد بەتایبەتی لە ئەڵمانیا بە گرنگی مافی دەنگدانی خۆیان نازانن، "بەداخەوە خەڵکێکی زۆرمان مافەکانی خۆیان بەکارناهێنن، ئێمە ناچارین ماڵ بە ماڵ بگەڕێین و پرسیار بکەین ئایا دەنگت داوە یان نا." جەختیشی لەوە کردەوە، هۆشیاریی خەڵک لە زیادبووندایە، بەتایبەتی لەچاو 5 ساڵی رابردوو، "ئێستا خەڵک فێر بووە، هەندێکیان پرسیار دەکەن سیاسەت چییە و بۆ کێ دەنگ بدەین؟"
 
دلێر سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی ئافاق ئاماژەی بە گۆڕانکارییە ئەرێنییەکانی ساڵانی رابردوو کرد لە ئاستی بەشداریی سیاسیی کۆچبەراندا و گوتی، لە ساڵی 2004ەوە دەستی بەم کارە کردووە و لەو کاتەدا ژمارەی کۆچبەران لە شاری مونستەر زۆر کەمتر بووە، "باسی 59 هەزار بۆ 64 هەزار کەس دەکەین، بە نزیکەیی 60 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە لەم هەڵبژاردنەدا، ئەو کەسەی لەپێشدا گرنگی بە هەڵبژاردن نەدەدا، ئەمڕۆ پرسیار دەکات و سەیری بەرنامەی لیستەکان دەکات."
 
دلێر جەختی لە گرنگیی ئەنجوومەنەکانی ئینتێگراسیۆن کردەوە و گوتی، "ئەنجوومەنەکانی ئینتێگراسیۆن رۆڵێکی زۆر سەرەکی دەبینن لە بڕیاردان لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆچبەران، لە کار و نیشتەجێبوون و قوتابخانەی منداڵانەوە." ئەو روونیکردەوە، دەنگدان تەنیا چوون نییە بۆ سندووقی دەنگدان، بەڵکو دەبێت بزانیت دەنگەکەت بۆ کێ دەدەیت و ئەو کەسە چۆن دەتوانێت خزمەت بکات.
 
رۆدی عەلییش بەشداریی کورد لە ئەنجوومەنەکانی ئینتێگراسیۆن بە "زۆر گرنگ" ناوبرد و ئاماژەی بەوە دا، کۆچبەران پێویستیان بە نوێنەرێکە بتوانێت داواکاری و کێشەکانیان بگەیێنێتە پارتە سیاسییە ئەڵمانییەکان و بەرپرسانی شارەوانی.
 
سەبارەت بە لیستە کوردییەکان و فرەیی بەربژێرەکان، دلێر سابیر رایگەیاند، زیاتر لە 300 بەربژێری کورد و لیستی کوردی هەن لە هەرێمەکەدا.
 
ئەو بەربژێرە کوردە باسی لەوەش کرد، لیستی گڵۆباڵ کە خۆی بەربژێری سەرەکییە تێیدا، تەنیا پشت بە دەنگی کورد نابەستێت، "من لەگەڵ ئەوە نیم تەنیا بەناوی کوردەوە کار بکەم، چونکە ئەمە خۆجیاکردنەوەیە، لیستی ئێمە بەربژێری لە 31 وڵاتی جیاوازەوە تێدایە، لە 5 کیشوەرەوە، من دەتوانم زیاتر خزمەتی کورد بکەم لەناو لیستێکی فرەکولتووریدا، خەڵکی ئەورووپا، ئەمریکا، ڤێتنام لەگەڵمدان، بەڵام ساڵانە یارمەتیی 2500 کەس دەدەین کە 90%یان کوردن."
 
سەبارەت بە رۆڵی ژنان لە لیستی گڵۆباڵدا، رۆدی عەلی جەختی لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی ژنان کردەوە و گوتی، "ئێمە بەڕاستی کار لەسەر ئەوە دەکەین ژنان هۆشیار بن و خۆیان فێر بکەن لە هەموو بوارێکدا، نەک تەنیا خوێندن و کار، بەڵکو لە سیاسەتیشدا." ئەو روونیکردەوە، لە لیستەکەیاندا 18 ژن لە کۆی 31 بەربژێردان، کە ئەمە هێزێکی گەورەیە و هەموو ژنێکیش لە وڵاتێکی جیاوازەوە هاتووە و نوێنەرایەتیی کۆمەڵگەیەکی جیاواز دەکات.
 
سەبارەت بە هەمان پرس، دلێر سابیر گوتی، "ئەو ژنانەی لەگەڵماندان، هەموویان لە بوارەکانی خۆیان کار دەکەن و خوێندەوارن، زۆریان سیاسەت و یاسا و سۆسیالیان خوێندووە، ئێمە هیچ کەسێک تەنیا لەبەر ئەوەی ژنە یان خزمە، لە لیستەکەمان دانانێین، گرنگ ئەوەیە لیستەکە بتوانێت خزمەتی خەڵک بکات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.