بانگەشەی "لیستی نێودەوڵەتی" لە بۆخووم: کۆکردنەوەی دەنگی کورد و بیانییەکان بۆ جڤاتی خۆگونجاندن

13-09-2025
رووداو @Rudawkurdish
ژمارەیەک لە بەربژێرانی لیستی نێودەوڵەتی لە بۆخووم
ژمارەیەک لە بەربژێرانی لیستی نێودەوڵەتی لە بۆخووم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە شاری بۆخووم لە ئەڵمانیا لیستێک هەیە بۆ هەڵبژاردنەکان، کە کورد دروستیان کردووە لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەی شارەکە، ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە بەربژێرانی لیستەکە 50%ی ژنان و 50%یشی پیاون.
 
لە شەقامەکانی شاری بۆخوومی ئەڵمانیا، بەربژێرانی "لیستی نێودەوڵەتی" (International Liste) بە پەرۆشەوە خەریکی کۆکردنەوەی دەنگن، ئامانجی سەرەکییان ئەوەیە کە دەنگ و رەنگی کۆچبەران و بەتایبەتی کوردان، لە بڕیارەکانی حکومەتی خۆجێیی شارەکەدا هەبێت، ئەم لیستە لە هەڵبژاردنەکانی جڤاتی خۆگونجاندن (Integrationsrat) بەشداری دەکات، کە تایبەتە بە نوێنەرایەتیکردنی بیانییەکان.
 
زەکەریا حەسەن، یەکێک لە بەربژێرەکانی لیستەکەیە لە شاری بۆخووم، روونیدەکاتەوە "هیچ ئامارێکی فەرمی نییە کە بزانین ژمارەی کورد و بیانییەکان لە بۆخووم چەندە، بەڵام بەپێی خەمڵاندنەکان، نزیکەی 13 هەزار بۆ 17 هەزار کورد لەم شارە دەژین، بۆیە بە پێویستمان زانی لیستێک دروست بکەین کە کورد سەرپەرشتی بکات و نوێنەرایەتی گشتیی ئەو کەسانە بکات کە بیانیین و لێرە دەژین."
 
زەکەریا حەسەن ئاماژە بەوە دەکات، لە ساڵی 2012وە یاسایەک هەبووە رێگە بە دروستکردنی لیژنەیەکی نوێنەرایەتی بۆ بیانییەکان دەدات، "دەمانەوێت خەبات بکەین بۆ نوێنەرایەتیکردنی ئەو بیانییانەی تازە هاتوون یان مێژوویەکی درێژی ژیانیان لێرە هەیە، ئەم لیستە هی پارتە سیاسییەکان نییە، بەڵکو تەنیا بۆ نوێنەرایەتیکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆچبەران و چارەسەرکردنی کێشەکانیانە."
 
سەبارەت بە پێکهاتەی لیستەکە، زەکەریا حەسەن دەڵێت، "لە لیستەکەدا 17 کەس هەن و لیستەکەمان فرەڕەنگە، زۆرینەیان کوردن، بەڵام دوو کەس لە ئەفریقا، یەکێک لە ئەورووپا و یەکێکیش لە رۆژهەڵاتەوە هاتوون، ژمارەی لیستەکەمان لەسەر کارتی دەنگدان چوارە."
 
گولتەکین ئارسلان - ئالما، بەربژێرێکی دیکەی لیستەکەیە، هۆکاری بەربژێرکردنی خۆی رووندەکاتەوە و دەڵێت، "لە بواری کۆچبەراندا کار دەکەم و زۆربەی کۆچبەران، بەتایبەتی کوردان، کێشەی زۆریان هەیە، وەڵامی نامە و داواکارییەکانیان درەنگ دەدرێتەوە، هەندێک جار بە مانگ و ساڵیش، دەمەوێت زیاتر هاوکارییان بکەم، بەتایبەتی بۆ ژنان، زۆربەی ژنە کوردەکان کاتێک دێنە ئێرە، سەرەتا ژیانێکی ناخۆشیان هەیە، هەندێکیان تووشی کێشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی دەبن و تەنانەت پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن، چونکە لە کولتوورێکی جیاوازدا دەژین، کێشەی فێربوونیان یەکێکە لە گەورەترین کێشەکان."
 
زەکەریا حەسەن لە درێژەی قسەکانیدا ئامانجەکانی لیستی نێودەوڵەتی بۆ 5 ساڵی داهاتوو دەخاتەڕوو و دەڵێت، "ئامانجی ئێمە دروستکردنی ئۆفیسێکی دژە رەگەزپەرستییە لە بۆخووم، چونکە رەگەزپەرستی بەرامبەر بە کورد و بیانییەکان هەیە، هەروەها دەمەوێت کار لەسەر پرسی دیموکراسیەت بکەین، چونکە زۆرجار مافەکانی ئەو کەسانەی تازە هاتوون، پێشێل دەکرێت و تەنانەت دیپۆرتیش دەکرێنەوە."
 
سەبارەت بە دەرچوون و سەرکەوتنی "لیستی نێودەوڵەتی" چ قازانجێکی بۆ کوردی دیاسپۆرانشین دەبێت؟ زەکەریا حەسەن وەڵامی دایەوە و گوتی، "پرسگەلێکی زۆر هەن پێویستە چارەسەر بکرێن، دروستکردنی ئۆفیسی دژە رەگەزپەرستی بۆ بەرەنگاربوونەوەی جیاوازییەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ بیانییەکان و بەتایبەتی کوردان، یەکێکە لەوانە، ئێمە پێویستمان بە دیموکراسییەتە بۆ ئەوەی دەنگمان هەبێت و کێشەکانمان چارەسەر بکرێن."
 
لەبارەی رەگەزپەرستی دژی کوردان، زەکەریا حەسەن پشتڕاستی دەکاتەوە، "لە ماوەی رابردوودا رەگەزپەرستی بەرزبووەتەوە، بەتایبەتی بەرامبەر بەو کەسانەی تازە هاتوون و زمانی ئەڵمانی نازانن، ئێمە دەمانەوێت کار لەسەر ئەم پرسە بکەین."
 
بۆ راکێشانی دەنگدەری گەنج، بەربژێرەکان تەکنیکی جیاواز بەکاردەهێنن، یەکێک لەوانە خستنەگەڕی چەرخێکە کە خەڵاتی جیاوازی لێ دەردەچێت، لە کاتی سووڕاندنەوەی چەرخەکەشدا قسە لەگەڵ خەڵک دەکرێت بۆ ئەوەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن و دەنگ بە لیستی ژمارە چوار، واتە لیستی نێودەوڵەتی بدەن.
 
زەکەریا خۆی وەک کارمەندێکی راوێژکاری EFO (ئۆفیسی رووناکبیری و فێربوون) دەناسێنێت و دەڵێت، "کاری راوێژکاری دەکەم بۆ ئەو کەسانەی پرسیاریان هەیە و کێشەکانیان چارەسەر دەکەم، هەروەها پڕۆژەی وەرگێڕی کوردییمان هەیە، هاوکاری ئەو کەسانە دەکەم کە دەیانەوێت کۆمەڵە دروست بکەن یان کۆمەڵەیان هەیە و کێشەیان هەیە بۆ ئەوەی پڕۆژە لەگەڵ حکومەتدا ئەنجام بدەن."
 
گولتەکین ئارسلان - ئالما جەخت لەسەر گرنگیی کارکردن لەسەر کێشە قورسەکان دەکاتەوە و دەڵێت، "بەتایبەتی بۆ ژنان، فێربوونی زمان و خاوەندارێتی منداڵ کێشەی گەورەن، دەمانەوێت هاوکارییان بکەین، بەتایبەتی لە کاتی پشووی قوتابخانەکان بۆ ئەوەی لە ماڵەوە نەبەسترێنەوە، بەڵکو شوێن و کاریان بۆ بدۆزینەوە تا بتوانن کات بەسەر ببەن و لەگەڵ منداڵەکانیشیاندا بەشدار بن."
 
ڤالێنتین فووتوو، قەشەیەکی ئەفریقییە و یەکێکە لە بەربژێرەکانی لیستەکە، لە ساڵی 1990ـەوە لە ئەڵمانیا دەژی، دەڵێت، "ناتوانم بڵێم زۆرینەی لیستەکە کوردن، خەڵکی وڵاتانی عەرەبی و نەتەوە جیاوازەکانی دیکەشمان لەگەڵدایە، بەڵێ، کوردەکانیش زۆرینەن، بەڵام لیستەکە نێودەوڵەتییە، من لە ساڵی 4199ـەوە لە بۆخووم دەژیم و خۆم بەربژێر کردووە، چونکە ئێمە کێشەیەکی گەورەمان هەیە و پەیوەندیمان نییە لە ئەڵمانیا، ئێمە نوێنەرایەتی کۆچبەران دەکەین و دەتوانین کێشەکانیان چارەسەر بکەین."
 
زەکەریا حەسەن لە کۆتایی قسەکانیدا جەخت لەسەر متمانەی خەڵک بە لیستەکە دەکاتەوە و دەڵێت، "زۆر کۆمەڵەی جیاواز ئەم لیستەیان پێکەوە دروست کردووە، بەربژێرەکان زۆربەی کۆچبەرانی ئەم شارە دەناسن و خەڵکیش ئەوان دەناسن، چونکە ساڵانێکی زۆرە خزمەتیان کردوون و هاوکارییان کردوون، خەڵک متمانەی بەم لیستە هەیە."
 
گولتەکین ئارسلان- ئالما بە پەرۆشەوە گوتی، "ئێمە بەرنامەی گونجاومان هەیە و دەتوانین کاری زۆر بکەین." هاوکات زەکەریا حەسەن داوا لە دەنگدەران دەکات، ئەوەی دەیبینن سەنتەری هەڵبژاردنە و لە ئێستاوە دەتوانن بێن و دەنگی خۆتان بدەن، ئەوانەش کە ناتوانن، با لە رۆژی 14ی ئەم مانگە بێن و دەنگ بدەن، لەوێ هەموو لیستەکان هەن و ناوی هەموویان لەسەرە، وەرن دەنگ بدەن بەو لیستەی کە دەتانەوێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.