رووداو دیجیتاڵ
ئێدی راما، سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا رایگەیاند، وەک یەکەمین وڵاتی جیهان، وەزیرێکی حکومەت لە ژیریی دەستکرد دروست دەکات، بۆ ئەوەی سەرپەرشتیکردنی تەندەرەکانی حکومەت بکات و بەرەنگاری گەندەڵی ببێتەوە.
راما دەڵێت، وەزیرە نوێیە دەستکردەکە گەندەڵی لە پێشكێشکردن و راگەیاندنی تەندەرەکان ناهێڵێت.
پارتی سۆسیالیست بە سەرکردایەتیی راما، ئایاری ئەم ساڵ بردنەوەیەکی گەورەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەدەستهێنا.
رۆژی پێنجشەممە، سەرۆکوەزیرانەکە کۆبوونەوەیەکی بە پارتەکەی کرد بۆ ئەوەی کابینە نوێیەکەی بخاتەڕوو.
راما "ئەندامێک"ی نوێی بە ناوی "دایێلا" پێشکێش کرد، کە لە زمانی ئەلبانیدا بە واتەی "خۆر" دێ.
راما گوتی: "دایێلا یەکەمین ئەندامی حکومەتە کە بە شێوەی بەرجەستە ئامادە نابێ، بەڵکو بە شێوەی گریمانەیی لە لایەن ژیریی دەستکردەوە دروست کراوە."
هەموو تەندەرەکانی حکومەت لە لایەن وەزیرە دەستکردەکە رای دەکرێن و یەکلایی دەکرێنەوە. وەک راما دەڵێت: "بۆ ئەوەی 100٪ بێ گەندەڵی بن و ئەو پارە گشتییەی بۆ تەندەرەکان تەرخان دەکرێ، بە تەواوی شەفاف بێ."
دایێلا مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ وەک یاریدەدەرێکی وێناکراوی لە ژیریی دەستکرد دروستکراو راگەیێندرا. دایێلا لە وێنەی ژنێکدایە کە جلی رەسەنی ئەلبانیی لەبەردایە. ئەرکەکەی بریتییە لە یارمەتیدانی خەڵک بۆ ئەوەی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنیی (ئی-ئەلبانیا) بەکاربێنن کە بەڵگەنامە و خزمەتگوزارییەکانی حکومەتی تێدایە.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا پلاتفۆرمەکە 36 هەزار و 600 بەڵگەنامەی حکومی بۆ خەڵک دەرکردووە و نزیکەی هەزار جۆر کاروباری فەرمانگەیی لە رێگەیەوە رایی دەکرێن.
راما چوارەم جارە دەبێتە سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا.
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، کابینەکەی پێشكێش بە پەرلەمان بکات.
بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی گەندەڵی لە نێو حکومەتدا یەکێکە لە مەرجەکانی وەرگرتنی ئەلبانیا وەک ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا.
راما دەیەوێ وڵاتە خاوەن 2.8 ملیۆن دانیشتووانەکەی تاوەکو ساڵی 2030 بکاتە ئەندامی قەوارە سیاسییەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ