ئیسرائیل، ئیسپانیا بە "هەڕەشەی جینۆساید" تۆمەتباردەکات؛ مەدرید وەڵامی دەداتەوە

12-09-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، پێدرۆ سانچێزی هاوتا ئیسپانییەکەی تۆمەتبارکرد بەوەی "هەڕەشەی جینۆساید"ی لە ئیسرائیل کردووە. مەدرید بە تووندی وەڵامی دایەوە. 
 
مارگاریتا رۆبلێس، وەزیری بەرگریی ئیسپانیا بە کەناڵی ئانتێنا 3ی وڵاتەکەی راگەیاند: "پێم وانییە نەتەنیاهوو ئەو کەسە بێت مافی ئەوەی هەبێت وانە بە کەس بڵێت، لە کاتێکدا ئەو کارە قێزەونانە لە غەززە دەکات."
 
قسەکانی ئەو وەزیرە لە کاردانەوەی ئەو پەیامەدا هات کە نووسینگەی نەتەنیاهوو رۆژی پێنجشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە و تێیدا سانچێزی بە هەڕەشەکردن لە ئیسرائیل تۆمەتبارکرد.
 
رۆژی دووشەممە، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر غەززە بە جینۆساید ناوبرد و چەند رێکارێکی دژی ئیسرائیل راگەیاند، کە بریتیبوون لە گەمارۆی چەک، قەدەخەکردنی ئەو کەشتییانەی سووتەمەنی بۆ سوپای ئیسرائیل دەگوازنەوە، هەروەها سنووردارکردنی هاوردەکردنی کاڵا لە کۆمەڵگە جوونشینە نایاساییەکانەوە.
 
سانچێز لە گوتارێکدا رایگەیاند: "ئیسپانیا، وەک دەزانن، بۆمبی ئەتۆمی نییە. کەشتیی فڕۆکەهەڵگر و یەدەگی گەورەی نەوتیشی نییە. ئێمە بە تەنیا ناتوانین هێرشی ئیسرائیل رابگرین، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیێنێت کە واز لە هەوڵدان بهێنین."
 
رۆژی پێنجشەممە، نووسینگەی نەتەنیاهوو وەڵامێکی تووندی سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیای دایەوە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، سانچێز رایگەیاند کە ئیسپانیا ناتوانێت شەڕی ئیسرائیل دژی تیرۆریستانی حەماس رابگرێت، چونکە 'ئیسپانیا چەکی ئەتۆمی نییە.' ئەمە هەڕەشەیەکی ئاشکرای جینۆسایدە لە تاکە دەوڵەتی جوو لە جیهان."
 
چەند کاژێرێک دواتر، وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیا وەڵامی دایەوە و لە راگەیێندراوێکدا گوتی کە "گەلی ئیسپانیا دۆستی گەلی ئیسرائیلە، هەروەک چۆن دۆستی گەلی فەلەستینە" و لێدوانەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بە "درۆ و تۆمەت" ناوبرد.
 
ئەم گرژییەی ماوەی هەفتەیەکە لەنێوان ئیسرائیل و ئیسپانیا هەیە، دوای چەندین مانگ لە خراپبوونی پەیوەندییەکانیان دێت.
 
سانچێز، سەرکردەی سۆسیالیستەکان، یەکێک بووە لە دیارترین رەخنەگرە ئەورووپییەکان لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە.
 
سانچێز باڵاترین سەرکردەی ئەورووپایە کە شەڕەکە بە "جینۆساید" ناوببات، هەروەها لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوودا، پێچەوانەی هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی، دانی بە دەوڵەتی فەلەستیندا نا.
 
لەو کاتەوە، ئیسرائیل هیچ باڵیۆزێکی لە مەدرید نییە، ئیسپانیاش رۆژی دووشەممە باڵیۆزی خۆی لە ئیسرائیل بانگکردەوە، دوای ئەوەی جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ئیسپانیای تۆمەتبارکرد بەوەی "هەڵمەتێکی دژە ئیسرائیلی و دژە جوو"ی دەستپێکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا