رووداو دیجیتاڵ
رووسیا تۆمەتی ئەوەی خستەپاڵ ئۆکراینا کە بە زنجیرەیەک هێرشی درۆنی، بنکەیەکی ئەتۆمیی وڵاتەکەی کردووەتە ئامانج. رووسیا دەڵێ، شەوی رابردوو نزیکەی 200 درۆنی ئۆکراینییان خستووەتە خوارەوە.
رۆژی هەینی 12-09-2025 رۆساتۆم، ئاژانسی ئەتۆمیی رووسیا رایگەیاند، هێرشکراوەتە سەر بنکەی ئەتۆمیی سمۆلێنسک کە نزیکەی 300 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای مۆسکۆوە دوورە.
بەگوێرەی ئاژانسەکە، کاژێر 4:00ـی بەرەبەیان بەکاتی مۆسکۆ [هەمان کاتی هەولێر]، بەرگریی ئاسمانیی رووسیا لە نزیک یەکەی سێیەمی کارەبا لە بنکەی ئەتۆمیی سمۆلێنسک، درۆنێکی ئۆکراینی خستوەتەخوارەوە.
ئاژانسەکە دەڵێ، جگە لە زیانی مادی، هیچ کەسێک بەر ئەو هێرشە نەکەوتووە و "بنکەکە لە کاری خۆی بەردەوامە و هیچ گۆڕانکارییەک لە ئاستی تیشکدانەوە رووینەداوە."
وەزارەتی بەرگریی رووسیا گوتی، شەوی رابردوو 221 درۆنی ئۆکراینییان خستووەتە خوارەوە.
کیێڤیش گوتی، هەر ئەو شەوە رووسیا 40 درۆنی بۆ ئۆکراینا ئاراستە کردووە.
ئۆکراینا چەندین مانگە بە درۆن هێرش دەکاتە سەر پێگە و ژێرخانەکانی وزەی رووسیا و دەشڵێت، ئەمە وەڵامێکی "دادپەروەرانەیە" بۆ ئەو هێرشانەی رووسیا دەیانکاتە سەر شار و تۆڕەکانی دابەشکردنی کارەبای ئۆکراینا.
لەماوەی جەنگەکەیان، ئۆکراینا و رووسیا یەکدییان بە هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزە تۆمەتبارکردووە، ئەمەش نیگەرانیی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە.
هەر لە یەکەم رۆژی هێرشەکەی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە شوباتی 2022، رووسیا توانی دەست بەسەر بنکەی ئەتۆمیی چێرنۆبڵ بگرێ، کە لە کار کەوتووە، دوای مانگێک لێی کشایەوە.
دواتر، مۆسکۆ دەستی بەسەر بنکەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا گرت لە باشووری ئۆکراینا، هێشتاش سەربازەکانی لەوێ ماون. بنکەکە گەورەترینی نێو بنکە ئەتۆمییەکانی ئەورووپایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ