رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، ئەو ئارامییەی لە بەرامبەر مامەڵەی ڤلادیمیر پووتین هەیبووە، "بەخێرایی بەرەو نەمان دەڕوات" و باس لە سەپاندنی "سزای تووند" بەسەر رووسیادا دەکات. ئاماژە بەوەش دەکات، پێویستە ئۆکراینا سازش بکات بۆئەوەی جەنگەکە بوەستێت.
رۆژی هەینی 12-09-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی وڵاتەکەی لەبارەی ئەو "ئارامی"یەی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ رووسیا بە سەرۆکایەتیی ڤلادیمیر پووتین هەیبووە بۆ راگرتنی جەنگی ئۆکراینا گوتی، "خەریکە نامێنێت، بە خێرایی نامێنێت، بەڵام چەپڵە بە دەستێک لێنادرێت."
لەبارەی راگرتنی جەنگەکە، ترەمپ گوتی، "بەڕاستی سەیرە، کاتێک پووتین ویستی بیکات [رایگرێ]، زیلینسکی نەیکرد. کاتێک زیلینسکی ویستی، پووتین نەیویست. ئێستا زیلینسکی دەیەوێ و پووتین بێدەنگە. پێویستە زۆر بە بەهێزەوە گوشار بکەین."
ترەمپ مانگی کانوونی دووەمی 2025 وەک سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکار بووەوە و پێشتر بەڵێنیدابوو لە 24 کاژێردا جەنگەکە بووەستێنێت، بەڵام دوای چەند مانگێک لە دەستبەکاربوونی گوتی، راگرتنی ئەو جەنگە زۆر قورسترە لەوەی بیری لێدەکردەوە.
ئەمڕۆ وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا رێککەوتن کە سزاکانی سەر رووسیا بۆ شەش مانگی دیکە درێژبکەنەوە، ئەوەش بەهۆی جەنگی ئۆکرایناوە.
لەنێو لیستی سزاکانی یەکێتییەکەدا 2 هەزار و 500 کەسایەتی و دامەزراوەی رووسیا هەن کە ڤلادیمیر پووتینیشی تێدایە.
رۆژی هەینی، 12ـی ئەیلوولی 2025، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی، "سزاکانی سەر رووسیامان درێژکردنەوە."
پێشتر هەریەکە لە هەنگاریا و سلۆڤاکیا داوایان کردبوو کە ژمارەیەک کەس لە لیستی سزاکانی یەکێتیی ئەورووپا دەربهێندرێن، بەڵام دواتر وازییان لە داواکارییەکەیان هێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ