رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وڵاتەکەی دەیەوێت پەرە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بدات.
دارین لاهوود، ئەندامی کۆماری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کە 25ی مانگی رابردوو لەگەڵ شاندێکی کۆنگرێس سەردانی بەغدا و هەرێمی کوردستانی کرد، ئەمڕۆ هەینی بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتنی راگەیاند، "من لە هەولێر و سلێمانی بووم. وەک دیارە، پەیوەندییەکی بەهێزمان لەگەڵ کوردی ئەوێ هەیە."
وێڕای ئەوەی بڕیارە بەگوێرەی رێککەوتن لە کۆتایی ئەم مانگە وەکو قۆناخی یەکەم و لە کۆتایی ساڵی داهاتووش وەکو قۆناخی دووەم، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان تەواو بێت، لاهوود بە رووداوی گوت، ئەوان دەیانەوێت "پەیوەندیی ئەمنیی بەردەوام"یان لەگەڵ عێراق هەبێت.
ئەو ئەندامەی پارتەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت، "دەمانەوێت پەرە بە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و [کورد] بدەین و دان بە ئامانجیان بۆ سەروەری و سەربەخۆیی ئەو بەهایانەدا بنێین کە باوەڕیان پێیەتی."
لاهوود پێیوایە، ئەمریکا "هاوبەشێکی لە کورد بەهێزتری دەستناکەوێت."
ئەندامەکەی گۆنگرێس باسی لەوە کرد، تەوەری سەرەکیی "سەردانە زۆر باشەکەیان" لە مانگی رابردوو، وەک خۆی دەڵێت، تاوتوێکردنی بابەتی کشانەوەکە بووە.
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە لە دیدارەکانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا "پێزانینی" خۆیان بۆ هەوڵەکانی حکومەتی عێراق لە پاراستنی سەقامگیریی وڵات نیشانداوە.
مانگی رابردوو، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەکانی ڤیکتۆریا لە بەغدا و عەین ئەسەد لە ئەنبار دەستی پێکرد. 25ی ئاب، سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنیی عێراق بە رووداوی راگەیاندبوو، ئەوانەی دەکشێنرێنەوە، دەگوازرێنەوە بۆ بنکەکانی هەولێر.
لە نێوەڕاستی ئەم ساڵ، ئەمریکا نزیکەی دوو هەزار و 500 سەربازی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ