رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستان راگەیاند، ئەو ئۆپەراسیۆنە کۆتاییهاتووە کە ئێوارەی شەممە لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵات دژی پاکستان دەستیپێکردبوو.
ئۆپەراسیۆنەکەی تاڵیبان لە "وەڵامی هێرشە ئاسمانییەکانی سەر کابوول" بوو کە پێیوایە لەلایەن پاکستانەوە کرابوون.
عەنایەتوڵڵا خوارزمی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستان بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە: "ئەمشەو، هێزە چەکدارەکانی میرنشینی ئیسلامی بە سەرکەوتوویی ئۆپەراسیۆنیان دژی هێزە ئەمنییەکانی پاکستان بە درێژایی هێڵی دیوراند کرد، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ پێشێلکارییە بەردەوامەکان و ئەو هێرشە ئاسمانییانەی کە بە دەستپێشخەریی سوپای پاکستان، خاکی ئەفغانستانیان کردبووە ئامانج."
خوارزمی گوتیشی: "ئۆپەراسیۆنەکە لە نیوەشەودا کۆتاییهات، بەڵام ئەگەر جارێکی دیکە خاکی ئەفغانستان پێشێل بکرێتەوە، هێزە چەکدارەکانمان ئامادەن بۆ وەڵامدانەوە و جووڵەی تووند."
پێشتر، بەرپرسانی خۆجێی لە ویلایەتەکانی کونەر، نەنگەرهار، پاکتیا، خۆست و هێلمەند کە هەموویان دەکەونە سەر هێڵی دیوراندی سنووری نێوان پاکستان و ئەفغانستان، رایانگەیاندبوو کە "پێکدادانی تووند" روویداوە.
بەرپرسێکی باڵا لە پێشاوەر لە ویلایەتی خەیبەر پختونخوای پاکستان لەسەر سنووری ئەفغانستان، گوتی: " لە چوار ناوچەی سنووری، هێزەکانی تاڵیبان ئەم ئێوارەیە دەستیان بە بەکارهێنانی چەکی سووک و دواتریش تۆپخانەی قورس کرد."
ئەو بەرپرسە پاکستانییە هەروەها گوتی: "هێزەکانی پاکستانیش بە چڕی وەڵامیان دایەوە و سێ درۆنی ئەفغانییان خستە خوارەوە کە گومانیان لێدەکرا بۆمبیان هەڵگرتبێت."
رۆژی شەممە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لە ئەفغانستان و پاکستانی دراوسێ کرد، "دان بەخۆیاندا بگرن."
عێراقچی لە چاوپێکەوتنێکی راستەوخۆدا لە تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران گوتی: "هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە کە پێویستە هەردوولا دان بەخۆیاندا بگرن،" ئاماژەی بەوەشکرد کە "سەقامگیریی" نێوان ئەو دوو وڵاتە "رۆڵی لە سەقامگیریی ناوچەکەدا هەیە."
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی سعودیە داوای "دانبەخۆداگرتن، خۆبەدوورگرتن لە پەرەسەندنی گرژییەکان و پێشخستنی زمانی دیالۆگ و دانایی" ی کرد، "بۆ ئەوەی گرژییەکان کەمببنەوە و ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بپارێزرێت."
پەرەسەندنی گرژییەکان
گرژییەکان رۆژی پێنجشەممە دەستیانپێکرد، دوای بیستنی دەنگی دوو تەقینەوە لە کابوولی پایتەختی ئەفغانستان و تەقینەوەیەکی سێیەم لە باشووری رۆژهەڵاتی وڵات.
رۆژی هەینی، وەزارەتی بەرگریی حکومەتی تاڵیبان بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشانەی خستە ئەستۆی پاکستان و تۆمەتباری کرد بە "پێشێلکردنی سەروەرییەکەی".
ئیسلامئاباد رۆڵی خۆی لەو تەقینەوانەدا پشتڕاست نەکردەوە، بەڵام داوای لە کابوول کرد "واز لە داڵدەدانی ئەندامانی بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان بهێنێت."
ئیسلامئاباد، بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان تۆمەتبار دەکات بەوەی لە ساڵی 2021ـەوە سەدان سەربازی پاکستانی کوشتووە. ئەو بزووتنەوەیە هەمان ئایدۆلۆژیای تاڵیبانی ئەفغانستانی هەیە و لەوێ راهێنانیان پێکراوە.
لە چەند مانگی رابردوودا، بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان هێرشەکانی دژی هێزە ئەمنییەکانی پاکستان لە ناوچە شاخاوییەکانی سەر سنووری ئەفغانستان چڕکردەوە.
ئیسلامئاباد پێیوایە گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە کابوول لە هاوینی 2021، بووەتە هۆی پەرەسەندنی ئەو تووندوتیژییانە.
کابوول ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و لە بەرامبەردا ئیسلامئاباد تۆمەتبار دەکات بە یارمەتیدانی گرووپە "تیرۆریستییەکان"، بەتایبەتی رێکخراوی داعش.
پێشتر راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کردبوو بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان "پشتگیرییەکی لۆجستی و ئۆپەراسیۆنیی گەورە لە دەسەڵاتدارانی دیفاکتۆ وەردەگرێت" کە مەبەستی لە حکومەتی تاڵیبان بوو لە کابوول.
خواجە محەممەد ئاسیف، وەزیری بەرگریی پاکستان، رۆژی پێنجشەممە لە پەرلەمان رایگەیاند، هەوڵە زۆرەکانیان بۆ رازییکردنی دەسەڵاتدارانی تاڵیبانی ئەفغانستان بۆ وازهێنان لە پشتگیریکردنی تاڵیبانی پاکستان، شکستیان هێناوە.
ئاسیف گوتی: "ئیدی بەرگەی ئەمە ناگرین" و داوای "یەکڕیزیی کرد بۆ وەڵامدانەوەی ئەوانەی کارئاسانییان بۆ دەکەن، جا چ حەشارگەکانیان لەسەر خاکی ئێمە بێت یان لە خاکی ئەفغانستان."
وەزیرەکە هۆشداریدا لەوەی هەر وەڵامدانەوەیەک رەنگە ببێتە هۆی زیانی لاوەکی و گوتی: "پێویستە هەمووان باجی لێکەوتەکان بدەن، بەوانەشەوە کە داڵدەیان دەدەن."
ساڵی 2024 لە رووی زیانە گیانییەکانەوە بەهۆی تووندوتیژییەکانی پەیوەست بە گرووپە تووندئاژۆکان لە پاکستان، خراپترین ساڵ بوو لە ماوەی نزیکەی 10 ساڵدا، کە زیاتر لە هەزار و 600 کەس تێیدا کوژران و زۆرینەیان سەرباز بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ