جیهان
پیاوێک سەیری شەقامە لافاو لێدراوەکەی دەکات دوای ئەوەی بارانێکی بەخوڕ لە 10ی تشرینی یەکەمی 2025 لە شاری پۆزا ریکای مەکسیکی گرتەوە. وێنە: Getty Images
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی مەکسیک رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، لانیکەم 44 کەس دوای چەندین رۆژ لە بارانی بەخوڕ و لافاو لەو وڵاتەدا گیانیان لەدەستداوە.
بارانی بەخوڕ و زریانی پرسیلا و رەیمۆند بووە هۆی دروستبوونی قوڕ و لافاو لە پێنج ویلایەتدا.
حکومەت لە راگەیێنراوێکدا گوتی، 18 کەس لە ویلایەتی ڤێراکرۆز، 16 لە هیدالگۆ، نۆ لە پوێبلا و یەکێکیش لە کێرێتارۆ گیانیان لەدەستداوە.
حکومەتی کلاودیا شینبۆم، سەرۆکی مەکسیک پلانی وەڵامدانەوەی بۆ پشتیوانیکردنی 139 شارۆچکەی زیانبەرکەوتوو داناوە.
وێنەکان کە لەلایەن سوپای مەکسیکەوە بڵاوکراونەتەوە، خەڵکیان نیشان دەدا کە لەلایەن سەربازانەوە بە بەلەمی رزگارکردن دەگوازرێنەوە، ماڵەکان پڕن لە قوڕ و کارمەندانی فریاگوزاری کە بەنێو ئاوێکی بەرزدا لە شەقامەکانی شارۆچکەکاندا دەڕۆیشتن.
شینبۆم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "لە گرنگیدان بە حاڵەتی فریاکەوتن لە ڤێراکرۆز، هیدالگۆ، پوێبلا، کێرێتارۆ و سان لویس پۆتۆسی، بە هەماهەنگی لەگەڵ حاکمەکان و دەسەڵاتدارانی جۆراوجۆری فیدراڵی بەردەوامین."
یادیرا گۆنزالێز، هاووڵاتییەکی مەکسیکە و گوتی: "سرووشتە چی بکەین؟ کاریگەرییەکەی زۆرە. هەموو شتێکمان لەدەستچووە، ژووری دانیشتنەکەمان، ژووری نان خواردن، مۆبیلیاتەکانمان، جێخەوەکانمان و هەموو شتێک."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ