رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئەفغانستان رایگەیاند، سەربازەکانیان لە شەڕی شەوی رابردووی سەر سنووردا 58 سەربازی پاکستانیان کوشتووە.
زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، 9 سەربازی ئەوانیش کوژراون.
وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستان راگەیاند، ئەو ئۆپەراسیۆنە کۆتاییهاتووە کە ئێوارەی شەممە لە سنووری نێوان هەردوو وڵات دەستیپێکردبوو.
ئۆپەراسیۆنەکەی تاڵیبان لە "وەڵامی هێرشە ئاسمانییەکانی سەر کابوول" بوو کە پێیوایە لەلایەن پاکستانەوە کرابوو.
شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان رایگەیاند، هێرشەکانی ئەفغانستان "بە تووندی سەرکۆنە دەکەین" و رایگەیاند، "وەڵامێکی بەهێز"یان بۆی دەبێت.
لە راگەیێندراوێکدا گوتیشی: "هیچ سازشێک لەسەر بەرگریکردن لە پاکستان ناکرێ. بۆ هەموو دنەدانێکیش وەڵامێکی بەهێز و کاریگەرمان دەبێ."
عەنایەتوڵڵا خوارزمی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستان بە ئاژانسی فرانس پرێس گوت: "ئەمشەو، هێزە چەکدارەکانی میرنشینی ئیسلامی بە سەرکەوتوویی ئۆپەراسیۆنیان دژی هێزە ئەمنییەکانی پاکستان بە درێژایی هێڵی دیوراند کرد، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ پێشێلکارییە بەردەوامەکان و ئەو هێرشە ئاسمانییانەی بە دەستپێشخەریی سوپای پاکستان، خاکی ئەفغانستانیان کردبووە ئامانج."
خوارزمی گوتیشی: "ئۆپەراسیۆنەکە لە نیوەشەودا کۆتاییهات، بەڵام ئەگەر جارێکی دیکە خاکی ئەفغانستان پێشێل بکرێتەوە، هێزە چەکدارەکانمان ئامادەن بۆ وەڵامدانەوە و جووڵەی تووند."
پێشتر، بەرپرسانی خۆجێیی لە ویلایەتەکانی کونەر، نەنگەرهار، پاکتیا، خۆست و هێلمەند کە هەموویان دەکەونە سەر هێڵی دیوراندی سنووری نێوان پاکستان و ئەفغانستان، رایانگەیاندبوو کە "پێکدادانی تووند" روویداوە.
بەرپرسێکی باڵا لە پێشاوەر لە ویلایەتی خەیبەر پختونخوای پاکستان لەسەر سنووری ئەفغانستان گوتی: " لە چوار ناوچەی سنووری، هێزەکانی تاڵیبان دەستیان بە بەکارهێنانی چەکی سووک و دواتریش تۆپخانەی قورس کرد."
ئەو بەرپرسە پاکستانییە هەروەها گوتی: "هێزەکانی پاکستانیش بە چڕی وەڵامیان دایەوە و سێ درۆنی ئەفغانستانییان خستە خوارەوە کە گومانیان لێدەکرا بۆمبیان هەڵگرتبێت."
رۆژی شەممە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لە ئەفغانستان و پاکستانی دراوسێ کرد "دان بەخۆیاندا بگرن."
عێراقچی لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنییدا گوتی: "هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە کە پێویستە هەردوولا دان بەخۆیاندا بگرن؛" ئاماژەی بەوەشکرد کە "سەقامگیریی" نێوان ئەو دوو وڵاتە "رۆڵی لە سەقامگیریی ناوچەکەدا هەیە."
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی سعودیە داوای "دانبەخۆداگرتن، خۆبەدوورگرتن لە زیادبوونی گرژییەکان و پێشخستنی زمانی دیالۆگ و دانایی" کرد، "بۆ ئەوەی گرژییەکان کەمببنەوە و ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بپارێزرێت."
زیادبوونی گرژییەکان
گرژییەکان رۆژی پێنجشەممە دەستیانپێکرد، دوای بیستنی دەنگی دوو تەقینەوە لە کابوولی پایتەختی ئەفغانستان و تەقینەوەیەکی دیکە لە باشووری رۆژهەڵاتی وڵات.
رۆژی هەینی، وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستان بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشانەی خستە ئەستۆی پاکستان و تۆمەتباری کرد بە "پێشێلکردنی سەروەرییەکەی".
ئیسلامئاباد رۆڵی خۆی لەو تەقینەوانەدا پشتڕاست نەکردەوە، بەڵام داوای لە کابوول کرد "واز لە داڵدەدانی ئەندامانی بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان بهێنێت."
ئیسلامئاباد، بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان تۆمەتباردەکات بەوەی لە ساڵی 2021ـەوە سەدان سەربازی پاکستانی کوشتووە. ئەو بزووتنەوەیە هەمان ئایدۆلۆژیای تاڵیبانی ئەفغانستانی هەیە و لەوێ راهێنانیان پێکراوە.
لە چەند مانگی رابردوودا، بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان هێرشەکانی دژی هێزە ئەمنییەکانی پاکستان لە ناوچە شاخاوییەکانی سەر سنووری ئەفغانستان چڕکردووەتەوە.
ئیسلامئاباد پێیوایە گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە کابوول لە هاوینی 2021 بووەتە هۆی زیادبوونی ئەو تووندوتیژییانە.
کابوول ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و لە بەرامبەردا ئیسلامئاباد تۆمەتبار دەکات بە یارمەتیدانی گرووپە "تیرۆریستییەکان"، بەتایبەتی رێکخراوی داعش.
پێشتر راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کردبوو، بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان "پشتگیرییەکی لۆجستی و ئۆپەراسیۆنیی گەورە لە دەسەڵاتدارانی دیفاکتۆ وەردەگرێ" کە مەبەستی لە حکومەتی تاڵیبان بوو لە کابوول.
خواجە محەممەد ئاسیف، وەزیری بەرگریی پاکستان، رۆژی پێنجشەممە لە پەرلەمان رایگەیاند، هەوڵە زۆرەکانیان بۆ رازییکردنی دەسەڵاتدارانی تاڵیبانی ئەفغانستان بۆ وازهێنان لە پشتگیریکردنی تاڵیبانی پاکستان، شکستیان هێناوە.
ئاسیف گوتی: "ئیدی بەرگەی ئەمە ناگرین" و داوای "یەکڕیزیی کرد بۆ وەڵامدانەوەی ئەوانەی کارئاسانییان بۆ دەکەن، جا چ حەشارگەکانیان لەسەر خاکی ئێمە بێت یان لە خاکی ئەفغانستان."
وەزیرەکە هۆشداریدا لەوەی کە هەر وەڵامدانەوەیەک رەنگە ببێتەهۆی زیانی لاوەکی و گوتی: "پێویستە هەمووان باجی لێکەوتەکان بدەن، بەوانەشەوە کە داڵدەیان دەدەن."
ساڵی 2024 لە رووی زیانە گیانییەکانەوە بەهۆی تووندوتیژییەکانی پەیوەست بە گرووپە تووندئاژۆکان لە پاکستان، خراپترین ساڵ بوو لە نزیکەی 10 ساڵدا، کە زیاتر لە هەزار و 600 کەس تێیدا کوژران و زۆرینەیان سەرباز بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ