پشکنینی ئۆتۆماتیکیی سنوورەکان لە ئەورووپا دەستیپێکرد

12-10-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە ئەمڕۆ یەکشەممە 12-10-2025ـەوە ئەو گەشتیارانەی خەڵکی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپان و دەچنە ناوچەی شینگنەوە، وێنەیان دەگیرێ و پەنجەمۆریان لێوەردەگیرێ، ئەوەش لە کاتێکدایە کە یەکێتیی ئەورووپا دەستی بە جێبەجێکردنی سیستمی پشکنینی خۆکارانەی سنوور کردووە.
 
ئامانج لە سیستمە نوێیەکە ئەوەیە جێگەی پەنجەمۆری سەر پاسپۆرتەکان بگرێتەوە و گۆڕینەوەی زانیاریی باشتر لەنێوان 27 وڵاتەکەی بلۆکەکەدا مسۆگەر بکات. 
 
سیستمەکە رێگە بە حکومەتەکان دەدات بزانن کەی خەڵک چووەتە نێو وڵاتێک و کەی لێی دەرچووە، بە ئامانجی دەستنیشانکردنی باشتر بۆ هەر کەسێک کە زیاد لە ماوەی دیاریکراو دەمێنێتەوە.
 
سیستمەکە کە نزیکەی 10 ساڵە مشتومڕێکی گەرمی لەسەرە، نیگەرانیی لای کۆمپانیاکانی گواستنەوە و گەشتیاران دروستکردووە، کە دەترسن ببێتەهۆی دروستبوونی قەرەباڵخیی زیاتر لە فڕۆکەخانە و وێستگەکانی شەمەندەفەر.
 
بۆ کەمکردنەوەی کێشەکە، جێبەجێکردنەکە بە شێوەی قۆناخ بە قۆناخ دەبێت.
 
قۆناخی یەکەم
 
قۆناخی یەکەم ئەمڕۆ دەستی پێکرد. ئەو هاووڵاتییە بیانییانەی کە بۆ ماوەی کورتخایەن دەچنە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، جگە لە قوبرس و ئیرلەندا، داوای ژمارەی پاسپۆرت، پەنجەمۆر و وێنەیەکیان لێدەکرێ. هەمان داواکاری لە ئایسلاند، لیشتنشتاین، نەرویج و سویسراش جێبەجێ دەکرێ.
 
وڵاتە گەورەکانی بلۆکەکە لەنێویاندا فەرەنسا و ئەڵمانیا، سەرەتا تەنیا پشکنینی سنوورداردەکەن بۆ رێگریکردن لە قەرەباڵخیی گەورە لە فڕۆکەخانەکان. 
 
کاریگەری لەسەر بەریتانیا
 
هەموو چاوەکان لەسەر سنووری بەریتانیان، چونکە هاووڵاتییانی بەریتانی کە چیدیکە هاووڵاتیی یەکێتیی ئەورووپا نین، دەکەونە ژێر کاریگەریی پشکنینە نوێیەکانەوە. 
 
دەسەڵاتدارانی بەریتانیا پێشتر هۆشدارییان دابوو بە بەریتانییەکان کە هەر گەشتیارێک پێویستی بە چەند خولەکێکی زیادە دەبێت پێش ئەوەی بتوانێت بچێتە نێو ناوچەی شینگنەوە.
 
پلانی ETIAS دێت
 
کۆمیسیۆنی ئەورووپا رایگەیاندووە، هەڵمەتی زانیاریدان دەبێت بۆ ئاسانکردنی جێبەجێکردنی سیستەمەکە کە پێی دەگوترێت سیستمی چوونە ژوورەوە/دەرچوون (EES).
 
کۆمیسیۆن دەڵێت، ئەو سیستمە یارمەتیدەر دەبێ لە رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی و یارمەتیی پاراستنی ئاسایشی هەموو ئەو کەسانە دەدات کە لە ئەورووپا دەژین یان گەشتی بۆ دەکەن.
 
قۆناخی داهاتوو لە چاکسازیی سنوورەکانی یەکێتیی ئەورووپادا بریتی دەبێ لە دەرکردنی بەڵگەنامەی رێگەپێدانی گەشتی ئەلیکترۆنی کە بە ETIAS ناسراوە، هاوشێوەی ESTAـی ئەمریکا.
 
بەپێی ETIAS، هاووڵاتییانی ئەو وڵاتانەی کە لە ڤیزە بەخشراون و گەشت بۆ یەکێتیی ئەورووپا دەکەن، دەبێ فۆرمێکی ئۆنلاین پڕ بکەنەوە و پارەیەکی کەم بدەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە