رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان دەڵێ، لە وڵاتەکەیدا سەروو 10 ملیۆن قوتابی هەن کە 2.8 ملیۆنیان کچن.
رۆژی یەکشەممە، 12ی تشرینی یەکەمی 2025، ئەمیر خان موتەقی، وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان لە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە هیندستان رایگەیاند: "ئێستا 10 ملیۆن قوتابیمان لە قوتابخانەکان و ناوەندەکانی دیکەی پەروەردە هەیە کە 2.8 ملیۆنیان کچن".
ئەو بەرپرسەی ئەفغانستان دەشڵێت، هەندێک سنوور لە ژمارەیەک ناوچەی وڵاتەکەی بۆ خوێندنی کچان دانراوە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، دەرفەتی خوێندن بۆ هەمووان هەیە و بوونی ژمارەیەک سنووریش مانای ئەوە نییە کە دژایەتی خوێندن دەکرێ.
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، حکومەتی ئەفغانستان رێگری لە خوێندنی لانیکەم 1.4 ملیۆن کچ کردووە.
ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەروەردە، زانست و کولتووری سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ) چەند جارێک هۆشداری لە رێگری حکومەتی تاڵیبان لە خوێندنی کچان داوە و ئەوەی بە مەترسی لەسەر داهاتووی "نەوەیەکی" ئەو وڵاتە داناوە.
ئابی 2021 تاڵیبان ئەفغانستانی کۆنترۆڵکرد و دواتر حکومەتی لەو وڵاتە پێکهێنا.
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دوای گرتنە دەستی دەسەڵات، تاڵیبان خوێندنی لە کچان لە دوای پۆلی شەشی بنەڕەتییەوە قەدەخەکرد و دەڵێت، خوێندنی کچان دوای ئەو قۆناخە بە گوێرەی بنەماکانی ئایینی ئیسلام ناگونجێ.
لە کاتی قسەکانی ئەمیرخاندا، هیچ رۆژنامەڤانێکی ژن ئامادەنەبوو و بەو هۆیەوە رەخنەی لێگیرا.
وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا گوتی: "کاتێکی کەممان هەبوو بۆ بڕیاردان لەبارەی هەڵبژاردنی ئەو رۆژنامەڤانانەی ناویان لە لیستی ئەوانەی داوای ئامادەبوونیان کردبوو هەبوو؛" ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەوەی روویدا زیاتر کێشەیەکی تەکنیکی بوو، نەوەک هیچ مەبەستیکی دیکە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ