رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا هێشتا ساڵێکی ماوە، بەڵام راپرسی و بانگەشە و هەڵمەتەکان دەستیان پێکردووە. راپرسییەکان ئەوە پێشان دەدەن کە هەڵبژاردنی داهاتوو لە بەرژوەندیی ترەمپە و بەرپرسێکی ئیدارەی بانگەشەی بایدنیش دەڵێت، "سەرۆکایەتیی ئەمریکا دووبارە بۆ خۆمانە."
دوو حیزبە باڵادەستەکەی ئەمریکا، کۆمارییەکان و دیموکراتەکان شەڕی بەدەستهێنانی کورسیی سەرۆکایەتی دەکەن. چاوەکان بە گشتیی لەسەر دوو کاندیدی بەهێزن، دۆناڵد ترەمپی کۆماری و جۆ بایدنی دیموکرات. دۆناڵد ترەمپ ساڵی 2016 بۆ 2020 سەرۆکی ئەمریکا بوو، دوای ئەو، جۆ بایدنی دیموکراتەکان بردییەوە و لە 2020ـەوە سەرۆکە، بەڵام دووبارە خۆی بەربژێر دەکاتەوە.
میدیای ئەمریکا ئاشکرای کردووە کە بابەتە گەرمەکانی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن بریتیی دەبن لە: بە یاساییکردنی لەباربردنی منداڵ، چاودێریی تەندروستی، پەروەردە، کۆنترۆڵکردنی چەک، مافی هاوڕەگەزخوازان، ئابووریی وڵات و گۆڕانی کەشوهەوا.
16 بەربژێر بەسەر سێ گرووپدا دابەشبوون؛ کۆمارییەکان، دیموکراتەکان و بەربژێرە سەربەخۆکان.
کۆمارییەکان
پشکی شێری بەربژێرەکان بەر حیزبە سوورەکەی ئەمریکا کەوتووە. لەپاڵ دۆناڵد ترەمپ، 8 کاندیدی دیکە بەربژێرن؛ ئەوانیش نیکی هەیڵی، ڤیڤێک رامازوامی، ئاسا هەچینسن، رایان بینکلی، تیم سکۆت، رۆن دیسانتیس، کریس کریستی و دەگ بێرگەم.
بەپێی دوایین راپرسییە بڵاوکراوەکانی ئەمریکا، ترەمپ بە جیاوازییەکیی ئێجگار زۆر لەپێش بەربژێرەکانی دیکەی کۆماییەکانەوەیە. لە دوایین 10 راپرسی کە لە 17-10 تاکو 5-11-2023 کراون، رێژەی 58.5٪ی بەشداربووان دەنگیان بە ترەمپی سەرۆکی پێشوو داوە و بەمجۆرە بە جیاوازییەکی زۆر لە ریزبەندی یەکەم دێت و رۆن دیسانتیس بەرێژەی 14.4٪ دووەمی گرتووە. هەریەک لە نیکی هەیڵی و ڤیڤێک رامازوامی رێژەی 9٪ و 4.7٪ی متمانەی خەڵکیان بەدەستهێناوە.
دیموکراتەکان
پارتە شینەکە کە ئێستا کورسیی سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەمریکایان بەدەستەوەیە، چوار بەربژێری ئامادەی هەڵمەتەکانن؛ جۆ بایدنی سەرۆکی ئێستا، ماریان ویڵیامسن، جێنک ئۆیگور و دین فیلیپس.
دوایین 8 راپرسی کە لە رۆژانی 12-10 بۆ 3-11-2023 کراون، ئەوە پێشان دەدەن کە رێژەی 72.1٪ی بەشداربووانی راپرسییەکان متمانە بە بایدن دەکەن و لەریزبەندیی یەکەمەوە لە پێش ویلیامسنی خاوەن پێگەی دووەم دێت کە تەنیا رێژەی 7٪ی کۆکردووەتەوە و دین فیلیپس لە ریزبەندیی سێیەم بە رێژەی 5.8٪ی خەڵک رای خۆیان لەسەر دەربڕیوە، بەمجۆرە بایدن تا ئێستا بەجیاوازیی 65.1٪ سەرکردایەتیی بەربژێرانی پارتەکەی خۆی دەکات.
سێ بەربژێری سەربەخۆ کە وەک خۆیان دەڵێن سەر بەهیچ لایەنێک نین، خۆیان ئامادەکردووە بەشداریی هەڵمەتەکە بکەن؛ رۆبەرت کەنەدیی جونیەر، کۆرنێل وێست و جیڵ ستاین.
رووبەڕووبوونەوەی بایدن و ترەمپ
هەموو سەرنجەکە لەسەر دەنگ و ئەنجامی بایدن و ترەمپە، ئەگەرچی جیاوازییەکە زۆر کەمە و رۆژ دوای رۆژ گۆرانکاریی بەخۆیەوە دەبینێت. لەدوایین راپرسی کە رۆژی پێنجشەممە، 9-11-2023، خراوەتەڕوو، دەنگەکانی دۆناڵد ترەمپ لەپێش جۆ بایدنەوە دێت. ترەمپ دەنگی 45.6٪ی ئەمریکییەکانی بۆخۆی راکێشاوە و جۆ بایدنیش بە رێژەی 44.5٪ لەدوای ئەوەوە دێت کەواتە جیاوازییەکە تەنها ٪1.1ـە.
سەرنجی دوو بەربژێرە بەهێزەکە لەسەر ئەو ویلایەتانەیە کە پێیان دەگوترێت Swing State، ئەو ویلایەتانە دەگرێتەوە کە زۆربەی دەنگدەرانی دوو حیزبە گەورەکەی لێنییە، ئەمەش وا دەکات هەڵوێستەکانیان لە خولێکی هەڵبژاردنەوە بگۆڕێت بۆ خولێکی دیکە، بۆیە سەرنجی بانگەشەی هەڵبژاردن روو لە ئەم ویلایەتانە دەکات بۆ ئەوەی دەنگی دەنگدەرەکانیان لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستبهێنن.
هەفتەی پێشوو رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی راپرسییەکی ئەنجامدا و رایگەیاند کە ترەمپ لە پێنج ویلایەتی سەرەکیی ئەمریکا بەپێش بایدن دەکەوێتەوە، بەگوێرەی راپرسییەکە، دەنگدەرە ئەمریکییەکان بەهۆی زۆریی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئابووریی ئەمریکا و تەمەنی بایدنەوە، متمانەی زیاتر بە ترەمپ دەکەن.
رۆژنامەکە رایگەیاند، لە ویلایەتەکانی ئەریزۆنا، جیۆرجیا، مشیگن، نێڤادا و پەنسلڤانیا دەنگەکانی ترەمپ لە بایدن زیاتر دەبن.
کێڤن مونۆز، یاریدەدەری سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی کە هەڵمەتەکانی بانگەشەی بایدن بەڕێوەدەبات رایگەیاند، "ئێمە بە کارکردنی بەردەوام هەڵبژاردنی 2024 دەبەینەوە نەوەک بە نیگەران بوون لەبارەی راپرسییەکان."
رۆژی دووشەممە، 6-11-2023، ترەمپ لە نیویۆرک بوو، ئەمەش دوای ئەوەی دادگەی ئەو ناوچەیە ترەمپی بە فێڵکردن لە سامانەکەی تۆمەتبارکرد. ئەو گوتی، "بڕیارەکە سیاسییە، من لە هەموو ویلایەتەکان لە پێشەوەم، بەڵام دۆخێکی زۆر نادادپەروەرانەیە. بەڕاستی ئەمە دەستوەردانی هەڵبژاردنە و جۆرێکە لە گاڵتەجاڕی."
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2024ی ئەمریکا، 60ـەم هەڵبژاردنە لە مێژووی ئەو وڵاتە. وا بڕیارە رۆژی سێشەممە، 5-11-2024 بەڕێوەبچن و رۆژی 20-1-2025 سەرۆکی نوێی ئەمریکا سوێندی یاسایی دەخوات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ