رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی ئەوروپا خەڵاتی ساخارۆڤ بۆ ساڵی 2023 دەبەخشێتە ژینا ئەمینی، کچە کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان کە ئەیلوولی ساڵی رابردوو دوای دەستگیرکردنی لەلایەن پۆلیسی رەوشتی ئێرانەوە، گیانی لەدەستدا.
خەڵاتەکە هاوکات، بۆ بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادییە" لە ئێران.
رۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا لە ستراستبۆرگی فەرەنسا بە زنار شینۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێویستە کاری زیاتر بکرێت بۆ باشکردنی دۆخی ژنان لە ئێران.
مێتسۆلا گوتیشی، "چوار بڕیارمان لە دژی بڕیارە سەرکوتکارەکانی ئێران دەرکردووە و ئەوروپا سزاکان لەسەر ئێران زیاتر دەکات".
ژینا لەلایەن سێ گرووپی پەرلەمانی ئەوروپییەوە بەربژێرکراوە و دەبێتە چوارەم کچی کورد لە دوای لەیلا زانا، نادیە موراد و لەمیا بەشار خەڵاتەکە بباتەوە. لەیلا زانا ساڵی 1995 و دوو كچە كوردە ئێزدییەکەی رزگاربووی دەستی داعش، لە ساڵی 2016 خەڵاتەکەیان بردەوە.
رێکخەرانی خەڵاتەکە، خێزانی ژینا ئەمینییان بانگهێشتکردبوو بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە لە فەرەنسا، بەڵام ئێران رێگەی نەدا گەشت بکەن.
رۆبێرتا مەتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا شەوی شەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس داوای لە حکومەتی ئێران کرد، بڕیاری قەدەخەی گەشتی دایک، باوک و برای ژینا ئەمینی هەڵوەشێنێتەوە. ئەو گوتی، "راستی ناشاردرێتەوە."
کەسوکاری ژینا ئەمینی بەنیاز بوون گەشت بکەن بۆ فەرەنسا، دەچوون بۆ ئەوەی خەڵاتی ساخارۆڤ وەربگرن، کە ئەم ساڵ بە ژینا ئەمینی و ژنانی ئێران دراوە، بەڵام لە فڕۆکەخانەی تاران رێگەیان پێنەدرا گەشتەکەیان بکەن.
ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "پێشتر قایمقامیەتی (سەقز)، پارێزگای سنە و دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی دیکەمان لە گەشتەکەمان ئاگادار کردبووەوە، بەڵام هیچیان نەیانگوتبوو مافی گەشتکردنتان نییە".
ئەمینی گوتوویەتی، "ئێمە ڤیزەمان هەبووە و دەمانویست بە شێوەی یاسایی گەشت بکەین، بەڵام دوای ئەوەی چووینە فڕۆکەخانەی تاران، پسوولەی گەشتکردنمان وەرگرت و جانتاکانمان رادەست کرد، پۆلیسی گەشتکردن گوتی، گەشتکردن لێتان قەدەخەیە. دوای ئەوە دەستیان بەسەر پاسپۆرتی خۆم، هاوژین و کوڕەکەمدا گرت و رێگەیان نەدا گەشت بکەین".
بە گوتەی ئەمجەد ئەمینی، لە فڕۆکەخانەوە ئەوانیان ناردووەتە داواکاری گشتیی تاران و لەوێ پێیان گوتراوە، "خێزانی ئێوە لەسەر داواکاریی (وەزارەتی ئیتلاعات) گەشتکردنیان لێ قەدەخە کراوە".
ئەمجەد ئەمینی لە روونکردنەوەکەیدا دەڵێت، "پرسیارم لە بەرپرسانی داواکاری تاران کردووە کە من و خێزانەکەم بە چ تاوانێک مافەکانمان پێشێل دەکرێت و گەشتمان لێ قەدەخە دەکرێت، بەڵام هیچ وەڵامێکی روونیان نەدایەوە".
بە گوتەی ئەمجەد ئەمینی، لە داواکاری گشتیی تاران پێیان گوتوون، دوای رۆژی 20-01-2024 پاسپۆرتەکانیان پێدەدرێتەوە، هەڵبەت ئەگەر قەدەخەی گەشت لەسەریان هەڵبگیرێت.
خەڵاتی ساخارۆڤ بەو کەس و گرووپانە دەدرێت کە ژیانی خۆیان بۆ داکۆکی لە مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین تەرخان دەکەن. پەرلەمانی ئەوروپا لە ساڵی 1988ـەوە ئەم خەڵاتەی بۆ رێزگرتن لە ئاندرێ ساخارۆڤ، زانای رووسی، دامەزراند.
ژینا ئەمینی کچیکی 22 ساڵ تەمەنی خەڵکی سەقز لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کە 13.09.2022 لە وێستگەیەکی شەمەندەفەری تاران بە تۆمەتی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی لەلایەن پۆلیسی رەوشتی تارانەوە دەستبەسەر کرا و دواتر باری تەندروستیی تێکچوو و 3 رۆژ دواتر گیانی لەدەستدا. باوکی ژینا دەڵێت کچەکەی کوژراوە.
گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی بووە هۆی ناڕەزایەتییەکی کەم وێنە و بۆ ماوەی چەندین مانگ بەردەوام بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ