رووداو دیجیتاڵ
ئەڵمانیا رۆژی هەینی رووسیای تۆمەتبارکرد بە ئەنجامدانی هێرشێکی ئەلیکترۆنی بۆسەر سیستمی چاودێریی هاتووچۆی ئاسمانی و بڵاوکردنەوەی زانیاریی چەواشەکارانە پێش هەڵبژاردنی شوباتی رابردوو؛ تۆمەتێک کە مۆسکۆ بە "گاڵتەجاڕانە" و "بێ بنەما" ناوی دەبات.
گوتەبێژێک بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، دەزگا ئەمنییەکان بەڵگەیان هەیە کە هاککەرەکان لەلایەن دەزگای هەواڵگریی سەربازیی رووسیا (GRU)ـەوە بەڕێوەدەبرێن و بەرپرسن لەو هێرش و چالاکییانە.
گوتەبێژەکە گوتی، "بەپێی شیکارییە وردەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەڵمانیا، توانیومانە شوێنپەنجەی ئەنجامدەران دیاری بکەین و بەرپرسیارێتیی مۆسکۆ بسەلمێنین."
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێستا دەتوانین بە روونی هێرشە ئەلیکترۆنییەکەی مانگی ئابی 2024 بۆسەر ئاسایشی ئاسمانیی ئەڵمانیا بخەینە ئەستۆی گرووپی هاککەری (APT28) کە بە (Fancy Bear) ناسراوە. ئەنجامە هەواڵگرییەکانمان دەیسەلمێنن کە دەزگای هەواڵگریی سەربازیی رووسیا (GRU) بەرپرسە لەم هێرشە".
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، رووسیا هەوڵی داوە کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانیی مانگی شوبات دابنێت؛ ئەو هەڵبژاردنەی نەریتخوازەکان بە سەرۆکایەتیی فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا بردیانەوە و پارتی ئەڵمانیای جێگرەوە (AfD)ـی راستڕۆ باشترین ئەنجامی مێژوویی خۆی تێدا تۆمارکرد و پلەی دووەمی بەدەستهێنا.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی، "ئێستا دەتوانین بە دڵنیاییەوە بڵێین رووسیا لە رێگەی هەڵمەتی (Storm 1516)ـەوە هەوڵی داوە کاریگەری لەسەر دوایین هەڵبژاردنی فیدراڵی دابنێت و ناسەقامگیری دروست بکات".
بە گوتەی گوتەبێژەکە، ناوەندێکی مۆسکۆ کە لەلایەن GRUـەوە پشتیوانی دەکرێ لەگەڵ چەند گرووپێکی دیکە، وێنەی دروستکراو بە ژیریی دەستکرد و بابەتی دیکەیان بڵاوکردووەتەوە، بە ئامانجی دابەشکردنی کۆمەڵگە و "لێدانی متمانە بە دامەزراوە دیموکراسییەکان".
لە بەرامبەردا، باڵیۆزخانەی رووسیا لە بەرلین لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "بە تووندی رەتی دەکەنەوە" رووسیا لە پشت هیچ کام لەو کارانەوە بووبێت.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "تۆمەتبارکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەتی رووسیا بە تێوەگلان لەم رووداوانە و بە گشتی لە چالاکیی گرووپە هاککەرەکاندا بێ بنەما و گاڵتەجاڕانەیە."
بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکان، زۆربەی ئەو بابەتانەی لە هەڵمەتی (Storm 1516) بڵاوکراونەتەوە، بانگەشەی ساختە بوون دژی مێرتس و سیاسەتڤانانی دیکەی وەک ئانالێنا بێربۆک، وەزیری پێشووی دەرەوە و رۆبەرت هابێک، جێگری پێشووی راوێژکار کە هەردووکیان ئەندامی دیاری پارتی سەوزن.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی "بەڵگەی تەواو بەهێزی" هەیە کە رووسیا لە پشت ئەو کارانەوەیە، بەڵام نەیتوانی وردەکاری زیاتر ئاشکرا بکات، چونکە پەیوەندی بە شێوازی کارکردنی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەڵمانیاوە هەیە.
سینان سێلێن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ناوخۆی ئەڵمانیا (BfV) رایگەیاند، "هەڵمەتی (Storm-1516) بە شێوەیەکی کۆنکرێتی دەریدەخات کە چۆن هێرش دەکرێتە سەر سیستمی دیموکراسیمان."
بەرلین هۆشداریدا کە "کۆمەڵێک رێوشوێنی بەرپەرچدانەوە دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی رووسیا باجی کردەوەکانی بدات و ئەوەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوبەشە ئەورووپییەکانمان دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ