پەرلەمانتارێکی ئیسپانیا بە پەچەوە داوای قەدەخەکردنی دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پێش دەستپێکردنی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسایەک کە پۆشینی پەچە لە شوێنە گشتییەکانی ئیسپانیا قەدەخە دەکات، پەرلەمانتارێکی هەرێمی مێرسیا، بە پەچەوە دەچێتە نێو پەرلەمان و داوای قەدەخەکردنی دەکات، بەڵام لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە رێگەی قسەکردنی پێنادرێت و داوای لێدەکرێت پەچەکەی لابدات.
 
ڤیرخینیا مارتینێز، کە پەرلەمانتاری پارتی ڤۆکسی راستڕەوی تووندڕەوە، بە  پەچە و جلوبەرگێک کە تەواوی جەستەی داپۆشیبوو، چووە ناو هۆڵی پەرلەمانی هەرێمی مێرسیا، ئەمەش بووە مایەی سەرسوڕمانێکی زۆری هاوکارە پەرلەمانتارەکانی کە بە جلوبەرگی فەرمییەوە دانیشتبوون و چاوەڕێی دەستپێکردنی دانیشتنەکە بوون.
 
نمایشی ئەو پەرلەمانتارە، هاوکات بوو لەگەڵ خستنەڕووی پێشنیازێکی پارتی ڤۆکس بۆ قەدەخەکردنی تەواوەتیی پەچە و عەبا لە سەرجەم شوێنە گشتییەکانی هەرێمی مێرسیا، کە دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی ئیسپانیا و بە یەکێک لە ناوچە سەرەکییەکانی چالاکیی ئەو پارتە دادەنرێت.
 
سەرەڕای ئەوەی میریام فوێرتێس، سەرۆکی پەرلەمانی مێرسیا، رێگەی نەدا مارتینێز بەو جلوبەرگەوە گوتارەکەی پێشکێش بکات و پێشنیازی قەدەخەکردنەکەش لەلایەن زۆرینەی پارتەکانی دیکەی پەرلەمانەوە رەتکرایەوە، بەڵام ئەو سیاسەتڤانە توانی ئامانجە سەرەکییەکەی بپێکێت کە بریتی بوو لە وروژاندنی مشتومڕ و بوونە مانشێتی میدیاکانی ئیسپانیا و جیهان.
 
ئەو پەرلەمانتارە، گرتە ڤیدیۆی چوونەژوورەوەی بۆ ناو هۆڵی پەرلەمانی هەرێمی مێرسیا و گفتوگۆکەی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان، لە هەژمارە تایبەتەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە بۆ ئەوەی پەیامەکەی بە فراوانی بگەیەنێت.
 
لە ڤیدیۆکەدا دەنگی سەرۆکی پەرلەمان دەبیسترێت کە پێی دەڵێت: "خاتوو مارتینێز، رێگەت پێنادەم بەو شێوەیە قسە بکەیت و تکایە داوات لێدەکەم جلەکانت بگۆڕیت."
 
دوای لابردنی پەچەکەی، گوتی: "ئێمە دڵخۆشین کە ئەم جلانە لێرە رێگەپێدراو نین، چونکە دوای 50 ساڵ لە دیموکراسی، دەبینین چۆن ژنان ناچار دەکرێن لەناو زیندانێکی قوماشدا بژین، شتێک کە ئازادی نییە بۆ هیچ ژنێک لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا." 
 
مارتینێز هەروەها گوتی: "ئێمە دڵخۆشین کە لەم پەرلەمانەدا رێگەپێدراو نین، بەڵام دەبێت دڵنیابینەوە لەوەی کە لە هیچ شوێنێکی گشتیی ئەم هەرێمەشدا رێگەپێدراو نەبێت."
 
لە مانگی ئابدا، ئەنجوومەنی شارەوانیی خومیا لە هەرێمی مێرسیا، بڕیارێکی دەرکرد کە موسڵمانانی لە بەکارهێنانی دامەزراوە گشتییەکان بۆ ئاهەنگگێڕانی جەژنە ئایینییەکانیان قەدەخە دەکرد، بە بیانووی ئەوەی کە ئەو بۆنانە "نامۆن بە ناسنامەی ناوچەکە." 
 
پێشنیازەکە لەلایەن پارتی ڤۆکسەوە خرابووەڕوو و بە پشتیوانیی پارتی گەلی راستڕۆ تێپەڕێندرا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەیەکی پێشووی پووتین و مادورۆ.

پووتین پاڵپشتیی خۆی بۆ سەرۆکی ڤەنزوێلا لە بەرامبەر ئەمریکا دووپات دەکاتەوە

کرێملین رایگەیاند، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رۆژی پێنجشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوپەیمانە دێرینەکەی، پاڵپشتیی خۆی بۆ ئەو وڵاتە دووپاتکردەوە.