رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە تورکمەنستان کۆبوونەوە و گفتوگۆی چڕیان لەبارەی جەنگی ئۆکراینا کرد.
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملن بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ئەردۆغان و پووتین لە پەراوێزی "کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ئاشتی و متمانە" لە تورکمەنستان کۆبوونەوەیەکی داخراویان کرد. کۆبوونەوەکە نزیکەی کاژێر و نیوێکی خایاند.
پێسکۆڤ ئاماژەی بەوە کرد، هەردوو سەرۆک بانگهێشتی یەکدییان کرد بۆ سەردانیکردنی وڵاتەکانیان و دڵنیاییدا لەوەی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی پووتین بۆ تورکیا لە کاتێکی گونجاودا ئەنجام دەدرێ.
بە گوێرەی میدیای تورکیا، لە کۆبوونەوەکەیاندا، ئەردۆغان و پووتین ئاماژەیان بە پەیوەندیی جێگیری نێوان مۆسکۆ و ئەنقەرە کرد و کۆکبوون لەسەر ئەوەی "هیچ کێشەیەکی گەورە" لە پەیوەندییەکانیاندا نییە و سەرەڕای هەبوونی هەندێک پرس، هاوئاهەنگییان لە هەموو بوارەکان لە "بەرەوپێشچوونی زۆر باش" بەردەوامە.
بە گوتەی پێسکۆڤ، هەردوو سەرۆک جەختیان لەوە کردەوە کە پێکهاتەی "فرەلایەن و هەمەجۆر"ی پەیوەندییەکانی ڕووسیا و تورکیا، بەتایبەتی لە بواری بازرگانی و هاوئاهەنگی ئابووری، یارمەتی هەردوو وڵات دەدات بۆ رێگەگرتن لەوەی کە ناوی لێنا گوشار لەلایەن "لایەنە سێیەمەکان"ـەوە.
پێسکۆڤ ئەوەشی خستەڕوو، هەردوو سەرۆک تاوتوێی هەوڵەکانی ئەورووپایان کرد بۆ دەستبەسەرداگرتنی سەرمایە سڕکراوەکانی رووسیا و هەردوولا ئەو جۆرە هەنگاوانەیان بە مەترسی و زیان بۆ سەر بناخەی سیستمی دارایی نێودەوڵەتی ناوبرد.
چاوەەڕوان دەکرێ ئەمڕۆ هەینی، یەکێتیی ئەورووپا بڕیار لەسەر سڕکردنی نزیکەی 210 ملیار یۆرۆ (246 ملیار دۆلار) لە سەرمایەی رووسیا بدات کە لە ئەورووپایە. ئەمڕۆ هەینی، بانکی ناوەندیی رووسیا هەنگاوی لەو جۆرەی بە "نایاسایی" ناوبرد.
دوای کۆبوونەوەکە، پووتین بۆ ماوەیەکی کورت لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا قسەی کرد.
لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەوڵ دەدات کۆتایی بەو بنبەستە بهێنێت کە لەبەردەم دانوستاندنەکانی ئاشتیدا هەیە، ئەنقەرە پێشنیاری میوانداریکردنی گەڕێکی دیکەی دانوستاندنەکانی کردووە.
ئەردۆغان چەندین جار پابەندبوونی تورکیای بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ جەنگی رووسیا و ئۆکراینا دووپات کردووەتەوە و رایگەیاندووە: "دیپلۆماسیمان بۆ ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام لە نێوان لایەنەکان خستووەتەگەڕ. هەموو جیهان دەزانێ ئێمە چی دەکەین بۆ بەدەستهێنانی، ئێمەش لەسەر بنەمای ئەوەی 'ئاشتیی دادپەروەرانە هیچ دۆڕاوێکی نییە'، بەردەوام دەبین لەم هەوڵانە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ