پێنتاگۆن: وەزیری بەرگری تەندروستیی جێگیرە

13-01-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە لە ژێر چاودێریی پزیشکیدایە، بەڵام تەندروستیی جێگیرە و بەردەوام چاودێریی کارەکانی وەزارەتەکەی دەکات.
 
رۆژی هەینی، 12-1-2024، پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا – پێنتاگۆن لەبارەی تەندروستیی لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی گوتی، "وەزیری بەرگری لە مانەوە لە نەخۆشخانەی سەربازیی وۆڵتەر رید بەردەوامە و تەندروستیی جێگیرە. ئەو لەگەڵ تیمەکەی لە پەیوەندیی بەردەوامدایە".
 
بەگوێرەی پات رایدەر، وەزیری بەرگریی رۆژانە چاودێریی ئۆپەراسیۆن و کارەکانی وەزارەتی بەرگری دەکات.
 
لەبارەی ئەو هێرشانەی کە بەهاوبەشیی ئەمریکا و بەریتانیا کرانە سەر چەند بنکەیەکی حووسییەکان لە یەمەن، پات رایدەر گوتی، "وەزیری بەرگری چالاکانە لە چاودێریکردن و ئاراستەکردنی بەشداریی سوپای ئەمریکا لە هێرشەکان بۆ سەر چەند بنکەیەکی ژێر دەسەڵاتی حووسییەکان بەشدار بوو".
 
بەرەبەیانی دوێنێ (هەینی) سوپای ئەمریکا و بەریتانیا بە هاوبەشیی چەند وڵاتێکی دیکە هێرشیان کردە سەر چەند بنکەیەکی حووسییەکان لە سنووری چوار شاری یەمەن. ئەوەش دوای ئەوە هات کە ئەمریکا و بەریتانیا هۆشدارییان دایە هێزە یەمەنییەکە هێرشەکانی لە دەریای سوور بووەستێنێت.
 
گوتەبێژی پێنتاگۆن ئاماژەی بەوەکرد کە وەزیری بەرگری بە رێنمایی سەرۆکی وڵات فەرمانی بە هێزەکانی ئەمریکا کرد بۆ ئەنجامدانی هێرشەکان و بەردەوام چاودێریی ئۆپەراسیۆنەکەیشی دەکرد.
 
لەبارەی دەرچوونی وەزیری بەرگری لە نەخۆشخانە، پات رایدەر ئاماژەی بە هیچ کاتێكی دیاریکراو نەکرد. 
 
رۆژی هەینی، 5-1-2024، گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند، "وەزیری بەرگری لە 1-1-2024ـەوە بەهۆی نەخۆشکەوتنی لە نەخۆشخانە خەوێندراوە".
 
ئەو کات پێنتاگۆن هیچ زانیارییەکی دیکەی لەبارەی تەندروستیی ئەو وەزیرە بڵاونەکردەوە، بەڵام لە 9-1-2024، پێنتاگۆن لەبارەی نەخۆشییەکەی وەزیری بەرگرییەوە گوتی، ئۆستن شێرپەنجەی پرۆستاتی هەیە و لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت. 
 
ئەو راگەیێندراوەی پێنتاگۆن دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتی پزیشکیی لۆید ئۆست هات کە تێیدا هاتبوو، شێرپەنجەکەی وەزیری بەرگری دۆزراوەتەوە و لە قۆناخی سەرەتاییدا بووە، نەشتەرگەری بۆ کراوە و گرێیەکە لە جەستەی دەرهێندراوە و ئێستاش "لە دۆخێکی زۆر باشدایە"
 
لۆید جەیمس ئۆستن لە 22-1-2021 وەک 28ـەم وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە ئیدارەی جۆ بایدن دەستبەکاربوو. ئۆستن پێشتر لە ساڵی 2010 فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا بوو لە عێراق دواتر لە 2013 فەرماندەی سێنتکۆم (فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا) بوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو شوێنەی هێرشەکەی تێدا ئەنجامدرابوو.

نەمسا؛ تۆمەتبارێکی سووریایی دانی بە هێرشێکی تیرۆریستیدا نا

داواکارانی گشتیی نەمسا رایدەگەیێنن، پیاوێکی سووری کە لە شوێنی رووداوێکی چەقۆوەشاندن لە باشووری وڵاتەکە دەستگیرکرا و تێیدا هەرزەکارێک کوژرا و پێنج کەسی دیکە بریندار بوون، دانی بەوەدا ناوە کە تاوانێکی تیرۆریستیی کردووە.