رووداو دیجیتاڵ
کەسێکی نەناسراو نامە بۆ وەزیرێکی بەلجیکا دەنێرێت کە بە رەچەڵەک کوردە و پێی دەڵێت، "بزنی دواکەوتووی شاخی تورکی." وەزیرەکەش لە وەڵامدا دەڵێت، "ببورن بزنێکی شاخی کوردییە."
رۆژی هەینی، 12-1-2024، زووهاڵ دەمیر، وەزیری داد، ژینگە، وزە و گەشتوگوزاری هەرێمی فلاندەرس لە بەلجیکا کە بە رەچەڵەک کوردە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وێنەیەکی گفتوگۆی خۆی و هەژمارێکی نەناسراوی بڵاوکردەوە کە هەژمارەکە نامەیەکی بۆ ناردووە و نووسیویەتی، "بزنی دواکەوتووی چیایی تورکی."
زووهاڵ دەمیر کە بە رەچەڵەک خەڵکی دێرسیمی باکووری کوردستانە لە وەڵامدا نووسیویەتی، "بزن، ببوورن (ئەم بزنە) بزنێکی چیایی کوردییە."
لە بڵاوکراوەکەیدا، دەمیر نووسیویەتی، "بەڕاستی ئەو خەڵکە رەوشتیان نییە، بەهیوای پشوویەکی خۆش."
زووهاڵ دەمیری تەمەن 43 ساڵ، لە شاری گێنک لە پارێزگەی لیمبۆرگی بەلجیکا لەدایکبووە و دایک و باوکی کوردی عەلەویی شاری دێرسمن.
دەمیر بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە یاسا و ماستەری لە یاسای کۆمەڵایەتیدا هەیە. ئەو ژنە بە رەچەڵەک کوردە لە ساڵی 2010 تاوەکو 2017 ئەندامی ئەنجوومەنی بەلجیکا بوو. دواتر، بۆ ماوەیەک لەلایەن پاشای بەلجیکاوە وەک وەزیری کەمکردنەوەی برسیێتی، دەرفەتی یەکسان، نیڤشکان، سیاسەتی شار و زانست دیارکرا، ئێستاش (لە 2019ـەوە) وەک ئەندام پەرلەمانی فلاندەرز و وەزیری داد، ژینگە، وزە و گەشتوگوزاری ئەو هەرێمە دەستبەکارە.

لە 20-3-2017 حکومەتی تورکیا تۆمەتی ئەوەی خستەپاڵ زووهاڵ دەمیر، کە پەیوەندیی بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە (پەکەکە) هەبێت.
لە 2-10-2019 لەکاتی سوێندخواردنی وەک وەزیری نوێ لە پەرلەمانی هەرێمی فلاندەرز زووهاڵ دەمیر گوتی، "بۆ چەندین ساڵ داکۆکیم لە چارەسەرێکی ئاشتیخوازنە کرد بۆ کوردانی تورکیا، من هیچ هاوسۆزییەکم بۆ پەکەکە نییە."
رۆژی 19-11-2020، زوهال لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی گوتی، "من، فلاندەرزییەکم کە بەڕێژەی 100٪ دەماری کوردیم تێدایە."
یەکێک لە هەڵوێستە زۆر دیارەکانی ئەو ژنە کوردە لە 5-8-2017 بوو کاتێک بڕیاریدا دەستبەرداری رەگەزنامەی تورکی بێت و گوتی، "دوای 37 ساڵ لە لەدایکبوونم، شووناسی کوردیم هێشتا چقڵی چاوی تورکیایە."
دەمیر ئەوکاتە ئەوەشی خستەڕوو کە "کوردبوون ئەو شتەیە دەبێت بە نهێنی بیپارێزین، تورکیا رێگەنادات کوردی ئازاد بین."
ئەو ژنە وەزیرە چەند جارێک بەهۆی بەرهەڵستیکردن لە شێوازی مامەڵەی تورکیا لەگەڵ کورد، رووبەڕووی هەڕەشە بووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ