ترەمپ چەندین بژاردەی بۆ ئێران لەبەردەستە؛ سەرەتا دەبێت ئامانجەکەی دیاری بکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

واشنتن دەڵێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەندین بژاردەی لەبەردەستە بۆ دەستوەردان لەو خۆپێشاندانانەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیان گرتووەتەوە، بژاردەکان لە مەترسیی کەمەوە دەستپێدەکەن بۆ مەترسیی زۆر، بەڵام هەڵبژاردنی یەکێک لەو بژاردانە، بەندە بەوەی ئامانجی کۆتایی سەرۆکی ئەمریکا چییە.
 
10 رۆژ تێپەڕیوە بەسەر ئەو رۆژەی کە ترەمپ گوتی، ئەمریکا "ئامادەیە" و بەهانای خەڵکەوە دەچێت، ئەگەر حکومەتی ئێران خۆپێشاندەران بکوژێت. بەگوێرەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، سەدان کەس کوژراون کە تاران بە "ئاژاوەگێڕ" ناویان دەبات و دەڵێت، هێرشیان کردووەتە سەر موڵکی گشتی، بەڵام لەوکاتەوە ترەمپ هێشتا تەنیا هەڕەشەی بەکارهێنانی بژاردەی سەربازی دەکات.
 
ئێران و ئەمریکا لە ساڵی 1979ـەوە دووژمنی سەرسەختی یەکدین. رووخانی کۆماری ئیسلامی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگۆڕێت، بەڵام ترەمپ پێشتر دژی "گۆڕینی رژێم" بووە و ئەزموونی عێراقی بە نموونە هێناوەتەوە.
 
ترەمپ رۆژی دووشەممە کارتی ئابووری بەکارھێنا و باجی 25%ی خستە سەر هاوبەشە بازرگانییەکانی ئێران، هەروەها باسی لە رێگەکانی گەڕاندنەوەی ئینتەرنێت کرد بۆ ئەو وڵاتە کە لەلایەن تارانەوە بڕدراوە.
 
واشنتن و تاران باسیان لەوە کردووە کە پەیوەندییان هەیە و لەلایەن ستیڤ ویتکۆف، نێردراوی تایبەتی ترەمپەوە هاوئاهەنگی دەکرێن.
 
جموجووڵی سەر شەقام
 
رەزا پەهلەوی، کوڕی شای پێشووی ئێران لە پەیامێکدا کە دیارە ئامانج لێی هاندانی ترەمپە، داوای لێکردووە وەک باراک ئۆباما نەبێت کە لە ساڵی 2009 دوودڵ بوو لە پشتیوانیکردنی خۆپێشاندەران.
 
رەی تاکیە، توێژەری باڵا لە ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە دەڵێت، ترەمپ دەتوانێت ئەو هێزانە بکاتە ئامانج کە بە گوتەی خۆی "خۆپێشاندەران سەرکوت دەکەن"، بەتایبەت سوپای پاسداران. بە بڕوای ئەو، دەستوەردان دەتوانێت ترس بڕەوێنێتەوە و "کاریگەری لەسەر ئەو کەسانە هەبێت کە دوودڵن لەوەی بەشداری خۆپێشاندان بکەن."
 
سەنەم وەکیل، بەڕێوەبەری پرۆگرامی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە پەیمانگەی چاتام هاوس هاوڕایە کە دەستوەردانی ترەمپ دەتوانێت هێز بە شەقام ببەخشێت، بەڵام هۆشداریش دەدات: "رەنگە ببێتە بیانوو بۆ رژێم تاوەکو یەکڕیزیی خۆیان تووندتر بکەن و سەرکوتکردن زیاد بکەن."
 
پێویست بە چەند هەنگاو دەکات؟
 
لە مانگی حوزەیران ترەمپ بۆ پشتیوانی لە ئیسرائیل فەرمانی لێدانی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانی دەرکرد.
 
ڤالی نەسر، مامۆستا لە زانکۆی جۆنز هۆپکینس دەڵێت، خۆپێشاندانەکان 130 بۆ 150 شاری گرتووەتەوە.
 
نەسر دەڵێت، "لێدانی هێزە ئەمنییەکان لە هەموو شارەکان کارێک نییە تەنیا بە چەند هێرشێکی ئاسمانی بکرێت." ئەو پێیوایە ترەمپ "نایەوێت دەستی خۆی پیس بکات" بۆیە رەنگە زیاتر حەزی بە هێرشی نمایشکارانە بێت وەک لە کردار.
 
بێهنام بن تالیبلوو، توێژەر لە دامەزراوەی بەرگری لە دیموکراسییەکان دەڵێت، مەترسیی دەستوەردان ئەوەیە ئەگەر ئامانجەکان ورد نەبن، خەڵک دەترسن و خۆپێشاندانەکان پەرت دەبن.
 
ئەو توێژەرە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر ترەمپ بڕیار بدات هێرش نەکات، ئەوا کاریگەرییەکەی زۆر دەبێت و "خزمەت بە قسەی رژێم دەکات کە وای نیشان دەدات ئەمریکا توانای نییە هیچ بکات."
 
محەممەد عەلی شەعبانی، سەرنووسەری ماڵپەڕی ئەمواج میدیا پێیوایە زۆربەی ئێرانییەکان پێشوازی لە رێککەوتنێک دەکەن سزاکان لاببات و "تارمایی جەنگ" نەهێڵێت.
 
شەعبانی دەڵێت، "پێموایە ئەمە گرنگترە لە مانەوەی کورتخایەنی کۆماری ئیسلامی، چونکە زۆربەی ئێرانییەکان لەم قۆناخەدا قبووڵیان کردووە، کە کۆماری ئیسلامی تاهەتایە نامێنێتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساتی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا

سەربازێکی ڤەنزوێلا: ئەمریکا بە چەکێکی نهێنی بە چۆکیدا هێناین

سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆشکی سپی گێڕانەوەی شایەتحاڵێکی بڵاوکردووەتەوە کە دەڵێت، لە کاتی ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزێلا، هێزەکانی ئەمریکا "چەکێکی نهێنیی بەهێزیان" بەکارهێناوە کە سەربازانی بەچۆکداداوە و خوێن لە دەم و لووتیان هاتووە.