بەریتانیا سزای نوێ بەسەر ئێران دا دەسەپێنێت و باڵیۆزەکەی بانگهێشت دەکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یڤێت کووپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی هەوڵی سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێراندا دەدات وەکو وەڵامێک بۆ "سەرکوتکارییەکانی" ئەم دواییە. هاوکات، باڵیۆزی تارانی لە لەندەن بانگهێشت کردووە "بۆ وەڵامدانەوەی راپۆرتە ترسناکەکان" لەبارەی سەرکوتکردنی کوشندەی خۆپێشاندەران.
 
خۆپێشاندانی فراوان چەندین شاری ئێرانی گرتووەتەوە و خۆپێشاندەران "داوای کۆتاییهێنان بە سیستمی ئێستا" دەکەن کە لە دوای شۆڕشی ساڵی 1979ـەوە لە دەسەڵاتدایە، بەڵام کۆماری ئیسلامی دەڵێت: "دەستی دەرەکی چووەتە نێو خۆپیشاندانەکان و هەوڵی ئاژاوەناناوە دەدرێت لەنێوخۆی وڵات."
 
بە گوتەی چالاکڤانان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە کاتی پچڕانی فراوانی هێڵەکانی ئینتەرنێت دا  "گیانلەدەستدانی لانیکەم 648 کەس پشتڕاست کراوەتەوە کە لەنێویاندا ژن و منداڵ هەن."
 
یڤێت کووپەر، لە گوتارێکی دا بۆ ئەندامانی پەرلەمان رایگەیاند، وڵاتەکەی یاسایەک دەردەکات "بۆ جێبەجێکردنی سزای تەواو و زیاتر و رێوشوێنی تایبەت بە کەرتە جیاوازەکان" لە دژی ئێران.
 
کووپەر ئاماژەی بەوە کرد، لەندەن پێشتر سزای خستووەتە سەر کەسایەتییە سەرەکییەکانی نێو سیستمی نەوت، وزە، ئەتۆمی و دارایی ئێران، بەڵام جەختی کردەوە کە سزاکانی داهاتوو فراوانتر دەبن و ئەو کەسانە دەکاتە ئامانج کە لە کەرتەکانی دارایی، وزە، گواستنەوە، نەرمەواڵە و "پیشەسازییە گرنگەکانی دیکەدان کە پەرەپێدانی ئەتۆمیی ئێران خێراتر دەکەن". 
 
ئەو وەزیرە گوتیشی، بەریتانیا لە هاوئاهەنگی نزیکدا لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی دیکە کاردەکات لەسەر "رێوشوێنی زیاتر"، بۆ ئەوەی گوشارێکی یەکگرتوو و کاریگەر لەسەر تاران دروست بکرێت.
 
کووپەر رایگەیاند، فەرمانی کردووە باڵیۆزەکە بانگهێشت بکرێت "بۆ جەختکردنەوە لەسەر مەترسیی ئەم دۆخە و داواکردن لە ئێران کە وەڵامی ئەو راپۆرتە ترسناکانە بداتەوە کە دەیانبیستین." 
 
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ترسی هەیە راپۆرتەکان بەهۆی سنووردارکردنی میدیا و ئینتەرنێتەوە، "قەبارەی تەواوی ئەو ترس و تۆقاندنە" لە ئێران کەمتر بخەمڵێنن و هۆشداریدا کە "جیهان چاودێری دەکات" و پێویستە بەرپرسان لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
 
هەر ئەمڕۆ، ئورسولا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، نیگەرانیی خۆی لە زیادبوونی ژمارەی قوربانییەکانی ئێران دەربڕی و رایگەیاند، یەکێتیی ئەورووپا بە خێرایی سزای زیاتر بەسەر سەرکوتکەراندا دەسەپێنێت.
 
ئەم دۆخە لەکاتێکدایە، لە 28ـی کانوونی دووەمی رابردووەوە شەپۆلێکی فراوانی ناڕەزایەتیی لە ئێران دروستبووە، کە بەهۆی داڕمانی بەهای تمەن دەستیپێکرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە