رووداو دیجیتاڵ
ئورسولا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، نیگەرانیی خۆی لە زیادبوونی ژمارەی قوربانییەکانی ئێران دەربڕی و رایگەیاند، یەکێتیی ئەورووپا بە خێرایی سزای زیاتر بەسەر سەرکوتکەران دا دەسەپێنێت.
رۆژی سێشەممە، 13-01-2025، ڤۆن دێرلاین لە ئێکس نووسی: "زیادبوونی ژمارەی قوربانییەکان لە ئێران جێگەی ترس و نیگەرانییە. من بە تووندی و بێ دوودڵی سەرکۆنەی بەکارهێنانی هێزی زۆر و بەردەوامیی سنووردارکردنی ئازادییەکان دەکەم."
سزادانی سوپای پاسداران و رێکاری نوێ
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا ئاماژەی بەوە کرد، یەکێتیی ئەورووپا پێشتر "سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی" بە تەواوەتی خستووەتە ناو لیستی سزاکانی مافی مرۆڤەوە. هەروەها رایگەیاند، بە هاوئاهەنگی نزیک لەگەڵ کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، پێشنیاز بۆ سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئەو کەسانەدا دەکەن کە بەرپرسیارن لە سەرکوتکردنی خەڵک.
ڤۆن دێرلاین هاوسۆزیی خۆی بۆ خۆپێشاندەران دەربڕی و گوتی: "ئێمە لە تەنیشت گەلی ئێران وەستاوین کە بە ئازایانە بۆ بەدەستهێنانی ئازادییان رێپێوان دەکەن."
ئەم هەڵوێستە تووندەی یەکێتیی ئەورووپا لە کاتێکدایە کە ئێران لە 28ـی کانوونی دووەمی رابردووەوە شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزایەتیی لێ دروستبووە، کە بەهۆی داڕمانی بەهای تمەن و گەیشتنی نرخی دۆلار بۆ زیاتر لە 1.4 ملیۆن تمەن دەستیپێکرد.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تاوەکو ئێستا لانی کەم 192 خۆپێشاندەر کوژراون و زیاتر لە 2,600 کەسیش دەستگیر کراون. حکومەتی ئێران بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی هەواڵەکان، ئینتەرنێت و هێڵەکانی پەیوەندی لە زۆربەی ناوچەکان بڕیوە. پەرلەمانتارانی ئەڵمانیاش هاوشانی بەرپرسانی یەکێتیی ئەورووپا داوای کۆتاییهێنان بەم توندووتیژییانە و پاراستنی مافی پێکهاتەکان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ