ترەمپ بە سەرۆکایەتیی 'گەورەترین شاند' بەشداری لە کۆڕبەندی داڤۆس دەکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە هەفتەی داهاتوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس بکات، رێکخەرانی کۆڕبەندەکە دەڵێن، ئەمریکا بە "گەورەترین شاند لە مێژووی خۆیدا" بەشداری لەو کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەدا دەکات.
 
بورگێ برێندێ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی (WEF) رۆژی سێشەممە، 13-01-2026 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی دا رایگەیاند: "خۆشحاڵین جارێکی دیکە پێشوازی لە سەرۆک ترەمپ دەکەینەوە." ئەمە دوای 6 ساڵ دێت لە دوایین بەشداریی ترەمپ لە کۆڕبەندەکەدا، کە لە کاتی خولی یەکەمی سەرۆکایەتی دا بوو.
 
پێنج تەوەر و "گیانی دیالۆگ"
 
کۆبوونەوەی ئەم ساڵ کە خولی 56یەمینە، لە نێوان 19 تاوەکو 23ـی کانوونی دووەمی 2026 لە شارۆچکەی داڤۆسی سویسرا بەڕێوە دەچێت، درووشمی سەرەکیی کۆبوونەوەکە بریتییە لە "گیانی دیالۆگ" و ئامانجی بونیاتنانەوەی متمانەیە لە سەردەمێکدا جیهان رووبەڕووی پارچەپارچەبوون و ئاڵۆزییەکی زۆری جیۆسیاسی بووەتەوە.
 
بەرنامەی کۆڕبەندەکە لە دەوری پێنج تەوەر و ئاڵنگاریی سەرەکی دەبێت، گرنگترینیان بریتین لە: هاوکاری لە جیهانێکی پڕ کێبڕکێدا، دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێی گەشەی ئابووری، وەبەرهێنان لە خەڵکدا و بەکارهێنانی داهێنانەکان بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە.
 
ژیریی دەستکرد و تەکنەلۆژیای نوێ
 
یەکێک لە بابەتە هەرە گرنگەکان، بڕیارە سەرکردەکانی جیهان و خاوەن کۆمپانیا گەورەکان باسی بکەن، گۆڕانکارییە خێراکانی تەکنەلۆژیایە، بە تایبەتی ژیریی دەستکرد (AI)، کۆمپیوتەری کوانتەم، بایۆتەکنەلۆژیا و سیستمەکانی وزە. ئامانجی کۆڕبەندەکە ئەوەیە، دڵنیایی بدات کە ئەم داهێنانە نوێیانە لە خزمەت گەشەی ئابووری و دابینکردنی هەلی کاردابن.
 
بەشداریی کۆمپانیا زەبەلاحەکان
 
لە کۆبوونەوەکەی ئەم ساڵدا، دەیان سەرۆک و سەرکردەی حکومەتەکان لە تەنیشت بەڕێوەبەری کۆمپانیا هەرە گەورەکانی جیهان (وەک گووگڵ، ئەمازۆن، ئەپڵ، ئارامکۆ، مایکرۆسۆفت و ڤۆڵکسڤاگن) کۆدەبنەوە. رێکخەران جەخت دەکەنەوە، بۆ گەیشتن بە هەنگای کردەیی بۆ کێشە جیهانییەکان، سەکۆیەکی بێلایەنی گفتوگۆ زۆر گرنگە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە