بۆچی گرینلاند بۆ جیهان "گەنجینە"یە؟ زەویناسێک نهێنییەکە ئاشکرا دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گرینلاند، گەورەترین دوورگەی جیهان، تەنیا خاکێکی سپی و داپۆشراو بە بەفر نییە، ئەم دوورگەیە خاوەنی یەکێک لە گەورەترین یەدەگەکانی سامانە سرووشتییەکانی جیهانە، لە نەوت و گازەوە بگرە تاوەکو کانزا دەگمەنەکان کە بۆ دروستکردنی باتری و تەکنەڵۆژیای سەوز گرنگن.
 
بەپێی توێژینەوەکان، سێ لە گەورەترین کۆگاکانی "کانزا دەگمەنەکان" لەژێر سەهۆڵی ئەم دوورگەیەدان، بۆ پیشەسازیی باتری و ئامێرە کارەباییەکان زۆر گرنگن.
 
هەر ئەمەشە وایکردووە وڵاتانی وەک ئەمریکا و دانیمارک چاویان لەسەری بێت، دەستەی رووپێویی جیۆلۆجیی ئەمریکا مەزندە دەکات باکووری رۆژهەڵاتی گرینلاند نزیکەی 31 ملیار بەرمیل نەوت و گازی تێدایە، کە ئەم بڕە یەکسانە بە تەواوی یەدەگی نەوتی ئەمریکا.
 
نهێنییەکە لەژێر سەهۆڵدایە
 
ئەوەی وای کردووە گرینلاند جیاواز بێت ئەوەیە نزیکەی 80%ـی خاکەکەی بە سەهۆڵ داپۆشراوە، رووبەرە رووتەکەی (کە سەهۆڵی نییە) دوو هێندەی بەریتانیایە، بەڵام هێشتا دەکاتە کەمتر لە پێنج یەکی رووبەری دوورگەکە، واتە "گەنجینە گەورەکە" هێشتا لەژێر سەهۆڵدا شاردراوەتەوە.
 
جیۆلۆجییەکی دەگمەن
 
جۆناسان پاوڵ، زەویناس و مامۆستا لە زانکۆی لەندەن دەڵێت، مێژووی خاکی گرینلاند بۆ 4 ملیار ساڵ دەگەڕێتەوە و هەندێک لە کۆنترین بەردەکانی زەوی لەوێن.
 
بە گوتەی ئەو زەویناسە، گرینلاند زۆر تایبەتە چونکە هەرسێ رووداوە گەورەکەی زەوی تێیدا روویانداوە:
 
1. دروستبوونی چیاکان (زێڕ و یاقووتی تێدا دروست دەبێت).
2. جیابوونەوەی کیشوەرەکان (نەوت و گازی تێدا دروست دەبێت).
3. چالاکیی گڕکانەکان (کانزا دەگمەنەکانی تێدا دروست دەبێت).
 
کانزاکانی داهاتوو
 
گرینلاند سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی گرافیتە بۆ باتریی ئۆتۆمبێلی کارەبایی زۆر پێویستە، بەڵام هێشتا وەکو چین و کۆریای باشوور دەرهێنانی تێدا نەکراوە.
 
هەروەها پێشبینی دەکرێت ئەم دوورگەیە بتوانێت 25%ی پێداویستیی جیهان لە هەندێک ماددەی وەک نیۆدیمۆم دابین بکات، ماددەکە بۆ دروستکردنی تۆرباینی وزەی با و ماتۆڕی ئۆتۆمبێلی کارەبایی رۆڵی سەرەکی دەگێڕن.
 
کێشەی ژینگە و دەرفەتی ئابووری
 
توانەوەی بەفری گرینلاند بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە بووەتە کێشەیەکی جیهانی، بەڵام بۆ کۆمپانیاکان دەرفەتە. لە ساڵی 1995ـەوە رووبەرێک بە قەدەر وڵاتی ئەلبانیا لە سەهۆڵی گرینلاند تواوەتەوە.
 
ئەمە وایکردووە دەرهێنانی کانزاکان ئاسانتر بێت، بەڵام پرسیارێکی گەورەی دروستکردووە: ئایا دەبێت دەست بە دەرهێنانی ئەم کانزایانە بکرێت بۆ ئەوەی وزەی پاکی پێ بەرهەمبهێنرێت، یان ئەم کارە سرووشتی گرینلاند وێران دەکات و ئاستی دەریا زیاتر بەرز دەکاتەوە؟
 
بۆ ئێستا، حکومەتی گرینلاند یاسای تووندی هەیە بۆ رێگریکردن لە تێکدانی ژینگە، بەڵام بەهۆی گرنگیی کانزاکان بۆ جیهان و حەزی ئەمریکا بۆیان، گوشارەکان بۆ دەرهێنانیان زیاد بوون.
 
ئەم بابەتە لە پێگەی The Conversationی ئەمریکی وەرگیراوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە