رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی یەکگرتنەوەی کۆریای باشوور رایگەیاند، کیم جۆنگ ئوون، سەرۆکی کۆریای باکوور سێ بەرپرسی باڵای ستافی پاسەوانیی خۆی گۆڕیوە، ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەوەی ترسی لە هەوڵی تیرۆرکردنی هەیە.
وەزارەتەکە، کە بەرپرسە لە پەیوەندییەکان لەگەڵ پیۆنگ یانگ، رۆژی سێشەممە رایگەیاند، ئەو سێ دەزگا حکومییەی بەرپرسن لە ئاسایشی کیم، سەرۆکی نوێیان بۆ دانراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتەکە، گۆڕانکارییەکان لەکاتی نمایشێکی سەربازیدا لە مانگی تشرینی یەکەمی پار تێبینی کراون.
هۆنگ مین، شرۆڤەکار لە پەیمانگەی یەکگرتنەوەی نیشتمانیی کۆریا دەڵێت، گۆڕانکارییەکان بەتایبەت لە "فەرماندەیی پاسەوانان" کە بەرپرسە لە رێوشوێنەکانی دژە درۆن و هێرشی ئەلیکترۆنی، رەنگە پەیوەندیی بە بڕیارەکەی کیمەوە هەبێت بۆ ناردنی هێز بۆ رووسیا بە مەبەستی بەشداری لە جەنگی ئۆکراینا.
هۆنگ مین بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، "گۆڕانکاری لە شێوازی پاراستنی کیم لە تشرینی یەکەمی 2024ەوە دەرکەوت، واتە ئەو کاتەی هێزەکانی ناردە رووسیا."
هۆنگ مین دەشڵێت، "رەنگە کیم گەیشتبێتە ئەو بڕوایەی کە بەهۆی ناردنی هێزەکانەوە، ئەگەری هەیە لەلایەن ئۆکراینییەکانەوە هەوڵی تیرۆرکردنی بدرێت."
پێشتر دەزگای هەواڵگریی سیئۆل رایگەیاندبوو، کیم ئاستی رێوشوێنە ئەمنییەکانی دەوروبەری خۆی بەرزکردووەتەوە و نووسینگەکەی هەوڵی کڕینی ئامێری پچڕاندنی پەیوەندی و ئاشکراکردنی درۆنی داوە.
لە ساڵی رابردوودا، کیم زۆر جار لەگەڵ جو ئای-ی کچی لە چالاکییە فەرمییەکاندا دەرکەوتووە، بەتایبەت لەکاتی پشکنینی ژێردەریایی ئەتۆمی. شارەزایان پێیانوایە کچەکەی جێگرەوەیەتی بۆ سەرکردایەتیکردنی وڵاتەکە.
کاریگەریی دەستگیرکردنی مادورۆ
شارەزایان دەڵێن، دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا لەلایەن ئەمریکاوە لەم مانگەدا، ترس و دڵەڕاوکێی ئەمنیی لە پیۆنگیانگ زیاتر کردووە.
ئەو ئۆپەراسیۆنەی ئەمریکا وەک "سیناریۆی مۆتەکە" وایە بۆ سەرکردایەتیی کۆریای باکوور، کە ماوەیەکی زۆرە لەو جۆرە هێرشانە دەترسێت، کە راستەوخۆ "سەری دەسەڵات" دەکەنە ئامانج و پێیوایە واشنتن دەیەوێت لە دەسەڵات لایان بدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ