مارین لوپێن دەچێتە دادگە و خەونی بوون بە سەرۆکی فەرەنسای لە مەترسیدایە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی سێشەممە مارین لوپێن، سەرکردەی راستڕۆکانی فەرەنسا دەچێتە بەردەم دادگە بۆئەوەی تانە لە بڕیارێکی پێشوو بدات، چونکە ئەو بڕیارە رێگەی لێدەگرێت لە ساڵی 2027 خۆی بۆ سەرۆکی فەرەنسا بەربژێر بکات.
 
ساڵی رابردوو دادگەیەکی فەرەنسا بڕیاریدا لوپێن بۆ ماوەی 5 ساڵ ناتوانێت هیچ پۆستێکی هەبێت یان خۆی بەربژێر بکات. هۆکارەکەشی دۆسیەیەکی گەندەڵی بوو کە پەیوەندیی بە "دامەزراندنی وەهمی"یەوە هەبوو لە پەرلەمانی ئەورووپا، واتە مووچەی پەرلەمانی ئەورووپایان بۆ کارمەندانی حیزبەکەی خۆیان لە فەرەنسا خەرج کردووە.
 
دادگاکە پێشتر سزای چوار ساڵ زیندانی، کە دوو ساڵیان جێبەجێ ناکرێت و، پێبژاردنی 100 هەزار یۆرۆشی بۆ دەرکردبوو.
 
لوپێنی تەمەن 57 ساڵ، هەمیشە دەڵێت، بێتاوانە و هیواخوازە دادگە بڕیارەکە هەڵبوەشێنێتەوە تاوەکو بتوانێت بۆ جاری چوارەم هەوڵی بوون بە سەرۆک بدات. پرۆسەی دادگاییەکە مانگێک دەخایەنێت و چاوەڕوان دەکرێت هاوین بڕیاری کۆتایی بدرێت.
 
ئەگەر دادگا سزاکەی پێشوو پەسند بکات، لوپێن ناتوانێت بەشداریی هەڵبژاردنی 2027 بکات، کە زۆر کەس بە باشترین و رەنگە کۆتا دەرفەتی دەزانن بۆئەوەی ببێتە سەرۆک.
 
"بڕیاری سیاسی"
 
لوپێن ئەو بڕیارەی پێشووی دادگای بە "بڕیارێکی سیاسی" ناوبرد، بەڵام دادوەرەکان دەڵێن، نابێت جیاکاری لەنێوان بەرپرساندا بکرێت. ئەم رووداوە کاردانەوەی جیهانیی هەبوو، تەنانەت دۆناڵد ترەمپ و کرێملینیش نیگەرانییان دەربڕی.
 
جێگرەوەی لوپێن کێ دەبێت؟
 
لوپێن دوای ئەوەی لە ساڵانی 2017 و 2022 بەرامبەر ئیمانوێل ماکرۆن دۆڕا، ئومێدی بە ساڵی 2027ـە، چونکە بەپێی دەستوور ماکرۆن ناتوانێت جارێکی دیکە خۆی بەربژێر بکاتەوە.
 
بەپێی راپرسییەکان، جەماوەری لوپێن زیادیکردووە و ئێستا نزیکەی 42%ی خەڵکی فەرەنسا پشتگیری لە هزر و بیری حیزبەکەی دەکەن.
 
ئەگەر لوپێن رێگەی پێنەدرێت، جۆردن باردێلا، سەرۆکی حیزبەکە کە لە دۆسیەکە تێوەنەگلاوە، شوێنی دەگرێتەوە. لوپێن خۆی لە مانگی کانوونی یەکەم گوتی، "باردێلا دەتوانێت لە شوێنی من بباتەوە."
 
راپرسییەکانیش دەڵێن، باردێلا چانسێکی بەهێزی هەیە بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنی 2027 بەرامبەر هەر رکابەرێک.
 
بەڵام باردێلا رۆژی دووشەممە گوتی، رێگریکردن لە لوپێن "زۆر جێگەی نیگەرانییە بۆ دیموکراسی" و جەختی کردەوە، ئەو تاوەکو ئێستا بەربژێرە بۆ سەرۆکوەزیران نەک سەرۆکی وڵات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای چین و یەکێتیی ئەورووپا. وێنە: Jason Lee/Reuters

چین داوا لە ئەورووپا دەکات ڤیزا نەدەنە بەرپرسانی تایوان

حکومەتی چین هۆشداری دەداتە وڵاتانی ئەورووپا و داوایان لێدەکات رێگری بکەن لە پێدانی ڤیزا بە بەرپرسانی باڵای تایوان؛ پەکین ئەم هەنگاوە بە "دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی" خۆی دەزانێت و دەیەوێت تایوان زیاتر گۆشەگیر بکات