ئەڵمانیا مەترسیی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر گرینلاند بە کەم دەزانێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەڵمانیا مەترسیی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر گرینلاند بە "کەم" دەزانێت، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان چەندین جار هەڕەشەی دەستبەسەرداگرتنی ئەو هەرێمە خۆبەڕێوەبەرییەی دانیمارکی کردووە.
 
ساڵانێکە ترەمپ باسی بیرۆکەی کڕین یان لکاندنی ئەو ناوچەیەی جەمسەری باکوور بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە دەکات. ئەم هەفتەیە گرژییەکانی زیاتر کرد کاتێک گوتی "بە هەر رێگەیەک بێت" ئەمریکا ئەو خاکە دەبات.
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە جووڵەی سەربازیی تاکلایەنەی ترەمپ، یۆهان ڤادەفوول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند: "هیچ ئاماژەیەکم لەبەردەست نییە کە ئەم بابەتە بە رژدی کاری لەسەر بکرێت."
 
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڤادەفول بە رۆژنامەڤانانی گوت: "بڕوام وایە بەرژەوەندییەکی هاوبەش هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە ئەمنییانەی لە ناوچەی جەمسەری باکوور سەرهەڵدەدەن، پێویستە و دەبێت ئەوە بکەین."
 
ڤادەفول ئاماژەی بەوەش کرد، ناتۆ لە پرۆسەی پەرەپێدانی "پلانی تۆکمەتردایە لەم بارەیەوە" کە لەگەڵ هاوبەشە ئەمریکییەکان تاوتوێ دەکرێن.
 
ئەم لێدوانانە پێش دانوستاندنی ئەم هەفتەیەی واشنتن دێن لەنێوان روبیۆ و دیپلۆماتە باڵاکانی دانیمارک و گرینلاند.
 
حکومەتی گرینلاند رۆژی دووشەممە دووپاتیکردەوە کە لەژێر "هیچ بارودۆخێکدا" دەستبەسەرداگرتنی خاکەکەیان لەلایەن ئەمریکاوە قبووڵ ناکەن.
 
هەر رۆژی دووشەممە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایانکرد، شاندێکیان رۆژانی هەینی و شەممە سەردانی کۆپنهاگن دەکات، ئەوەش بەر لەوەی بەرەو داڤۆسی سویسرا بچن بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهان.
 
کریس کۆنس، سیناتۆری دیموکراتەکان لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، شاندەکە لەگەڵ سەرکردە بازرگانی و حکومییەکان کۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر "بەهێزکردنی ئاسایشی جەمسەری باکوور و پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییە بەهێزەکان."
 
تۆم تیلیس، سیناتۆری کۆمارییەکان گوتی: "بڕوام وایە زۆر گرنگە کۆنگرێس یەکگرتوو بێت لە پشتگیریکردنی هاوپەیمانەکانمان و رێزگرتن لە سەروەریی دانیمارک و گرینلاند."
 
رۆژی دووشەممە گرینلاند و ناتۆ رایانگەیاند، کار لەسەر بەهێزکردنی بەرگریی هەرێمەکە دەکەن، کە ئەوەش نیگەرانیی سەرەکیی ترەمپە.
 
ترەمپ چەندین جار ئاماژەی بە زیادبوونی چالاکییەکانی رووسیا و چین لە ناوچەی جەمسەری باکوور کردووە وەک هۆکارێک، کە بۆچی پێویستە ئەمریکا کۆنترۆڵی گرینلاند بکات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەنێو فڕۆکەکەی باسی ئێران دەکات. وێنە: AFP

کۆشکی سپی: ترەمپ بژارەی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئێران بە کراوەیی هێشتووەتەوە

کۆشکی سپی رایدەگەیێنێت، دۆناڵد ترەمپ هەموو بژارەکانی بەرامبەر تاران بە کراوەیی هێشتووەتەوە، لەنێویاندا "هێرشی ئاسمانی"؛ ئەوەش بە مەبەستی وەستاندنی کوشتنی خۆپێشاندەران لە شەقامەکاندا.