باڵیۆزی ئۆکراینا لە عێراق بۆ رووداو: هیچ درۆنێکمان نەداوەتە سووریا و هەتەشە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
باڵیۆزی ئۆکراینا لە عێراق رەتیدەکاتەوە وڵاتەکەی هیچ جۆرە درۆنێکی دابێتە گرووپە چەکدارەکانی سووریا یان حکومەتی دیمەشق و دەڵێت: "هەموو توانای سەربازیمان بۆ بەرگریکردن لە خاکی خۆمان تەرخانکردووە و توانای هەناردەکردنمان نییە."
 
ئیڤان دۆڤهانیچ، باڵیۆزی ئۆکراینا لە عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە باس لەوە دەکەن پێشتر کیێڤ بۆ لێدانی بەرژەوەندییەکانی رووسیا، درۆنی داوەتە دەستەی تەحریری شام.
 
دەستەی تەحریری شام- هەتەشە لە پاش رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد هەڵوەشێندرایەوە و چەکدارەکانی لەنێو وەزارەتی بەرگریی نوێی سووریا جێکرانەوە.
 
رۆژی 10ـی ئەم مانگە، هێرشێکی درۆنی کرایە سەر باڵەخانەی پارێزگای حەلەب؛ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وا بڵاوکرایەوە کە درۆنەکە ئۆکراینی بووە و پێشتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی رووسیا، دراوەتە دەستەی تەحریری شام.
 
لەو بارەیەوە ئیڤان دۆڤهانیچ بە رووداوی راگەیاند، ئەو دەنگۆیانە بێ بنەمان و گوتی: "لە کاتێکدا ئۆکراینا جۆرە جیاوازەکانی درۆن بەرهەم دەهێنێت، بەڵام ئێستا وڵاتەکەمان سەرنجی تەنیا لەسەر بەرگریکردنە لە خاکی خۆی لە دژی دەستدرێژییەکانی رووسیا. لەژێر ئەم بارودۆخەدا، نە توانامان هەیە و نە ئارەزووشمان هەیە بۆ هەناردەکردنیان."
 
باڵیۆزی ئۆکراینا رووسیا بە سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵانە دەزانێت و دەڵێت: "جێگەی سەرنجە تەنیا چوار ساڵ لەمەوبەر مۆسکۆ دەیگوت ئۆکراینا نییە، کەچی ئێستا رووسەکان لە هەموو شوێنێک خەیاڵی ئۆکراینا دەکەن، تەنانەت لە سووریاش."
 
سەبارەت بە دەنگۆی پێدانی درۆن بە "دەستەی تەحریری شام"، باڵیۆزەکە بە روونی رایگەیاند: "ئۆکراینا هیچ چەک و کەرەستەیەکی سەربازی نەداوە، نادات و هیچ پلانێکیشی نییە بیداتە دەستەی تەحریری شام یان هەر رێکخراوێکی هاوشێوە."
 
ئەم رەتکردنەوەیەی باڵیۆزی ئۆکراینا لەکاتێکدایە، بەگوێرەی رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی، ساڵی 2024 و مانگێک پێش رووخانی بەشار ئەسەد، ئۆکراینا لانیکەم 150 درۆنی داوەتە دەستەی تەحریری شام.
 
دەربارەی پەیوەندییەکانی کیێڤ لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، دۆڤهانیچ ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی تەنیا پەیوەندیی دیپلۆماسیی فەرمی لەگەڵ دەوڵەتی سووریا هەیە وەک قەوارەیەکی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی.
 
باڵیۆزی ئۆکراینا گوتی: "ئۆکراینا گفتوگۆی راستەوخۆ یان پەیوەندیی فەرمی لەگەڵ گرووپە نادەوڵەتییەکان و پێکهاتە چەکدارییەکان لە نێو ململانێکانی سووریادا نییە"؛ جەختیشی کردەوە کە وڵاتەکەی پشتیوانی لە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا

راوێژکاری ئەڵمانیا پێیوایە حکومەتی ئێران لە "کۆتا رۆژەکانی تەمەنیدایە"

فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا رۆژی سێشەممە رایگەیاند، حکومەتی ئێران لە دوایین رۆژەکانی تەمەنیدایە، ئەوەش لەکاتێکدایە گوشارەکان لەسەر کۆماری ئیسلامی بەهۆی خۆپێشاندانەکانەوە زیاد بوون، کە دەگوترێت سەدان کەسیان تێدا کوژراوە.